رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ ئیشوکارەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر دەکات

بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوونی ئیشوکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕووناک حەسەن، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و سەرۆک بەش و ئەندازیاران ئامادە بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئیشوکارەکانیان کرد و جەختی لە باشترکردنی کارەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان کردەوە لە هەموو ڕووێکەوە بەپێی یاسا و ڕێکارە کارگێڕییەکان.
هەروەها ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لە ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد لە بەرانبەر خزمەتکردن و ڕاییکردنی مامەڵە و ئیشوکاری هاووڵاتییان کە وەک فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سەردانیان دەکەن، هاوکات ئامادەیی هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەکی لەپێناو باشتر خزمەتکردنی شاری هەولێر و هاووڵاتییان دەربڕی.