ماكوان عیزەت -هەولێر
لە سەردەمی ئێستادا گرنگیدان بە جوانی و تەندروستیی قژ بووەتە یەکێک لە بایەخە سەرەکییەکانی گەنجان. لەگەڵ ئەوەشدا، بوونی تۆشکی سەر گرفتی بۆ بەشێکی زۆریان دروست کردووە؛ بەتایبەت کاتێک تۆشکەکە هەڵدەوەرێتە سەر جلوبەرگ و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی متمانەبەخۆبوون و ناڕەحەتیی دەروونی. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لەبارەی سروشتی تۆشک، هۆکارەکانی پەیدابوونی و پەیوەندیی بە هەڵوەرینی قژەوە دەکرێن، پزیشکانی پسپۆڕ لە ڕێگەی گۆڤاری «پزیشک مەگەزین»ەوە چەندین ڕوونکردنەوەی زانستی دەخەنە ڕوو.
تۆشک چییە و چۆن دروست دەبێت؟ پێستی سەر لە چینێک خانەی زیندوو پێکدێت کە بە شێوەیەکی بەردەوام نوێ دەبنەوە؛ خانە کۆنەکان دەمرن و لەناو دەچن و خانەی نوێ جێگەیان دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی تاڵەکانی قژ ڕێگری لە کەوتنی خێرای ئەم خانە مردووانە دەکەن، خانەکان وردە وردە لە شێوەی پارچەی بچووک بچووکدا کە پێیان دەوترێت “تۆشک” کۆدەبنەوە. ئەم پارچانە لەگەڵ ئارەقە و دەردراوی ڕژێنە چەورییەکاندا بەیەکەوە دەنووسێن، لەسەر قژ دەردەکەون، یان لە کاتی شانەکردندا بەسەر جلوبەرگ و سەرشاندا دەوەرێن.
ئایا تۆشک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە؟ نەخێر، تۆشک نەخۆشییەکی گوازراوە نییە. بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی وەک شانە یان سەرپۆشی کەسێک کە تۆشکی هەبێت نابێتە هۆی گواستنەوەی تۆشک بۆ کەسێکی تر (ئەگەرچی لە ڕوانگەی پاکوخاوێنیی گشتییەوە باشترە کەرەستەی کەسی هاوبەشی پێ نەکرێت).
هۆکاری دەرکەوتنی تۆشک لە هەندێک کەسدا چییە؟ دەرکەوتنی تۆشک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، تەنانەت لە یەک کەسیشدا بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت. ئەم جیاوازییە بۆ هۆرمۆنەکانی لەش و ئامادەیی جەستەیی هەندێک کەس بۆ دروستبوونی تۆشک دەگەڕێتەوە.
پەیوەندیی نێوان پێستی چەور و تۆشک پێستی چەور هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی تۆشک نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەیەکەوەنووسان و کۆبوونەوەی زیاتری خانە مردووەکان. چالاکیی ڕژێنەکان و هۆرمۆنەکان هۆکارن بۆ نوێبوونەوەی خانەکان. زۆر کەس هەن کە پێستی دەموچاویان چەور نییە بەڵام تۆشکی سەریان هەیە؛ کەواتە چەوری تەنیا هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ دەرکەوتنی تۆشک، نەک هۆکاری بنەڕەتی.
ئایا تۆشک دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ؟ تۆشک بە تەنیا و ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک نەخۆشیی پێست هەن کە هاوکات هەم تۆشک و هەم هەڵوەرینی موو دروست دەکەن. زۆرجار ئەو قژەی لەگەڵ تۆشکدا دەوەرێت، لە ئەنجامی خووراندنی بەهێز و ڕاکێشانی تاڵەکانی قژەوەیە.
ئاگاداری بۆ دایکوباوکان: منداڵ پێش تەمەنی باڵغبوون نابێت تۆشکی هەبێت. ئەگەر تۆشک لە قژی منداڵدا بەدی کرا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بکرێت، چونکە ڕەنگە نیشانەی نەخۆشییەکی پێست بێت (وەک کەڕوو یان هەوکردن).
ڕێگاکانی چارەسەر و خۆپاراستن
• سیستەمی خۆراکی تەندروست: پێدانی ڤیتامینەکانی (A و B) و تەواوکەری خۆراکی لەژێر ڕێنمایی پزیشک، کەمکردنەوەی خۆراکی زۆر چەور، و چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرس.
• شۆردنی بەردەوامی سەر: پاکوخاوێنیی سەر بە ئاو و سابوون یان شامپۆ، چەوریی زیادە و تۆشکە کەڵەکەبووەکان لادەبات.
• بەکارهێنانی شامپۆی گونجاو: شامپۆ خاوێنکەرەوەی پێویستی تێدایە بۆ شۆردنی قژ و پاراستنی پێستی سەر لە کۆبوونەوەی تۆشک.
• خواردنەوەی ئاو: خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و شلەمەنی بۆ پاراستنی شێداری و تەندروستیی پێست.

