ڕائیب جادر – هەولێر
ھەنگوینە دژە ئۆکسانەکەی کوردستان ئەمساڵ بەھۆی باران و لەوەڕگەی باشی ناوچە شاخاوییەکانەوە، ڕێژەیەکی بەرز بەرھەم ھاتووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ خۆی دەگەیەنێتە ٦٠٠ تۆن.
بەھاری ئەمساڵ تەواوی کوردستانی بووژاندەوە و دەشت و شاخ و کێوەکانی کردە لەوەڕگەیەکی باش بۆ ھەنگ، بەبۆچوونی ھەنگەوانان ساڵێکی نموونەیی بوو.
وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن ھەنگوینی ئەمساڵی کوردستان کە باشترین ھەنگوینی دنیایە بگاتە ٦٠٠ تۆن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کوالێتی ھەنگوینی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە و ھەنگاو بۆ بازاڕکردن و ھەناردەکردنی دەنێرێت.
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە سنووری ھەولێر، ناوچەکانی چۆمان، باڵەکایەتی، سیدەکان، ڕواندز، لە سلێمانی: پێنجوێن، ماوەت، قەرەداخ و شارباژێڕ، لە دھۆک: ئامێدی، دینارتە و زاخۆ باشترین ناوچەی کوردستانن بۆ بەرھەمھێنانی ھەنگوین.
بەپێی توێژینەوەکان، ھەنگوینی ناوچە دەشتاییەکانی کوردستان بەھۆی گوڵی “دڕکە زەردە”ـەوە کە لە مانگەگانی شەش و حەوتدا پێدەگات، ھەنگوینێکی تایبەتە و ھیچی کەمتر نییە لە ھەنگوینی ناوچە کوێستانییەکان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە ڕێژەی ھەنگەوانانی کوردستان بەرز دەبێتەوە، ئێستا ھەزار و ٣٠٠ ھەنگەوان بە فەرمی لە وەزارەتی کشتوکاڵ تۆمار کراون کە خاوەنی نزیکەی ٥٠٠ ھەزار پوورە ھەنگن.
بەپێی توێژینەوەی نوێی زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر سەلمێنراوە، ھەنگوینی کوردستان پێکھاتەیەکی دەوڵەمەندی دژە ئۆکسان و دژە بەکتریای ھەیە و ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە بەھێزکردنی بەرگریی جەستە.

