رۆژنامەی ھەولێر

تا ساڵی٢٠٣٠ بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دەگەیەنرێتە دە ملیۆن بەرمیل

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەناردەی نەوتی عێراق بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە سەدا شەستی ئەو نەوتەی بەر لە داخرانی هورمز هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا. بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت بە واتای بەرزبوونەوەی داهات و باشتربوونی دۆخی ئابووری و مووچە بۆ مانگەکانی داهاتوو دێت.

بەپێی دواین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل و چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی هەناردەکردنەکە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول بگاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل و لە کۆتایی مانگی داهاتووشدا بگاتەوە ئەو ئاستەی پێشی داخرانی هورمز هەناردە دەکرا.
ئێستا عێراق هەناردەی نەوتەکەی لە هورمز زیاد کردووە وئەمەش دوو هۆکاری لە پشتە یەکەم هۆکار ئەوەیە بۆ عێراق چ ڕێڕەوی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی نەوت و چ ڕێڕەوی ئێران بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق کێشەی نییە و بەدەر لەمە ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر کە ترسی هێرشی مووشەکی و درۆنییان نییە نەوتی کەنداو بۆ دەرەوەی هورمز دەگوازنەوە و حکوومەتی عێراق لە بەندەری عومانەوە نەوتەکەی بە بازاڕ دەکات.
هاوکات عێراق داشکانی بۆ نەوتەکەی کردووە و ژمارەیەک کۆمپانیا ئامادەن بە نرخی کەمتر نەوتی عێراق بکڕنەوە. جگە لە باشووری عێراق کە هەناردەی نەوت زیادی کردووە لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەمهێنانی نەوت زیادی کردووە.
ماوەی ڕابردوو بەهۆی مەترسیی هێرشی درۆنیی گرووپە میلیشیاکان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت و لە پێناو سەلامەتیی کرێکارەکانیان بەرهەمهێنانیان وەستاند بەڵام ئێستا سەرجەمیان گەڕاونەتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەريمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە دووسەد و بیست هەزار بەرمیل نەوت و کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە کوردستان و دەستیان بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە و لە داهاتوودا بەرهەمەکە زیاتریش دەکەن.
بەرزبووەنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەريمی کوردستان لە قازانجی عێراقە چونکە داهاتە فیدراڵییەکان بەرز دەبنەوە و دەبنە هۆی پڕکردنەوەی کورتهێنانی داهات کە ماوەی چەند مانگێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە.
حکوومەتی عێراق پێویستییەکی زۆری بە پارە هەیە چونکە لە ماوەی لانی کەم پێنج مانگی ڕابردوو بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران هانای بۆ یەدەگی دراوەکەی بردووە و لانی کەم سی ملیار دۆلاری لێ کەم کردووەتەوە.
رۆژی سێشەمەش عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگەیاند و گوتی تا ساڵی ٢٠٣٠ دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ زیاتر لە دە ملیۆن بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
عێراق لە باشترین دۆخدا لە سەرەتای ئەمساڵدا چوار ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە کە سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد و نزیکەی ملیۆنێک بەرمیلی بۆ پێویستییەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنا. ئەو هەناردەیە لە ٢٨ی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد وەستا و لە هەندێک ڕۆژدا هەناردەی نەوتی عێراق تەنانەت بۆ خوار دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیل کەمی کرد.
زەیدی داوای لە وەزارەتی نەوت کردووە ئامادەکاری بکات بۆ پێکهێنانی کۆنفرانسێکی گەورەی نەوت و بانگهێشتی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا بکرێت.
ئەگەر هیچ کێشەیەکی سیاسی و تەناهی نەیەتە کایەوە دۆخەکە سەقامگیر بێت و هەناردەی نەوت بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە بەرز ببێتەوە، کاریگەریی زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی داهات و گەشەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.