رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بەرەو پەروەردە (٧) هەر قوتابییەک چیرۆکێکی لە پشتەوەیە

خەرمان کەمال
پۆل هەموو جۆرە قوتابییەکی لێیە؛ یەکێک زۆر قسە دەکات، یەکێکی تر بێدەنگە، یەکێک بە خێرایی وەڵام دەداتەوە و یەکێکی تر پێویستی بە کاتێکی زیاتر هەیە. یەکێک نمرەی بەرز دەهێنێت و یەکێکی تر لەوانەیە لە هەندێک وانەدا سەرکەوتنێکی کەمتر پیشان بدات.
بەڵام پێش ئەم جیاوازییە دەکرێت چیرۆکێک هەبێت؛ چیرۆکی ژیان، خەون، توانایی، ترس و ئەزموونی هەر قوتابییەک. بۆیە نابێت قوتابی تەنها بەوەی لەبەر چاومانە هەڵبسەنگێنین، پێویستە مامۆستا پێش ئەوەی حوکم بدات، هەوڵی تێگەیشتن بدات.
کاتێک قوتابی تەنها بە نمرەکەی دەبینین، تەنها بەشێک لە وێنەکەمان بینیوە. پەروەردەی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە هەوڵ بدەین مرۆڤی پشت ئەو نمرەیە ببینین.

مامۆستا دەتوانێت دەستپێکی چیرۆکێک بێت
هەندێک جار ڕستەیەکی سادەی مامۆستا دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی قوتابی دابنێ؛ دووبارە هەوڵ بدە، هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
ئەم وشانە لەوانەیە بۆ مامۆستا تەنها چەند وشە بن، بەڵام بۆ قوتابییەک دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی جارێکی تر هەڵبستێتەوە و هەوڵ بدات. لەبەر ئەوە، مامۆستا نابێت تەنها سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە قوتابی چی دەزانێت؛ پێویستە سەرنجی بدات بەوەی چی دەتوانێت ببێت.
ئەمەش واتای ئەوە نییە کە هەموو ڕەفتارێک بەبێ ڕێنمایی و هەموو هەڵەیەک بەبێ ڕاستکردنەوە جێ بهێڵرێت؛ بەڵکو واتای ئەوەیە لەگەڵ ڕێنمایی و هەڵسەنگاندن، ڕێز لە کەسایەتی و جیاوازییەکانی قوتابی بگیرێت.

پەروەردە، تێگەیشتنە پێش حوکمدان
کاتێک مامۆستا دەزانێت هەر قوتابییەک کەسایەتی و توانای جیاوازی هەیە، پۆل دەبێتە شوێنێک بۆ فێربوون، نەک تەنها شوێنێک بۆ وەرگرتنی نمرە. قوتابی کاتێک هەست دەکات مامۆستا گوێی لێیە، ڕێزی دەگرێت و تواناکانی دەبینێت، بە متمانەی زیاتر بەشداری دەکات، پرسیار دەکات و لە هەڵەکردن ناترسێت.
لە کۆتاییدا، ئەرکی پەروەردە تەنها پڕکردنەوەی مێشکی قوتابی لە زانیاری نییە؛ بەڵکو ناسین و پەرەپێدانی ئەو مرۆڤەیە کە لە پشت ئەو زانیارییەوە دەردەکەوێت. چونکە هەر قوتابییەک تەنها ناوێک لە لیستی قوتابیان نییە؛ هەر یەکێکیان چیرۆکێکە، و مامۆستای زیرەک ئەوەیە کە پێش نووسینی حوکم لەسەر ئەو چیرۆکە، هەوڵ بدات بیخوێنێتەوە.