رۆژنامەی ھەولێر

ئەكتەرێكی تورك پشتگیریی لە ئاشتی دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

فوسون دەمیڕاڵ، ئەكتەری ناوداری توركیا، لە دیمانەیەكدا هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەكات و دەڵێت ئیدی پێویستە رێگە بدرێت لە توركیا كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت.

دەمیڕاڵ، لەو دیمانەیەدا كە لەگەڵ ئاژانسی (ANF) كردوویەتی، پێیوایە ئاشتی تەنیا ئەوە نییە چەكەكان بێدەنگ بن، نەخێر دەبێت كۆمەڵگە ئاشت بكرێتەوە و ئەو ناكۆكییەی دروست بووە نەهێڵدرێت و هەروەها دەبێت هونەرمەندان و لێكۆڵەرانیش رۆڵی گەورەیان لەو پڕۆسەیە هەبێت و گرنگی پێ بدەن.
زیاتر دەڵێت: ”هەنگاوی سیاسی و بێدەنگكردنی چەكەكان زۆر بەبایەخە، بەڵام ئەمە بەتەنیا سەركەوتوو نابێت، دەبێت ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرهەم بێت و ئازادی تاك گرنگی پێ بدرێت. وەكوو دایكێكی تورك، هەست بەئازاری دایكێكی كورد دەكەم، بۆیە دەبێت دایكانی كورد و تورك لەباوەش بكرێن، ئەوانەی رۆڵەكانیان لە شەڕدا لەدەست داوە، ئەوكات ئاشتی كۆمەڵایەتی دێتە بوون.“
لەبەشێكی تری قسەكانیدا، داوا دەكات كورد وەكوو نەتەوە بەفەرمی بناسێنرێت و هەروەها زمانی دایكیش گرنگی پێ بدرێت و ئیدی كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت. دەمیڕاڵ، باس لە گروپی بەناوبانگی موزیكی (كۆما ئامەد) دەكات، بەوەی ئاشتی راستەقینە ئەوەیە، ئەو گروپە لە كەرەدەنیزیش كۆنسێرت بكەن و لە ئیستانبۆڵیش كۆنسێرت بكەن، نەك تەنیا لە ئامەد.
لەبارەی رۆڵی ئافرەت لەو پڕۆسەیە بۆچوونێكی جیاوازی هەیە و پێیوایە دوای هەموو شەڕ و روخانێكی جدی، ئەوەی وا دەكات كۆمەڵگە بونیاد بنرێتەوە ئافرەتە، بۆیە دەبێت ئافرەت ئازاد بێت و رێگەی بدەن رۆڵی خۆی بگێڕێت و بۆ لەمەودوا روون دەبێتەوە چۆن گرنگی بەئافرەت دەدرێت و چۆن رێز لە فكری ئافرەت دەگیرێت.
فوسون دەمیڕاڵ، وەكوو ئەكتەرێكی بەناوبانگی توركیا، بەردەوام باسی لە دۆزی كورد كردووە، بەردەوام گرنگی بە دۆزی كورد داوە و بەرگری لە مافی كورد كردووە، بۆ ئەمەشیان باجی زۆر قورس و گەورەی داوە.
چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”ئامادەم رۆڵی دایكی گەریلایەك ببینم و لەوەدا هیچ كێشەیەكم نییە“
لەسەر ئەم گوتەیە، رەخنەی زۆری لێگیرا و وەكوو ئەندامی پەكەكە، یان پروپاگندەكردن بۆ پەكەكە تۆمەتبار كرا و راپێچی دادگاش كرا، بەڵام سزای زیندانی بەسەردا نەسەپێنرا.
دەمیڕاڵ، لەلایەن كۆمەڵگەی توركیا و كەرتی دراما و سینەمای ئەو وڵاتە، سزایەكی زۆر قورس درا و بایكۆتیان كرد، بەوەی لە هیچ فیلمێكی سینەمایی و زنجیرەدرامادا رۆڵیان پێی نەدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دووچاری قەیرانی دارایی ببێتەوە، چونكە بژێوی ژیانی لەسەر هونەر بوو، بۆیە بەهۆی ئەو گوتەیەوە، قورسترین سزای ئابووریاندا، بەڵام ئەو سڵی نەكردووە و لە هیچ شوێنێكیدا نەیگوت پەشیمان لەو لێدوانەی كە داومە.