وەزارەتی ناوخۆ: ھەولێر ئارامە و ھەر بەئارامی دەمێنێتەوە 

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشەکەی سەر ھەولێر ڕایگەیاند، ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە شەرمەزار دەکەین، ھاووڵاتییانی خۆشەویستی پایتەخت و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەولێر ئارامە وهەر بەئارامی دەمێنێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شەوی 13/12-3-2022 دوای کاتژمێر  1ی بەرەبەیانى ،12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق, لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە وخانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە وتەنیا هاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە و هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەخوازین.

ڕاشیگەیاند: دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆلینەوەکان کردووە و دواتر ڕای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتێکدا ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە شەرمەزار دەکەین، ھاووڵاتییانی خۆشەویستی پایتەخت و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەولێر ئارامە و هەر بەئارامی دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر