رۆژنامەی ھەولێر

لە گڕی کەلارەوە تا قوبەی ئاسمان!

خوسرەو جاف
من گەرمیانیم، لەوێڕا یەکەمین ئاییم لە زار هاتە دەرێ. سەیرەکە لەوەدایە هەشتا ساڵ و حەوت مانگ و بیست ڕۆژە ئایە، ئەمڕۆ ئایە، پەیڤم ئایە، واژەم ماڵوێرانە، ماڵ و ئاژەم دەپرسێ چیم؟ من گەرمیانیم، هەر لەوێڕا پام گرت، ئەلف و با فێرکرام، لە ڕۆژگارێکی تفتوتاڵ لە چوار دیواری خشتی کالا نرامە بەرخوێندن، ساڵێک و دوو حەوت، سەردەمانێک نەخۆشکەوتم و بیمار شار بەشار گێڕامیان، هەر بەهۆی نەخۆشییەوە ساڵێک سەرنەکەوتم و کەوتم، بۆیە شەشم بوو بە حەوت.
ئەگەرچی گەرمیان گەرمە و ئاش هەمان ئاشە. ئەوەی باشە، ئێستا ئەوە کارەبایە، سپلیتە، پانکەیە، چەندان جۆر هەواو و بایە.
ئەڵڵا! گەرمیان یەشتا ئەو گڕە و گەرمایه، خشتی گڵێنمی سوورکردەوە بونیاتی عەقڵ و ژیریم بۆنەهات و بێ تەکبیریم هەر لەوێڕا چارەم کردووە. ئاوابێ “کەلار”، ئەی یەکەمین جێی چاوهەڵهێنانم، ئەی یەکەمین هەوارگە و بنچینەی وژدانم، هەر لەوێڕا سواری باڵی ئاواتەکانم بووم، بێ پشتوپەنا سنوورە داخراوەکانم هاڕییە سەر یەکا بێ پاڕانەوە و زەبوونی تکا سووربووم لەسەرکەوتن، بوومە هاوەڵی نەسرەوتن، تا دەست لە قوبەی شینی ئاسمان گیرکەم، ئەوی تفتوتاڵی و بۆنەهاتە لەبیرکەم، وڵات وڵات سنوورشێل بم، زمانی فەرهەنگی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو فێربم.
ئاوابێ گەرمیان
من یەکێکم لە ڕۆڵەکانت، بە زۆر بزنەڕێدا چوومە، هەنگاوەکانی ژیان فێربوومە، گۆمی خوێن دەڵێی تیابوومە، بۆ یەکەمین جار لە شەڕی ژاڵەدا پەنجەم لە خوێنی دوژمن نا، ئێمەی ئەوسا و ئێستای بێ پشتوپەنا، دوای هەشتا ساڵ
ئێستا سەردەمی یۆرانیومە دەڵێن باشە، وەڵڵا وەبیللا ئاش هەمان ئاشە!
ئاوابێ گەرمیان!
کوڕە وەرە بمکوژە، دوو هەزار و پێنج سەت ساڵە ئێمە قوفڵین، کلیلەکەمان گوم کردووە، تکایە مەیخە مل خەڵک، ڕەفتاری من و تۆ و ئەوان، ناونیشانی هەڵەمان داوەتە خەڵک، عەقڵ و هۆش و وجوودمان دزراوە، ئەوەی بەکەڵکە یان پاشێلە یان لای گێلەخەڵکە.
ئەی کەلاری پایتەختی گەرمیان توخوا مەڕۆ ساتێک گوێم لێ بگرە، من یەکێکم لە نەوەکانت، بەپێوەری جیهانی ڕۆشنبیری، بە گوێرەی کورسیی ناو زانکۆکان، یان ئاستی بەرزی دونیای ژیری کوڕە گەرمیانییەکی وەک من لەو زانکۆیانەیدا گوڵچن بوومە… ئێستا لەم پیری و بێ تەکبیریەمدا، تا بە ئەمڕۆ 140 کتاوێ جۆراوجۆرم نووسیوە، “دائرة المعارف” 25 بەرگە، بۆ خۆم دکتۆرام هەیە لە تەلارسازیدا، چوار دکتۆرای فەخری زانکۆ ناسراوەکانی جیهانیشم پێدراوە، وەک: زانکۆی کامبریج، زانکۆی ئەکادیمی ئەمریکی، زانکۆی ئەمریکی، زانکۆی کوردستان، تا بە ئەمڕۆ لە کوردستانی گەورەدا، کام کورد ئەوانەی بەدەست هێناوە؟
جا هەق نییە بڵێم: ئاوابێ گەرمیان، سەرفرازبێ کوردستان..