عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەر لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە، تاکو ئەمڕۆ “وێنە” وەک بابەتێکی شیکاریی دەروونی و هۆشیاری مەعریفی لە مێژووی فەلسەفە و هونەردا قسەی زۆری لێكراوە. لەو فەیلەسوف و سینەماكارانەی كە بونیادی پڕۆژەی فەلسەفەی میدیا، ڕەخنەیی سینەمایی لەسەر وێنە داڕشتۆتەوە (ژان بۆدریار) و (ژان-لوک گۆدار)ە.
(1)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” لەلایەن زانا و فیزیاکاری فەرەنسی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) تۆمارکراوە و بە یەکەمین فۆتۆگرافیی مێژوویی دادەنرێت. ئەو وێنەیە، دیمەنی سەربانی باڵاخانەكانی دەوروبەری ماڵەکەی “نیێپس” لە سێن-ئێت-مارن نیشان دەدات. لە دیمەنەكەدا ڕۆناکیی خۆر لە هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باڵەخانەكاندا و دواتر سێبەریان كردووە، چونكە ماوەی گرتنی وێنەکە (8) کاتژمێری خایاندووە، بۆیە وەكـ جۆرێک لە “کەڵەکەبوونی کات” لەناو گرتەیەکی فۆتۆگرافیدا بەرجەستە دەبێت. ئەگەر لەگەڵ “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” بەراورد بكەین، كە (ڤالتەر بنیامین) لە وتاری “كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” قسەی لێكردووە؛ ئەوە دەتوانین بڵێین “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” واقیعێكی بێلایەن نیشان دەدات و زێتر جەخت لەسەر وردەکارییەکانی ژینگەی فیزیکی دەکاتەوە. بەڵام لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دیواری کۆن، کەرپوچی شکاو و ڕێگای بەردڕێژکراو… ئاماژە بە خولانەوەی مێژوو دەكات؛ ڕزینی دیوارەکان و كاڵبوونەوەی ڕەنگەکان، جۆرە جوانییەكـ دەخوڵقێنێ کە پێی دەگوترێت “جوانیی شوێنەوارەکانی کات”؛ بەو مانایە کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی کارە هونەرییەکە و”ڕووبەرێكی کراوە بۆ خەیاڵ”. واتە لە تۆمارکردنێکی ڕووتی تەکنیکییەوە یان “کەڵەکەبوونی کات”ەوە دەپەڕێتەوە بۆ “ڕووبەرێكی کراوەی خەیاڵ”ی قووڵی ڕەوتی هونەرییەوە.
بێگومان وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) لەڕووی مێژووییەوە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەڵام ڕۆناکیی خۆر و پاشان سێبەركردن، تێپەڕبوونی ژینگەی فیزیکی کات و بۆشایی دەنوێنێ؛ واتە وێنەكە مامەڵە لەگەڵ “ئێستا” و ماوەی “8 سەعات” دەکات و توانای دابڕانی “لێرە”دا نییە. كەچی لە وێنەی دووەمدا چۆڵیی کۆڵانەکە و نەبوونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و بێدەنگییەکە ناکاتە تێپەڕبوونی کات و بۆشایی، بەڵكو کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی دیمەنەكە: کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک—دەبنە بەڵگەی بوونی پێشووتری مرۆڤ، ئەم دۆخە “وەرگر-بینەر” تووشی جۆرێک لە پرسیارکردن دەربارەی ئەو کەسانەی پێشتر لەوێدا ژیاون، دەکات.
وێنەی یەكەمیان چەقی پەرەسەندنی تەکنیکی فۆتۆگرافیی نیشان دەدات. وێنەی دووەمیان ڕەوتی پەرەسەندنی فۆتۆگرافیی دەنوێنێ. هەردوو دیمەنەكە ڕەھەندی مێژوویی و لایەنی فەلسەفیی تەكنیكـ و هونەر دیاری دەكەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا دەشێ (تەكنیكـ و هونەر) وەكـ جیاوازی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک تەماشا بكەین؟!.
(2)
پرسی مەعریفە و چۆنیەتیی گەیشتنی مرۆڤ بە زانست، هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەكییەكانی مێژووی فەلسەفە و دەروونناسیی مەعریفی. لە بنەڕەتدا، ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ “بوون” لەسەر دوو پایەی جیاواز و تێكهەڵكێشراو وەستاوە: یەكەمیان، تێگەیشتنی هەستیی کە ڕاستەوخۆ بە جیهانی ماددی و هەستەوە دەمانبەستێتەوە. دووەمیان، بیری ئەبستراک کە توانای داهێنانی چەمک، داڕشتننی مانا، و تێپەڕاندنی واقیعی هەیە. لەنێوان ئەم دوو ئاستەدا، جیاوازییەکی مەعریفیی قووڵ لە مێژووی تەکنیکی و ڕەوتی ھونەرییدا بەدی دەكرێت، بەو مانایەی كە ڕەھەندی “تەکنیک” وەكـ ئامرازی بەرهەمهێنانی ڕێکوپێک و دووبارەبووەوە دەبینرێت و ڕەھەندی “هونەری” وەكـ کایەی داهێنان، دەربڕینی ڕۆحی و ئیستاتیکی تەماشا دەكرێت.
لێرەدا مێژووی تەکنیکی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” یەکەمین دەروازەی چوونە ژوورەوەی مرۆڤە بۆ ناو جیهانی وێنە!. ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات کە “ئێستا” و “لێرە”دا بۆ ماوەی هەشت سەعات ئامادەیە؛ ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە ڕاستەوخۆ لەڕێگای هەستەکانەوە (بینین، بیستن، بەرکەوتن، تامکردن، و بۆنکردن) تێگەیشتنێک تۆمار دەکات و خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو تێگەیشتنە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دیاریکراو و تاكەکەسییە؛ بۆ نموونە، بینینی ڕۆناكی و پاشان سێبەر لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”، كۆی زانیارییەکانی لە سنوورێكی دیاریکراودا دەمێنێتەوە؛ واتە کێشەكەی لەوەدایە كە مێژووی تەكنیكی “مێژووی ئامراز و ڕێگاکان” توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ تەكنیكی مێژوویی “ئامراز و ڕێگاکانی خوێندنەوەی مێژوو”دا نییە.
بەڵام بیری ئەبستراک وەک پەڕینەوەیەک لە شتەکانەوە بۆ چەمکەکان لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دەبینرێت، واتە ڤالتەر بنیامین تەنها قسەی لە نیشاندانی دیمەنی کۆڵانێکی کۆن و بێدەنگ نەكردووە. بەڵکو دەست دەکات بە خوێندنەوە و بەراوردکردن، و پەیوەستکردنی نیشانەکان بە ئامادەیی نادیار و “نەبوونی مرۆڤ”ەوە؛ لەوێشەوە پێی وایە ئەزموونی هونەری چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات) بگرێت. ئەو ئاستە لە بیرکردنەوە مەودایەکی بێسنوور دەبەخشێتە مرۆڤ تاکو لە سەرووی شوێن و کاتەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکەکاندا بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو کایە مەعریفییە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی و تەواوکارییە، نەک دژایەتی. “تەکنیک” وەڵام دەداتەوە و کێشە چارەسەر دەکات؛ بەڵام “هونەر” پرسیار دەخوڵقێنێت و واقیع دەپشکنێت.
كەواتە تێگەیشتنی هەستیی (تەكنیكـ) بێ چەمکە ئەبستراکەکان کوێرە، چونکە توانای ڕێکخستنی زانیارییەکانی نییە؛ چەمکە ئەبستراکەکان (هونەر)یش بێ تێگەیشتنی هەستیی بەتاڵە، چونکە پەیوەندییان بە واقیعەوە دەپچڕێت. لێرەوە جیاوازیی مەعریفی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک لەوەدایە کە هەست، مرۆڤ لەگەڵ کاتی ئێستا و ماددەدا دەبەستێتەوە، لەکاتێکدا بیری ئەبستراک، ئازادیی مانا دەنەخشێنێت.
(3)
واقیعی وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) بێ قووڵاییە و ماوەی (8 سەعات) درێژبۆتەوە، واقیعێكی فیزیكی پۆشیووە و بەشێوەیەكی گشتی دەكەوێتە ناوەندناسییە. بەڵام وێنەكەی (ڤالتەر بنیامین) واقیعێكی پرسئامێزی بنەڕەتیی شێوەڕێژ کردووە، واقیعێکی ئاماژەیی بەرهەمهێناوە. شوێنەواری ئۆنتۆلۆژی کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک— لە فكر و هۆشیاریی وەرگر-بینەردا بەجێی دەهێڵێت.
بە گشتی وێنە پێکهاتەیەکە بۆ تەماشاكردن، کاتێک شوێن دەگرێتە خۆی و لە کات دەپەڕێتەوە؛ بەوەش لەڕێگای هاوشێوەسازییەوە تەواوی بوون بە وردەکارییەکانییەوە ئاشکرا دەکات. بۆیە دیمەن بەخشراوێکی تەمومژاوی نییە، بەڵکو لە یەک کاتدا هەڵگری ڕاستگۆیی و ئەزموونە و دەربڕینەکانی لە پرسیاری جۆراوجۆردا ڕەنگ دەدەنەوە؛ بەو مانایەش دالی هونەری ئاماژەیە بۆ زیاتر لە دەلالەتێكـ.
وێنە دەتوانێت لە واقیعدا ڕەگ داكوتێ و ڕوونتر لە ڕووداو و باوەڕپێکراوتر بەرجەستە بێت. پەیامێک بێت بۆ مەجازی ڕەوانبێژی و ڕەمزییەت. بەمجۆرە ناتوانرێت جیاوازی لەنێوان میدیۆلۆژی “تەكنیكـ” و ئۆنتۆلۆژیای “هونەری”دا بکرێت، چونکە تێکئاڵاون. كەواتە لە ئەنجامدا دەکرێت هاوشێوەسازی واقیع بە ڕەمزە جێگر و شاراوەکان تێربکرێت- وەكـ لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”دا هاتووە؛ چونکە سروشتی هاوشێوەسازی (ماوەی 8 سەعات) بەرهەمدەهێنێت کە پشتیوانی لە ڕۆناكی و داهاتنی سێبەردا دەکات. هاوکات خەسڵەتی گواستنەوەی نەریتی هونەری لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” تەنها لە بواری (ناوەندناسی- میدیۆلۆژی) و ئۆنتۆلۆژیدا نییە، بەڵکو لە چەسپاندنی جیاوازی و تایبەندمەندیی نائامادەیی مرۆییەوە خۆی دەشارێتەوە. ڕەخنەکردنی ئەو بیرۆکەیەیە، کە وێنە وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی واقیع دەبینێت، گوزارشت لە دووبارە داهێنان و خوێندنەوە و داڕشتنەوە دەکات.
(4)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” جیاوازە لە وێنەی “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” چونکە ئەوەی دواییان هەڵگری ڕامان و بیرکردنەوە و بەدواداچوونە، تەنها لەسەر ژینگەی فیزیکی نەوەستاوە. بەمجۆرە هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی واقیعی مرۆیی، دەبێت لە خاڵێکی ئۆنتۆلۆژییەوە دەست پێبکات کە خودی (ڕامان و بیركردنەوە و ڕەخنە)یە، نەک لە خاڵی ناوەندناسی تێپەڕبوونی کات و بۆشایی (ڕۆناکیی خۆر و سێبەركردن).
ئایا ئەمڕۆ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا (لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ وێنە)دا چ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەخوڵقێنێت؟ تەکنەلۆژیای هاوچەرخی وێنە، بە تایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، پێگەی ئۆنتۆلۆژیی وێنەی لە ئامرازێکی نیشاندانی واقیعەوە بۆ چالاکی داهێنانی هایپەر-واقیع گۆڕیوە. ئەو وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە ئالەنگارییەکی مۆڕاڵیی قووڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە: کاتێک لە وێنەدا سنوری نێوان ڕاستی و درۆ، ئەسڵ و کۆپی، و بەڵگە و وەهم… نامێنێ!. بۆ بەدواداچوونی ئەم قەیرانە مۆڕاڵییە، تیۆرییەکانی ژان بۆدریار لە فەلسەفەی میدیا و پرۆژەی سینەمایی و ڕەخنەیی ژان-لوک گۆدار دوو پانتایی فکریی جەوهەریمان بۆ دەسازێنن.
(5)
(ژان بۆدریار) جەخت لەسەر چەمکی “سیمیولاکرا” و “هایپەر-واقیع” دەکاتەوە. بەڵام لەوێدا ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکان تەنها لە “ساختەكردن”ی وێنەدا کورت نابنەوە، بەڵکو لەوەدا کورت دەبنەوە کە وێنەی تەکنەلۆژی چیتر نوێنەرایەتیی واقیع ناکات، شوێنی واقیع دەگرێتەوە. بە بڕوای بۆدریار لە پرۆسەی هاوشێوەسازی و لاساییكردنەوەدا، وێنە چوار قۆناغ تێدەپەڕێنێت: لە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەوە دەست پێدەکات، تاکو دەگاتە قۆناغی چوارەم کە تێیدا وێنە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نامێنێت و لەخۆیدا دەبێتە سیمیولاکرا. بەمجۆرە “پاشەکشەی ڕاستی” وەكـ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەردەكەوێت؛ مرۆڤی هاوچەرخ چیتر لە واقیعدا ناژی، بەڵکو لە ناو تۆڕێکی وەهمی لە نیشانە و ئاماژە دەستکردەکاندا دەژیت کە بەردەوام تەکنەلۆژیا بەرهەمیان دێنێتەوە. بەو مانایەش بەرپرسیارێتیی مۆڕاڵی لە بەرامبەر ئەو هایپەر-واقیعە هیچ مانایەكی نامێنێ، چونکە ڕووداوەکان تەنها دەبنە دیمەنێکی میدیایی و بێدەنگکردنی جەوهەر.
(5)
دەرهێنەر (ژان-لوک گۆدار) لەڕێگای سینەما و فكرەی دژە-سیناریۆوە، ئاماژە بە دەسەڵاتی وێنەی میدیایی و پیشەسازیی هۆڵیود وەک ئامرازی “ئایدۆلۆژی و دەستبەسەرداگرتنی هۆشیاری” دەکات. لای گۆدار، دەستکاریی تەکنەلۆژیی وێنە و مۆنتاژكردنی بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە (تێکدانی کەرامەتی کەسی و ژیانی تایبەتی)، جۆرێکە لە توندوتیژیی “بینین” بەرامبەر وەرگر-بینەر. بەو مانایەش دەستکارییە تەکنەلۆژییەكان، وێنەی مۆنتاژکراو و بازرگانی بەسەر وەرگر-بینەردا دەسەپێنن تاکو ڕێگا لە بەدواداچوون و بیركردنەوە و ڕامانی ڕەخنەگرانە بگرن. كەواتە ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکە لای گۆدار لە ونبوونی “دیالێکتیکی بینین”دا چڕ دەبێتەوە. گۆدار پرسیارێكی مۆڕاڵی دەكات و دەڵێ: “ئایا ئێمە سەیرکەری وێنەین، یان وێنە کۆنتڕۆڵکەری ئەقڵمانە؟”.
بەمجۆرە لە فیلمی “ماڵئاوا لە زمان”دا ژان-لوک گۆدار تەنها تاقیکردنەوەیەکی سینەمایی بەجێ ناهێنێ، بەڵکو هەڵوێستێكی جەوهەریی بەرامبەر ئەو توندوتیژییە هێماییە دەنوێنێ کە وێنەی هاوچەرخ بەسەر هۆشیاریی مرۆڤدا دەیسەپێنێت. گۆدار لەم فیلمەدا پەیوەندیی دەسەڵاتخوازانەی “دال” و “مەدلول” هەڵدەوەشێنێتەوە. لە فیلمەكەدا دەنگەکان، وشە ڕەخنەییەکان و مۆسیقا بە شێوازێکی پچڕپچڕ و ناڕێک دەکەونە سەر دیمەنەکان. بەسەرهاتێکی دیاریکراو لە سەرەتاوە تا کۆتایی ناگێڕێتەوە. لەبری ئەوە، فیلمەکە وەک کۆلاجێکی بینایی “بصری” و فکری، یان وتارێکی فەلسەفیی سینەمایی لەسەر زمان، وێنە، پەیوەندییەکان، و تەکنەلۆژیا دارێژتووە. واتە زمان چیتر ئامرازی بەیانکردنی وێنە نییە، وێنەش چیتر ڕوونکەرەوەی زمان نییە. بەو مانایەش بینەر-وەرگر چیتر ناتوانێت دەقەکە بە ئاسانی بخوێنێتەوە، چونکە نیشانەکان لە سەرچاوەكانی خۆیان دابڕاون. لەم خاڵەدا فیلمەکە پرۆسەی “ماڵئاواکردن لە زمان” جێ بەجێ دەكات؛ نەک تەنها زمانی ئاخاوتن، بەڵکو زمانی دەستەمۆکراوی سینەماش کە چەمکەکان بەسەر بیركردنەوەدا دەیسەپێنن. لە چارەسەری ئەو ئاپۆڕایەی نیشانە و داڕمانی زماندا، گۆدار فێنۆمێنۆلۆژیای سەگێک دەخاتە نێوان پەیوەندی ژنێکی هاوسەردار و پیاوێکی سینگڵ كە بە ڕێکەوت یەکتر دەبینن و یەكتریان خۆشدەوێ و مشتومڕی فکری دەکەن، شەڕ دەکەن، و لە کۆتاییدا لە یەکتر جودا دەبنەوە. دواتر ئەم هێڵە داڕێژراوە جارێکی تر لەگەڵ جەستە و ئەکتەری تردا هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە… ئەو سەگە ناوی “میێڤیل” و دەبێتە کارەکتەری ناوەندی فیلمەکە. گۆدار دەیەوێ بڵێ ئەو سەگە نوێنەرایەتیی جیهانێک دەکات کە هێشتا بە حوکمی دەستەواژەکان، نیشانە ئایدۆلۆژییەکان چوارچێوەڕێژی و زمانپۆشی بۆ نەكراوە. سەگەکە لە دەرەوەی گرتە و لە دەرەوەی ئاماژە دەستکردەکاندا لە دەوروبەری ڕووبارێکدا دەگەڕێت و چاودێریی سروشت و جیهان دەکات. ئامادەییی ئەو، هێمایە بۆ ئەگەری بوونی بینینێک کە بەرپەرچی کۆنتڕۆڵی سیمیۆتیکی و تەکنەلۆژی دەداتەوە.
بەمجۆرە پرۆژەی “ماڵئاوا بۆ زمان” ڕاگەیاندنی شکست هێنانی وێنەی هاوچەرخە لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، و ڕاگەیاندنی ئاگادارییەکی مۆڕاڵییە بەرامبەر دەسەڵاتی نیشانە دەستکردەکان. گۆدار لەڕێگای داتاشینی زمانی سینەمایی تایبەت بەخۆیەوە، داوامان لێ دەکات لەجیاتی ئەوەی بینەرێکی بێ ئاگای ناو هایپەر-واقیع بين، چاودێرێكی ڕادیکاڵیانە بین و كردەی بینین لە هەڵوێستێکی فەلسەفی، مۆڕاڵی و ڕەخنەییدا تەتەڵە بكەین. گۆدار پێمان دەڵێت بۆ گەیشتنەوە بە ڕاستی و پاکیی بینین، دەبێت ماڵئاوا لە زمانە چەسپاوەکان و فۆرمە تەقلیدییەکانی سینەما بكەین.
هەولێر 29/8/2026

