ماكوان عیزەت -هەولێر
ڕشانەوە یەکێکە لە باوترین ئەو حاڵەتە تەندروستییانەی کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە لە تەمەنە جیاوازەکاندا. ئەم حاڵەتە زۆرهۆکارى هەیە و لە هەندێک دۆخدا پێویستی بە هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی خێرا هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە لێکەوتە و ماکە مەترسیدارەکان لەسەر جەستەی منداڵەکە بکرێت و هاوکات دڵەڕاوکێ و پەشۆکاویی خێزانەکەش بڕەوێنرێتەوە.
لەو بارەیەوە، د. کارزان کازم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان، وردەکاریی هۆکارەکان، نیشانە مەترسیدارەکان و شێوازەکانی چارەسەر ڕوون دەکاتەوە.
کەی ڕشانەوە بە مەترسیدار دادەنرێت و پێویست بە سەردانی بەپەلەی پزیشک دەکات؟
بە وتەی د. کارزان، ئەگەر ڕشانەوەکە ئەم نیشانانەی لەگەڵدا بوو، نابێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت:
1. بەردەوامی: ئەگەر ڕشانەوەکە چەندین جار دووبارە بووەوە و نەوەستا.
2. گۆڕانی ڕەنگ: ئەگەر ڕەنگی ڕشانەوەکە زەرد یان سەوز بوو (تێکەڵ بە زراو).
3. فڕێدانی بەهێز (Projectile): کاتێک منداڵەکە بە توندی و بۆ دوور یان لە لووتیەوە شلەکان فڕێ دەداتە دەرەوە.
4. تامخوێن (Hematemesis): دەرکەوتنی هەر شوێنەوارێکی خوێن لە ناو ڕشانەوەکەدا.
5. وشکبوونەوە و دابەزینی کێش: کەمبوونەوەی میز، وشکبوونی دەم و لێوەکان و دابەزینی کێشی منداڵەکە.
6. کەمبوونەوەی چالاکی: بێهێزی، خەواڵوویی و تێکچوونی جووڵە و هۆشیاریی منداڵەکە.
هۆکارە سەرەکییەکانی ڕشانەوە لە منداڵاندا
هۆکارەکان بۆ دوو بەشی سەرەکی دابەش دەبن:
یەکەم: هۆکارە هەناوی و گشتییەکان
• گەڕانەوەی سروشتیی شیری ساوا (Chalasia of Infancy): حاڵەتێکی باوی سەرەتای ژیانی منداڵە، کەمێک شیر دەهێنێتەوە بەڵام تەندروستی و گەشەی تێک نادات.
• کێشەکانی شیرپێدان: گونجاو نەبوونی جۆری شیر، پێدانی بڕێکی زۆر لە شیر، یان هەڵە لە شێوازی مژین و شیرپێداندا.
• گەڕانەوەی ترشەڵۆک (Reflux): بەهۆی خاوبوونەوە و تەواو پێنەگەیشتنی ماسولکەی دەرچەی سورێنچکەوە ڕوو دەدات.
• هەوکردنی گەدە و بوونی بەکتریا: تووشبوون بە ڤایرۆس یان بەکتریای گەدە و ژەهراویبوونی خۆراک.
• هەوکردنەکانی تر: هەوکردنی ڕێڕەوی میز، ڕیخۆڵەکان، گەروو، گوێی ناوەوە، یان هەوکردنی پەردەی مێشک (مێنێنجایتس).
• کێشەکانی میتابۆلیزم و تێکچوونی ڕژێنەکان.
دووەم: حاڵەتە نەشتەرگەرییە بەپەلەکان
• تەسکبوونەوەی دەرچەی گەدە (Pyloric Stenosis) .
• حاڵەتە لەناکاوەکانی ناو سک: وەک هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە، یان هەوکردن و تەقینی هەر ئەەندامێکی ناو سک.
• پێچخواردنی ڕیخۆڵە (Volvulus؛ التواء الأمعاء)
•چوونە ناو یەکی ڕیخۆڵەکان (Intussusception).
• فتقی گیرخواردوو یان خنکاو (Strangulated Hernia)
دەستنیشانکردن و ڕێکارەکانی چارەسەر
پزیشکی پسپۆڕ جەخت دەکاتەوە لەوەی کاتێک منداڵەکە نیشانە نائاساییەکانی تێدا دەرکەوت، پێویستە دەستبەجێ ئەم هەنگاوانە بگیرێنە بەر:
• پشکنینی کلینیکی: خستنەڕووی مێژووی دەستپێکردنی حاڵەتەکە بۆ پزیشک و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی.
• پشکنینی تاقیگەیی و تیشک: وەرگرتنی شیکاریی خوێن و میز لەگەڵ ئەنجامدانی تیشک یان سۆنەر ئەگەر پێویست بکات.
• خەواندن لە نەخۆشخانە: لە حاڵەتی وشکبوونەوە یان کتوپڕدا، پێویستە منداڵەکە لەژێر چاودێریدا بێت و لە ڕێگەی دەمارییەوە (کانیۆلا) شلە و خوێیە کانزاییەکانی بۆ قەرەبوو بکرێتەوە.
• دەستێوەردانی نەشتەرگەری: ئەگەر هۆکارەکە پەیوەست بێت بە گیران و کێشە نەشتەرگەرییەکانی ناو سک، پێویستە بەپەلە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام بدرێت.
ماک و لێکەوتە نەخوازراوەکان
پشتگوێخستنی ڕشانەوە لە منداڵاندا دەکرێت ئەم مەترسییانەی لێ بکەوێتەوە:
• وشکبوونەوەی توندی جەستە و تێکچوونی هاوسەنگیی خوێ و کانزاکانی لەش.
• دابەزینی کێش و پەککەوتنی گەشەی سروشتی ئەگەر حاڵەتەکە درێژە بکێشێت.
•دروستبوونی گەشکە بەهۆی تێکچوونی ئاستی خوێیەکان یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
• مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە، بەتایبەت لە حاڵەتە نەشتەرگەرییە کوتوپڕەکاندا ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێن.

