رۆژنامەی ھەولێر

لە نێوان پاراستنی شكۆی خانەنیش و كرانەوەی ڕێگە بۆ گەنجاندا

بەکر کەریم حەسەن*
(سوكرات) گەورەفەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ “زێڕی ڕاستەقینەی تەمەن، ئەو حیكمەتەیە كە لە دوای ڕەنجدان بەدەستی دەهێنێت، نەك ئەو سەروەتەی بە زەلیلی كۆی دەكەیتەوە”.
كاتێك تەمەنی وەزیفی دەگاتە وێستگەی كۆتایی، مرۆڤ بەرامبەر قۆناغێكی نوێی ژیان دەستەوەستان ناوەستێت، بەڵكو دەچێتە ناو وەرزێك لە دروێنەكردنی بەرهەمی ساڵانی ڕەنج و ماندووبوونی. خانەنیشی بە مانای پەككەوتەیی و بێكارداکەوتن یان پەراوێزكەوتنی كۆمەڵایەتی نایەت. بەڵكو دەستپێكی حەسانەوەیەكی شایستە و بەخشینی حیكەمەتە بە خێزان و كۆمەڵگە.
كەچی بە داخەوە ئەوڕۆ لە ڕەوتی كارگێڕی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیدا دیاردە ناپەسندەکەی چاولێكەری دەبینین؛ داواكاری بەردەوام و خۆبچووككردنەوە و زەلیلی بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەت بە تایبەت لەلایەن پلە تایبەت و پلەدار و ئەوانەی بەرپرسیاریەتیەكیان هەیە. یانیش یەكسەر پەڕینەوە و پاڕانەوە بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت یان هەر دامەزراوەیەكی تری پەروەردەیی تایبەت، ئەوە جگە لەوەی بارێكی قورسە لەسەر شانی ئەوانی تر، خۆبچووككردنەوەیە و بە مەرجی سەخت و مووچەی كەم هەیبەت و شكۆی ساڵانی خزمەت دەشكێنێت و تەندروستیە جەستەیی و دەروونیەکەی خۆی تێك دەدات.
تێپەڕاندنی تەمەنی یاسایی و داواكردنی درێژكردنەوەی خزمەت، یانیش بەو تەمەنەوە بازدان بۆ كەرتی تایبەت زیانێكی گەورە لە جەستەی دامەزراوەكان و كۆمەڵگە دەدات. مرۆڤێك كە تەواوی تەمەنی بە پۆست و پلەی شكۆداردا بەڕێ كردووە، شایستەی ئەوە نییە لە بەرامبەر وەربەرهێنەرێكی گەنجی كەمئەزموون خۆی بچووك بكاتەوە یان بپاڕێتەوە بۆ دەستكەوتنی دەرفەتی جۆراوجۆر. ئەو ڕەفتارە نەك هەر شكاندنی شكۆ و سەنگینی و بەهای ئەزموونی خۆیەتی، بەڵكو لەمپەڕ و ئاستەنگێكی گەورەش لە پێش توانای گەنجاندا دروست دەكات.
ئەو دیاردەیە جگە لەوەی زیانۆکە و دەرفەت لە پێش گەنجان دادەبڕێنێ و داگیركردنی پۆستەكان و مانەوە لە بازاڕی كارە و خنكاندنی خەون و توانای ئەو گەنجە ئومێدەوارانەیە كە بە زانست و توانا و بڕوانامەی نوێوە دەیانەوێت خزمەتی نیشتمان بكەن و داهاتووی خۆیان بنیاد بنێن. لە هەمان كاتدا زیان گەیاندنە بە شیرازەی خێزان، چونكە خۆت و ماڵ و خێزان و خانەوادە لەو قۆناغەدا زیاتر لە هەر كاتێكدا پێویستیان بە بوون و ئامادەیی و حیكمەت و سۆزی خانەنیشینان هەیە، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو هەموو ساڵانەی كە سەرقاڵی وەزیفە لێی دابڕاندوون.
پێویستە لەو قۆناغەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەسییەكان و خێزانی بەهێزتر و بە پێزتر بكەین و نەوەكان پەروەردە بكەین و كات تەرخان بكەین بۆ حەز و خولیا كەسییەكان و خودا پەرستی زیاتر و خوێندنەوە و نووسین و وەرزش و گەڕان.
پێویستە تێگەیشتنمان بۆ خانەنیشی بگۆڕین، خانەنیشبوون شكۆمەندییە سەربەرزییە، قەناعەت و مافە، قۆناغی حەسانەوە و ئاسوودەییە و قۆناغی چێژ وەرگرتنە لە ئارامی و هێوری. نەك بێكاری و ڕاكەڕاك بەدوای كار و هیلاكی كە هی خانەنیشان نییە، خانەنیشی ڕێزگرتنە لە سپێتی قژ و پاراستنی كەسایەتی و سەنگینی و ئەزموونی ڕابردوو كە هەردەم جێگای شانازییە. لە هەمان كاتیشدا بەجێهێشتن و چۆڵكردنی مەیدانە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان بۆ گەنجان و نەوەی ئایندە.
ئەوەش گەورەترین دیاریی دانایی و دڵسۆزی و دەستپاكی دەبێت بۆ پاشە ڕۆژی كۆمەڵگە.

* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی