دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی میرنیشینی عەرەبی یەکگرتوو، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بووە جێی بایەخی میدیای ئەو وڵاتە و ڕۆژانەمەکانی ئیمارات بە گرنگییەوە باسیان لە سەردانەکە کرد. رۆژنامەی “زە ناشیۆناڵ” وەک رۆژنامەیەکی پێشەنگی ئینگلیزی زمان، بە وێنەیەکی گەورەی هەرسێ سەرکردە لە لاپەڕەی یەکەمدا نووسیویەتی “سەرکردەکان پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکەن”، و ئاماژەی بە بەشداریکردنی بەرپرسانی دیکەی ئیماراتی لەوانە شێخ حەمدان بن زاید لە دیدارەکەدا کردووە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) لە ساڵانی رابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەردەوام سەرکردەکانی هەردوولا جەخت لە فراوانکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی دەکەنەوە بۆ کارکردن لە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان.
سەرجەم رۆژنامە فەرمی و بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا (ئەلئیتیحاد، ئەلبەیان، الخلیج، ئەلوەتەن و زە ناشیۆناڵی ئینگلیزی) لاپەڕەی یەکەم و مانشێتی سەرەکییان تەرخان کرد بۆ رووماڵکردنی دیدارەکە.
ئەوان لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا، جەختیان لە چەندین تەوەر کردووەتەوە، زۆربەی رۆژنامەکان (وەک الاتحاد و الخليج) لە مانشێتی سەرەکیدا نووسیویانە: “سەرۆکی دەوڵەت و مەسرور بارزانی: چەسپاندنی هۆکارەکانی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
رۆژنامەی (البيان و الوطن) تیشکیان خستووەتە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان ئیمارات و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە ئامانجی پێشخستنی هاوکارییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بکات.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتی رۆژنامەکاندا باس لەوە کراوە کە هەردوولا هیوایان خواستووە ئەم جۆرە دیدارانە ببنە هۆی بەدیهێنانی ئاواتی گەلان بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر.
بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمی کۆبوونەوەی نێوان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیماراتیان کرد و پێویستیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەیان دووپات کردەوە.
هەروەها جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

