ڕائیب جادر – هەولێر
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی فەتوایەکی نوێی دەرکردووە و تیادا ھاتووە بەکارھێنانی دەرمانی کیمیایی لەلایەن ھەر جووتیارێکەوە بە مەبەستی پێگەیاندنی خێرا، یان گەورەکردن و جوانکردنی ڕەنگ و قەبارەی بەروبوومەکە چ میوە بێت، یان سەوزە حەرامە و بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەروبووم و داھاتەکەشی بە حەرام دادەنرێت. جووتیاران و خاوەن عەلوەکانیش دەڵێن، ئەم فەتوایە زۆر باشە و خزمەتیان دەکات، چونکە چی دیکە ڕێگە بە جووتیاران نادات ساختەکاری لە بەروبوومەکانیاندا بکەن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوشانی پڕۆژە ستراتیجییەکان، گرنگییەکی زۆری بە بووژاندنەوەی کشتوکاڵ و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی داوە، لەو چوارچێوەیەدا گەشەی وەبەرھێنانی کشتوکاڵیی لە %١.٨ بۆ %١٠ زیاد کردووە.
ھاوکات بەھۆی ئاسانکارییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ خاوەنکاران، زیاتر لە ١١ ھەزار و ١٠٠ کۆمپانیا مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و دامەزراون و ١,٢٥٧ کارگەی نوێ کراونەتەوە، کە بوونەتە ھۆی بووژاندنەوە، پاراستن و زیادکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی و پیشەسازیی ناوخۆیی.
ھەروەھا لە ئەنجامی پشتیوانیی کابینەی نۆیەم بۆ جووتیاران، بە دروستکردنی ٣٠ ھەزار خانووی پلاستیکی و ٣١٩ کۆگای ساردکەرەوە، بەرھەمی ناوخۆیی بووژایەوە، بۆ یەکەمجاریش بە دەیان ھەزار تۆن بەرھەمی جووتیارانی کوردستان، ھەناردەی دەرەوەی وڵات کرا.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی شەرعی لەبارەی بەکارھێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ ڕەنگکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەرکرد و ڕایگەیاند ئەم کارە بەشەرع حەرامە و قەدەغەیە.
ئەنجوومەنی فەتوا، ڕوونیکردەوە، ڕەنگکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەچێتە خانەی غەش، فێڵکردن و خواردنی ماڵی خەڵک بە بەتاڵ، چونکە دەبێتە ھۆی شاردنەوەی کواڵێتی نزمی بەرھەمەکە و فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر لە نرخەکەی خۆی. جەختیشی کردەوە، ئەم ماددانە زیانی توندی تەندروستییان بۆ ھاووڵاتییان ھەیە و ڕەنگە ببنە ھۆی تووشبوونی بەکاربەران بە نەخۆشییە کوشندەکان.
لەکۆتاییدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوای لە جووتیاران کرد بۆ دەستکەوتنی قازانجێکی کەم و کاتی، پەنا بۆ کاری حەرام نەبەن، ھاوکات داواشی لە حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگری لەم دیاردەیە بگرن و سزای یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.
ھەر جووتیارێک کارێکی ناڕەوا لە کارەکەی خۆیدا بکات، بەرھەمەکەی بە داھاتەوە حەرام دەبێت، ئەوەش بۆ زیاتر تەندروستی ھاووڵاتییانە، جووتیاران، دەڵێن، ئەو فەتوایە بۆ ئێمە شتێکی زۆر باشە و ڕێگری لە ساختەکاری دەکات، لە ھەمان کاتدا دەبێت ئێمەی جووتیاران شتی وا بەکاربھێنین کە لەڕووی تەندروستییەوە دروستە، نەک ساختەکاری لە کاری خۆماندا بکەین، کە ھەم ماڵی خۆمان حەرام بکەین، ھەمیش زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەمڕۆ بەرھەمی باش و خراپ تێکەڵ بە یەکدی بووە و کەس نازانێت بەرووبوومی کام جووتیار باشە، کامیش خراپە، ئەو جووتیارەی بەرھەمەکەی خراپە بازاڕی ئەو جووتیارەی بەرھەمەکەی باشە، خراپ کردووە.
فەتوایەکە زیاتر لە ھاووڵاتییان و کڕیاران خزمەتی جووتیاران دەکات، چونکە ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەرھەمەکان نەکرێت، چی دیکە جووتیار ناچار نابێت کاتێک بەرھەمەکانیان دەخاتە بازاڕەوە سوێند لەسەر فرۆشتنیان بخوات.
لە ماوەکانی ڕابردوو زۆرجار جووتیار بۆ زوو پێگەیاندن، یان گەورەکردن و جوانکردنی ڕەنگ و قەبارەی بەرھەمەکانیان دەرمانی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە، زیانی ئەوان بۆ تەندروستی مرۆڤ و نەمانی باوەڕی لەسەر بەرھەمەکان لە بازاڕ زۆر بووە.
ئەندازیار فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، دەربارەی ئەو فەتوایە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، ئەو فەتوایە شتێکی زۆر باش بوو و زیاتر پشتگیری لە لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون دەکات، جووتیاریش زیاتر خۆی دەپارێزێت لە بەکارھێنانی دەرمانی کیمیایی کە قەدەغە کراون، ئەوەش بۆ تەندروستی مرۆڤ گرنگە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە بەروبوومی جووتیاران دەدات، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەرھەمی ناوخۆ گەیشتووتە ئاستێکی زۆر باش، ساڵ بە ساڵیش زیاتر گرنگی بە بەرھەمی خۆماڵ دەدرێت، چاککردنی ڕێگەوبانی گوندەکان ھۆکارێکی باش بووە بۆ گەیاندنی بەروبوومی جووتیاران بە شارەکان، کە تەنیا لە ئاکرێ ڕێگەی دەیان گوند و ئاوایی چاککراوە، ئەوەش ھۆکار بووە کە زیاتر ھاووڵاتییان ڕوو لە گوند و ئاواییەکانیان بکەنەوە و گرنگی بە بەرھەمی کشتوکاڵی بدەن، ئەوەی دیکە پەیداکردنی بازاڕە حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵێکی ھەرە گەورەی ھەبووە بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران، بەرھەمی جووتیاران بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق ھەتا بۆ وڵاتانی دیکە ھەناردە دەکرێت، لێرەشدا جووتیارانی ئێمە سوودمەندن، بۆیە ھەموو ئەوانە ھۆکارن کە جووتیار زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدات.

