سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە جیهان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی، هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید بارزانی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە خوالێخۆشبوو کەسایەتییەکی ناسراو بووە بە تەقوا و کاری چاکە.
پڕۆفیسۆر د. عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە جیهان، بروسکەیەکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی (شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی).
لە پەیامەکەدا هاتووە: بە دڵێکی پڕ لە باوەڕ بە قەزا و قەدەری خودای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید بارزانیمان پێگەیشت، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی فەخامەتتان و بنەماڵەی بەڕێزی سەرۆک بارزانی و کەسوکار و دۆستانی کۆچکردوو دەکەین.
د. عەلی قەرەداغی لە بروسکەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە شێخ عەبدولواحید بارزانی کەسایەتییەکی ئیماندار و خوداپەرست بووە و بە چاکەکاری ناسرابوو، هەروەها خاوەن پێگەیەکی بەرز و رێزێکی زۆر بووە لەناو کۆمەڵگەکەیدا.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە جیهان، نزا و پارانەوەی بۆ کۆچکردوو کردووە کە خودای گەورە بە رەحمەتی خۆی شادی بکات و بەهەشت بکاتە مەنزڵگەی، هەروەها سەبووری و ئارامی بە بنەماڵەی بارزانی ببەخشێت.

