ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوای ئەوەی لە بەغدا هاندەرانی شورتە بەشێوەیەکی نـاوەرزشی پەلاماری هاندەرانی یانەی هەولێریان دا، دەیان هاندەری هەولێر زامدارکران، بەم هۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە وەرزشییەکان ئیدانەی ئەو کارەیان کرد و هۆشدارییان دایە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو پەلاماردانانە دابنێن و کەسانی سەرپێچیکاریش رووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
هاندەرانی شورتە بەرگەی ئەنجامەکەیان نەگرت
لە یاریی لوتکەی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی شورتە لەنێو جەرگەی بەغدا لە یاریگەی شەعب لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی هەولێری کوردانی کرد.
هەولێر ئەو یارییەی بەبێ چەندان ئەستێرەی کرد، دیارترینینان میۆلین ناتانی هێرشبەری بەرازیلی بوو کە بەهۆی پێکانەوە لەو یارییە ئامادە نەبوو، جگە لەوەش هومام تاریق، عەلا رەعد و حوسێن رائیدیش بەهۆکاری جیاواز نەیانتوانی هاوشانی هەولێر گەشتی بەغدا بکەن.
لەو یارییەدا هێڵی بەرگری هەولێر ئاستێکی مێژووییان پێشکەش کرد و بەتەواوەتی شورایەکیان لە دژی هێرشبەرانی شورتە دروست کرد.
موهەند عەلی ناسراو بە میمی هاوشانی فیدلیس کۆکۆ و حوسێن عەلی و لیۆنێل ئاتیپا هەوڵی زۆریاندا بەڵام نەیانتوانی بەربەستی یەکسانبوون و شورای پۆڵایینی هێڵی بەرگری هەولێر بشکێنن.
یارییەکە تاکۆتایی بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، ئەنجامەکە بۆ شورتە بە تامی شکست بوو، بەڵام بۆ هەولێرییەکان تامی سەرکەوتنی دەدا، بەم هۆیەوە هەولێر بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە سەرلیستی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق مایەوە.
لە دوای یارییەکە هاندەرانی شورتە رێگەیان لە هاندەرانی هەولێر گرت و زیاتر لە 30 هاندەری یانەکەیان بە سەختی زامدار کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ناوەندە وەرزشییەکانی عێراق، رایگەیاند ئەو کارە مەترسی و لێکەوتەی خراپی لێدەکرێت و بە توندی ئیدانەی دەکەین.
لە بەیاننامەیەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دا نووسراوە: بەداخەوە، دوای کۆتایی هاتنی یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری بەغدا، ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەی شورتە پەلاماری هاندەرانی یانەی هەولێریان دا، ئەم پەلامارە نەشیاوە بووە هۆی برینداربوونی چەندین هاندەر و زیانگەیاندن بە پاسەکانی گواستنەوەیان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە وەرزش پەیامی ئاشتی، تەبایی، ڕەوشتبەرزی و ڕێزگرتنی یەکترە، نەک توندوتیژی و هاندانی گیانی ڕەگەزپەرستی، کە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ پەیوەندییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان جەخت لەوە دەکاتەوە نابێت چیتر ڕێگە بدرێت بە دووبارەکردنەوەی ئەم ڕەفتارە قیزەونانە، چونکە ئەو رەفتارانە دەبێتە هۆی زیادبوونی گوتاری ڕق و کینە و گرژی، پێویستە وەرزش ببێتە مایەی بەهێزکردنی گیانی هاوبەشی، پێکەوەژیان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەشڵێت: هەموان شاهێدی ئەوەن هەرێمی کوردستان هەمیشە ماڵێکی ئارام و ناوەندێکی سەرەکی بوون بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی و چالاکییە وەرزشییەکان لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی لە سەرجەم یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکاندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە هەرێمەکەمان هەمیشە سەکۆی ئاشتی و پێشوازیکردن بووە لە وەرزشوانان و هاندەران بە بێ جیاوازی.
لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتی: لە سۆنگەی باوەڕمان بە سەروەریی یاسا بۆ پاراستنی گیانی هاندەران، یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی یانەکانمان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوانە، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدڕاڵی ڕێوشوێنی ئەمنیی و ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی گیانی یاریزانان و هاندەرانی یانەکانی هەرێمی کوردستان و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە، لەم پێناوەدا داواکارین لیژنەی ئینزیباتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی خولی ئەستێرەکان، یانەی سەرپێچیکار بێبەش بکات لە ئامادەبوونی جەماوەرەکەی لە یارییەکانی داهاتوودا.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دووپاتی دەکاتەوە کە پشتگیری تەواوی یانە کوردستانییەکان دەکات بەتایبەتی یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و نەورۆز.
یانەی زاخۆ پشتگیری هەولێر دەکات
یانەی زاخۆ لە بەیاننامەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر دووپات کردەوە و رایگەیاند ئیدانەی تووندی ئەو بێڕێزییە دەکەین کە بەرامبەر هاندەرانی هەولێر کراوە.
زاخۆ لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە گرەنتی سەلامەتی هاندەران بکرێت، چونکە هاندەران جوانی و روحی خولەکانی کوردستانن.
زاخۆ داوا دەکات گشت یانە بەشداربووەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەکو برا و یەک خێزان مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن و بەروحێکی وەرزشیش رکابەری یەکتر بکەن و خولەکە بەرەو پێش ببەن، چونکە خولەکان بە قبوڵکردنی ئەنجامەکان و رێزگرتن لەیەکتر پێش دەکەوێت.
هاندەرانی هەولێر سوپرایزیان دەبێت
لەبارەی یارییەکەی هەولێر لە دژی دیالا کە بڕیارە یارییەکە سبەی سێشەممە لە کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بکرێت. دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر بڕیاریاندا بە پاڵپشتیکردنی یانەکەیان بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە وەڵامی هاندەرانی شورتە و سەرجەم یانەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بدەنەوە.
دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر بەڵێنیان داوە ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەبەرچاو بگرن و خۆیان بپارێزن لە شەڕ و گرژی و روحی تۆڵەکردنەوە، بەپێچەوانەوە بڕیاریانداوە بە هاندانێکی سەردەمیانە هەموو عێراق سەرسام بکەن.
هەولێر دوای ئەوەی لە بەغدا گەڕایەوە، رۆژی شەممە یاریزانەکان پشوویان وەرگرت و ئێوارەی دوێنی یەکشەممە ئامادەکارییەکانی بە چڕی بۆ یاریی سبەی سێشەممە بەرامبەر دیالا دەستپێکرد و ئەمڕۆ ئێوارە دوایین راهێنانەکان بۆ یارییەکە دەکەن.
هەولێر ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە، لە لایەکی دیکەشەوە هەولێر لە کۆی پێنج یاری تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە، ئەمەش کەمترین رێژەی گۆڵلێکرانە لەسەر ئاستی سەرجەم خولەکە.

