رۆژنامەی ھەولێر

کورتەفیلمی “چاوەڕوان” بەرەو فێستیڤاڵە جیهانییەکان

عەبدولغەفار عەبدوڵا – هه‌‌ولێر

کورتەفیلمی “چاوەڕوان”، لە دەرهێنان و مۆنتاژی توانا عەلییە و باس لە کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤێک دەکات، بەرهەمهێنرا و بەرەو فێستیڤاڵە جیهانییەکانی تایبەت بە مۆبایل دەنێردرێت.
توانا عەلی، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە گوتی: کورتەفیلمی “چاوەڕوان”، خۆم کاری دەرهێنان و مۆنتاژم بۆی کردووە؛ ئەم فیلمە بە شێوەیەکی سادە و بە بەکارهێنانی مۆبایل لە دەریاچەی دوکان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و لە چوارچێوەی درامای دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەستی چاوەڕوانیی مرۆڤێک بۆ کەسێکی خۆشەویست دەگێڕێتەوە.
گوتیشی: لە فیلمەکەدا تەنیا یەک ئەکتەر رۆڵ دەگێڕێت و کەسایەتییەکە لە چاوەڕوانیی کەسێکی دیکەدایە، بەڵام روون ناکرێتەوە ئەو کەسە کێیە یان کچە یان کوڕە. ئەم نەبوونی ئاماژەیە بە هۆکارە و من هەوڵم داوە بینەر خۆی چیرۆکەکە بخوێنێتەوە و لە مانای ئەو چاوەڕوانییە بیر بکاتەوە.

توانا عەلی زیاتر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: فیلمەکە بە شێوازی ریل کاری وێنەگرتنی

بۆ کراوە و هەست و نیگەرانیی کارەکتەرەکەش نەک بە دەربڕینی رووی، بەڵکو بە جووڵەی دەست و سەر، چاوەڕوانی، گوێگرتن لە هێدفۆن، چوونە سەر مۆنیتۆر و دانیشتن دەردەخات.
دەرهێنەری کورتەفیلمەکە ئاماژەی بەوەش دا: هەڵبژاردنی شوێنی دەریاچەی دوکان تەنیا بۆ جوانیی وێنەکان نەبووە، بەڵکو هەوڵم داوە سروشتی شوێن و بێدەنگیی دەوروبەر بەشێک بێت لە گوزارشتکردن لە هەستی ناوخۆیی کارەکتەرەکە و ئەو چاوەڕوانییەی بەسەریدا دەڕوات.