عومەر چنگیانی
گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان بیرهێنانەوەی بەشی دووەمی لێكدانەوەمانە بۆ سوورەتی “ن والقلم” كە كاتی خۆی لە لاپەڕە ٩ـی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە ٢٥٣٥ سێشەممە ٢٤ـی كانوونی دووەمی ٢٠١٧ـدا بڵاو كراوەتەوە، بە مانا نۆ ساڵ و چەند مانگێك لەمەوبەر، كە ئەوەی لە دووتوێیدا گوتوومە دووبارەی دەكەمەوە و بڕوابوونم بەوەی كە دەیڵێم و دەینووسم و مكوڕبوونم لەسەر باوەڕی خۆم بەڵگەنەویستە.
(دەكرێ مانای ئایەتی دووەم، وێڕای بەدوورگرتنی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، لەوەی كە شێت بێ و دەسی لێ وەشابێ، ماناكەیشی ئاوا لێك بدرێتەوە؛ “لە میهرەبانی و نیعمەت و بەخششی خوای گەورەوەیە كە تۆ شێت نیت، لە خوا بەزیاد بێت تۆ شێت نیت.” پاشان پێی دەفەرمێت: (مزگێنی بێت لە تۆ كە پاداشتێكت بۆ هەیە كە هەرگیز ناپچڕێتەوە و كۆتایی بۆ نییە). وشەی “ممنون” واتە: پچڕاوە و كەموكورت و كوێر، جا پاداشتەكەی بۆ تۆ هەیە، وا نییە. خەڵك بڕوای پێ بهێنن، یان نا، پاداشتی ئەو لێی كەم نابێتەوە. پاداشتێكە نازی بەچاودانەوەی هیچ كەسی تێدا نییە بۆت، بڕوادار بن یان نا. كەس بۆی نییە ناز بكات بەسەرتدا و، بڵێ بەهۆی بڕواهێنانمەوە پێت تۆ پاداشتت پێ بڕاوە!
ئەوە بەخششی خوایە و لە میهرەبانییەكانی ئەوە و بەس.
كێ ناز دەكا؟
بەخششەكە هی خوایە، بەخشێنەرەكەیش هەرخوایە.
پاشان لە چوارهەم ئایەتی سوورەتەكەدا بەوە پێناسەی دەكا و وا پێیدا هەڵدەڵێ: “بە ڕاستی ڕەوشتەکەت بەرز و عالە”؛ بێن با كەمێك بەدیار ئەم پێداهەڵگوتنەی خواوە هەڵوەستە بكەین، خوا بۆ خۆی محەمەد پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێی ئافراندووە و بۆ خۆیشی بەم شێوە پێیدا هەڵدەڵێت، كە لە هیچ یەك لە ماناكانی ئەم ئایەتەدا ئەوە ناگەیێنێ كە سروودبێژ و دەفژەن و شایەر و چاوەش و مەولوودخوێنەكان لە سنووری بەندایەتی دەری دەكەن و سیفەتی خوایەتیی پێ دەبەخشن و هانا و هاواری بۆ دەبەن و بە ناوی عیرفانی عیرفانییەوە خەڵك دەگەوجێنن و ئەو عیرفانە جوانەیش لەكەدار دەكەن و لە ژێر ئەو ناوەدا دەیانەوێ خەڵك بكەنەوە بە كوێلەی گۆڕپەرستی و پچووككردنەوەیان بە دیار ئاوی نوشتەخواردنەوە و خسن و مەزارانەوە؛ ئەمە وەسف و پێداگوتن نییە ئەوە لە بەندایەتی دەركردنیەتی، بێن با لە خزمەت ئایەتەكەدا كەمێك دەرسی ڕاستەقینەی عیرفانی وەربگرین. عیرفان لە نەخوێندەوار و نەشارەزا لە زانستەكانی قورئان و فەرموودە و فیقهوئوسوڵی فیقهی ئیسلامی و عەقیدە، وەرناگیرێت، خواناسی دڵداری و ئەشقبازی نییە، خواناسی گوێڕایەڵی و ملكەچكردنە بۆ فەرمان. دەكرێ مانای ئایەتەكە لەپێشدا ئەوە بێت واتە بەڕاستی تۆ لەسەر ئایینێكی بەرزی! چونكە وشەی “خولوق” لە نێو قورئاندا بە مانای ئایین هاتووە. سەیری سەدوبیستوسێهەمین ئایەت تا سەدوچلەمین ئایەتی سوورەتی “الشعرا” بكەن كە خوا داستانی “عاد”مان بۆ دەگێڕێتەوە كە بەوە دەست پێ دەكات كە دەفەرمێت: “عاد سەرجەم پێغەمبەرانیان بەدرۆ خستەوە و بەدرۆیان زانین * بیر لەو كاتە بكەنەوە كە هوودی برایان پێی گوتن. ئەرێ ئێوە شەرم ناكەن و ناترسن لە خوا؟ * بە ڕاستی من پێغمبەری خاوەن پەیامی دیارم بۆ ئێوە هاتووم * دەی لە خوا بترسن و خۆتان لە تووڕەیی ئەو بپارێزن و گوێڕایەڵی فەرمان و داواكانی من ببن * من لە سەر ئەم بانگەوازەم كە دەیكەم داوای هیچ پاداشتێكتان لێ ناكەم، پاداشتی من لای پەروەرینی هەموو جیهانە * ئەرێ ئێوە بۆ هەر كوێیەكتان دەست كەوت نیشانەیەكی دەسەڵات و توانا و بوونی خۆتانی تێدا بەجێ دێڵن و دەكەونە گەمە كردن و بەڕەڵاكردنی نەفستان و گوێ نادەن بە هیچ ئامۆژگارییەك؟ * كارگە و پیشەسازی و كارخانەكەكانتان بەو هیوا دروست دەكەن و پێك دێنن سا بەڵكو بەهۆیانەوە بۆ هەمیشە بژین و نەمرن؟ * هەرگا كەوتنە تۆڵەسەندن و دەسەڵات نواندنیش وەك خاوەن هێزی ستەمكاری لە هەق نەپرس ڕەفتار دەكەن * دە لەخوا بترسن و ملكەچی فەرمانەكانی ئەو ببن * لەو خوایە بترسن و پەرستنی بۆ بكەن كە ئەو هەموو توانایەی پێ بەخشیون و فریاتان كەوتووە، ئەوشتانەی پێداون كە بۆخۆتان دەیزانن و هەستی پێ دەكەن و دەیبینن * فریای ئێوە كەوتووە و مەڕو ماڵات و منداڵی زۆری پێ بەخشیون * باغ و جۆگاو بار و چاوگی زۆری ئاوی پێ بەخشیون * من لە سزای ڕۆژێكی سەخت و گەورە دەترسم كە تووشی ئێوە بێت * _ بەدوای ئەم هەموو بیرهێنانەوە و ئامۆجیارییە كە دەمیان كردەوە _ * گوتیان. یەكسانە لای ئێمە ئامۆژگاریمان بكەیت یان یەكێك نەبیت لە ئامۆژگاریكاران * چونكە ئەمەی تۆ دەیڵێیت وەك ئایینەكانی پێش خۆت وایە و دەیڵێیتەوە _ تێبینی بكەن وشەی “خولوق” لێرەدا واتە ئاینگەل _ چی دەڵێی بیڵێ، ئێمە لەوانە نین كە تۆ وادەزانی سزا دەدرێن و ئێمە لەوان نین! * بەم شێوە پێغەمبەرەكەیان بەدرۆ خستەوە و ئێمەیش لەناومان بردن، بەڕاستی ئەمە لە نیشانەكانی خوای گەورەیە و زۆربەیان بڕوادار نەبوون * بەڕاستی پەروەرینی تۆ هەرئەو بەتەنێ خاوەنی دەسەڵاتە و هاوكات میهرەبانی بێ هاوتا و بێ وێنەیە.”
سەیركەن دوای ئەوهەموو باسی دەسەڵات و باسی سەرپێچییەی لادەرەكان وا چاوەڕوان دەكرا كۆتایی كۆپلە ئایەتەكە بە باسی خەشم و تووڕەیی خوایی بێنێ، بە ڵام ئاشنامان دەكاتەوە بە میهرەبانی بێسنووری خۆی!
وەك گوتمان “خولوق” بەمانا ئایین بێت، واتە تۆ بەڕاستی لەسەر ئایینێكی گەورەیت كە مەبەستی ئایینی ئیسلامە و وەك وەك لە سەرەتای نۆزدەهەمین ئایەتی سوورەتی “ئالی عیمران”دا دەفەرمێت: “بەڕاستی ئایینی هەڵبژێردراوی خوا ئیسلامە” و لە هەشتاوپێنجەمین ئایەتی هەمان سوورەتی “ئال عیمران”ـیشدا دەفەرمێت: “هەركەس بەدەر لە ئایینی ئیسلام ئایینێكی تر هەڵببژێرێ هەرگیزاوهەرگیز لێی وەرناگیرێت.” وەك ئەوە دەگەیەنێت كە بە ڕاستی تۆ لەسەر ئایینێكی گەورەی، ئەوەیش دەگەیێنێت كە تۆ لەسەر ئایینێكی، كە ئایینی خوایەكی گەورەیە. وەكچۆن مانای ئەوەیشە كە بەڕاستی تۆ لەسەر كۆمەڵێك ئەدەب و ڕەوشتی بەرزی.پێناسەی وشەی “خولوق” لە زمانی عەرەبیدا واتە هەموو ئەوشتانەی كە مرۆڤ پێیانەوە بەند دەبێ و خۆیی لێ ڕادەهێنێت و بۆ خۆیی دەكاتە خووی نەبڕواە. جا ئەوشتانە كردەوەی زۆر نایاب و باش “مكارم” و كرداری باش “ئەفعال” و هەڵسوكەوت “ئاداب”ـی باش و جوان و نەریت و خوو “عادات”ـی باش بێت.
ئەوەی كە بەشی ئادابەكەیەتی، پێی دەگوترێت “خولوق”.
بۆ؟
چونكە وابەستەبوونی تاكەكە پێیانەوە بە شێوەیەك دەبێت، وەك بڵێی كەسەكە وا ئافرێندراوە! ئەو خوو و ڕەوشتە پەسەندانە وەك ئەندامەكانی لاشەیان لێ دێت.
كەوابوو باسكردنی خوا لێی كە لەسەر “خولوق”ـی گەورەیە، واتە مەكارمی ئەخلاقی هەیە، وەكچۆن خۆی باس لەخۆی دەكات و دەڵێ:
“من بۆ ئەوە هاتووم كە خوو و ڕەوشتە پەسەندەكان تەواو بكەم.”
بەخشش، لێبوردەیی، ئەمەكداری، راستگۆیی، دەم و دەست و چاو و دڵ و ڕۆح و دەروون و دامەنپاكی و لەو بابەتانە؛ هەربۆیە كە لەبارەی ئەوەوە لە دایكە ئایشەیان پرسی _ ڕەزای خوای لێ بێت _ فەرمووی:
“خولقی، قورئان بوو.”
دروود و سڵاوی خوای گەورە و میهرەبان لەسەر خۆی و خانەوادە و یار و یاوەرانی بێت.

