ڕائیب جادر – هەولێر
خوێندنی کوردی لە شنگال بە دەست کێشەی کەمی مامۆستا و بینای قوتابخانەوە دەناڵێنێت، ٧٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە شنگال لەنێو ٢٤ بینا یان کەرەڤانەی تایبەت بە خوێندنی کوردی دەخوێنن، بینای ٥٠ قوتابخانەی دیکە وەکو بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، دەڵێت: لەنێو بیناکان میوانن و حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکارییەکمان ناکات.
بەپێی ساڵانی ڕابردوو، چاوەڕوان دەکرێت دەوامی قوتابخانەکان ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، لە کاتێکدا زانکۆ و پەیمانگەکان لە ١٩ی ئەیلوول دەست پێدەکەن. لە شنگال و ناوچەکانی دیکە، ئامادەکارییەکان و خولەکانی ڕاھێنان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ دەستیان پێکردووە، ڕێکخراوە پەروەردەییەکان لە شنگال خولی ڕاھێنانی فکری و زمانی کوردی بۆ مامۆستایانی سنوورەکەی کردووەتەوە، ئەو خولانەش تایبەتن بە خولی فێرکاری و بەرزکردنەوەی توانای مامۆستایان لە بەڕێوەبردن و پێداویستییەکانی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم پەرتووکەکانی بۆ چاپکردوون و ھیچ کێشەیەکیان نە لە شنگال و نە لە کەمپەکانی زاخۆ و سێمێل و شێخان لەو بوارەوە نییە و ئێستا بەرپرسانی پەروەردە سەرقاڵی دابەشکردنی پەرتووکی خوێندنن بەسەر قوتابخانەکاندا.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە ھەماھەنگی بووە بۆ ئەوەی کێشەکانی خەڵک و ئاوارەکانی شنگال چارە بکرێن و چیتر لە ئاوارەیی بەسەر نەبەن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، پرسی شنگال لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٠ چارەی بۆ دانراوە، بەڵام لەم کاتەوە بووەتە گەورەترین کێشەی چارەنەکراو و لەناو حکوومەتی عێراق گرووپ ھەن نایانەوێت ئەو کێشەیە چارە بکرێت. ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، بە چاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا ئیمزاکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکھاتووە، ڕێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال ھات، دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد، ڕێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکەیە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە، بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە.
بەھۆی بەردەوامیی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکەوە بۆ سەر زێدی خۆیان لە شنگال، ژمارەی قوتابییان لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. کێشەکە لەوەدایە کە بەشێک لە مامۆستا و قوتابییان گەڕاونەتەوە شنگال، لە کاتێکدا بەشێکی تریان ھێشتا لەناو کەمپەکاندا ماونەتەوە، ئەمەش جۆرێک لە نادادپەروەری و کورتھێنانی لە دابەشبوونی میلاکی مامۆستایاندا دروست کردووە. ئەم دۆخە پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونی لە قەزاکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە کردووەتەوە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی خێرا ھەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن زۆر کێشە و گرفت لە پێش خوێندنی کوردی لە شنگال ھەن، لە سنوورەکە نزیکەی ١٤ ھەزار قوتابی ھەن، ئەو قوتابییانە لەنێو ٧٠ قوتابخانە دەخوێنن، لەو ڕێژەیە تەنیا ٢٤ قوتابخانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شنگال خوێندنی کوردییە. مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال خوێندنی کوردی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە شنگال کێشە بۆ خوێندنی کوردی دروست دەکرێت، باشترین چارە ئەوەیە ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت زۆر لە کێشەکانی ئێمە چارە دەبن، ئیدارەی شارەکە دەگەڕێتەوە، گرووپە چەکدارەکان لە شنگال نامێنن، حکوومەتی ھەرێم زیاتر دەتوانێت خزمەتی شنگال و شنگالییەکان بکات، بەتایبەتی کەرتی پەروەردە، ئێمەش داوا دەکەین ھەرچی زووە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، ھەم خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە، ھەمیش ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی کەرتی پەروەردە بکەین.
ساڵ بە ساڵ ژمارەی قوتابییان لە شنگال زیاتر دەبێت، ئەوەش پێویستی بە زیادکردنی ڕێژەی مامۆستا و بینای قوتابخانەکان ھەیە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال خوێندنی کوردی، گوتیشی: میلاکمان زۆر کەمە، بینای قوتابخانە زۆر کەمن، ٧٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە شنگال لەنێو ٢٤ بینا یان کەرەڤانەی تایبەت بە خوێندنی کوردی دەخوێنن، بینای ٥٠ قوتابخانەی دیکە لەنێو بیناکان میوانن، ئەوەش کێشەیەکی زۆری بۆ ئێمە دروست کردووە و ناچارین ھەندێک قوتابخانە لێک بدەین، لە ھەمان کاتدا داوا دەکەین مامۆستای وانەبێژ بۆ ئێمە دابنرێن بۆ ئەوەی کێشەی کەمی مامۆستا چارە بکەین و لەو ڕووەوە کێشەمان نەبێت.
ھاوکارینەکردنی قوتابخانە کوردییەکان و گرنگیدان بە خوێندنی عەرەبی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، وایکردووە کوردانی ئێزدی زیاتر منداڵەکانیان بخەنەبەر خوێندنی عەرەبی. بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال خوێندنی کوردی، دەشڵێ: ھەندێک شت لە خوێندنی عەرەبی ھەن لە خوێندنی کوردی نین، حکوومەتی عێراق پشتی لە کەرتی پەروەردە کردووە، داوامان کردووە ھەندێک شت بۆ کەرتی پەروەردە بکرێن، بەڵام تا ئێستا ھیچ نەکراوە، داوامان کردووە ھەندێک بینای نوێ دروست بکرێن کە لە ھەندێک شوێن قوتابخانەکانمان سێ دەوامیە، بۆیە لەڕووی بینا زۆر کێشەمان ھەیە، چونکە زۆر لە قوتابخانەکانی ئێمە لە کاتی ھاتنی تیرۆریستانی داعش تەقێنرابوونەوە، ئەگەر ھەموو خەڵکی شنگال بگەرێنەوە کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە زیاتر دەبن، حکوومەتی عێراقیش تەنیا پشتگیری لە خوێندنی عەرەبی لە سنوورەکە دەکات.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال خوێندنی کوردی، ئاشکراشی کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر پشتگیری لە کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال دەکات، بۆیە ئەوەی لە توانای سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە بێت بۆ کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال کراوە.

