كارزان گلی – ههولێر
چوارچێوەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە، لەناو پەرلەمانی توركیا بە كۆی دەنگ تێپەڕی، دەبێت بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڵام چەندین پرسیار هەن، تاوەكوو ئێستا وەڵامەكەی روون نییە و هیچ لایەنێك قسەی لەسەر نەكردووە.
ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی چۆن جێبەجێ دەكرێت؟
چەند بەرپرسێكی دەم پارتی، قسەیان بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، لەبارەی ئێنتگراسیۆنی دیموكراتی، واتە تێكەڵبوونەوەی دیموكراتی و بەكۆمەڵایەتیبوونی چەكدارانی پەكەكە و پێیانوایە ئەمە روون نییە و تاوەكوو ئێستا دەوڵەت پلانی بۆی نییە.
بەرپرسانی دەم پارتی پێیانوایە، گەڕانەوەی چەكدارانی پەكەكە، هەروەها چۆنییەتی پاراستنی گیانیان و هەروەها چوونیان بۆ قوتابخانە یاخود ئەوانەی لە كۆلێژ بوونە و كۆلێژیان بەجێهێشتووە چوونەتە شاخ، ئایە ئەوانە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن، ئەمانە تاوەكوو ئێستا وەڵامی نییە.
دەم پارتی داوا دەكات، حكوومەت بۆ هەموو ئەو پرسانە دەبێت یاسای تایبەت دەربكات و پاشان لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاوبكرێتەوە.
ئایە چەكدارانی پەكەكە دوای گەڕانەوەیان سەربازی زۆرەملێ دەكەن؟
هەموو ئەو گەریلایانەی پەكەكە، ئەوانەی سوود لەو پرۆژەیاسایە دەبینن و دەتوانن بگەڕێنەوە، پێشتر سەربازی زۆرەملێیان نەكردووە، لەناو پڕۆژەیاسایەكەشدا بە هیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە، ئەگەر ئەوان گەڕانەوە ئایە پێویستە لەسەریان سەربازی بكەن یان لێبوردنی گشتیان بۆ دەردەچێت.
ئەگەر بەگوێرەی یاسای سەربازی توركیا بێت، بەشێكی زۆری ئەو گەریلایانە دەبێت بچنە سەربازی، چونكە ئەگەر سەربازی تەواو نەكەن، نەكاریان دەدرێتێ و نە دەتوانن لە دام و دەزگاكانی دەوڵەتدا ببن بەفەرمانبەر، بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارەش لە پرۆژەیاسایەكەدا نەدراوەتەوە.
ئۆجەلان مافی ئومێد دەیگرێتەوە؟
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زێندانیكراوی پەكەكە مافی ئومێد بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكەدا، بەهیچ شێوەیەك باس لە مافی ئومێد نەكراوە.
پێشتر دەم پارتییەكان و چالاكوانان، داوایان كرد پێویستە رەوشی ئۆجەلان لە زیندان باش بكرێت و هەموو كەسێك، یان رۆژنامەنووس و سیاسییەكان و خانەوادەی خۆی بتوانن بیبینن، بەڵام لەو پرۆژەیاسایەدا باس لەوە نەكراوە، واتە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە ئۆجەلان ئازاد دەبێت یان نا؟ یاخود مەرجەكانی ئیمیڕاڵی ئاسانتر دەكەن یان نا؟ ئەمەش یەكێكە لەو پرسیارانەی وەڵامەكەی روون نییە و دەوڵەتی توركی خۆی لێ دەدزێتەوە.
رەوشی زیندانیان چی لێ دێت؟
بەشێكی زۆری زیندانیانی سیاسی لەو پڕۆژەیاسایەدا سوودمەند دەبن و ئازاد دەكرێن، بەڵام ئەمەشیان بەتەواوی روون نییە قسەی زۆری لەسەر دەكرێت.
لەپرۆژەیاسایەكەدا هاتووە، ئەوانەی ١٥ ساڵ زیندانی كراون، یاخود سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپاوە، بەڵام لە ٢٠٠٥ەوە نەك بەر لەو بەروارە، سوود لەو پرۆژەیاسایە دەبینین، لە كاتێكدا دەم پارتییەكان رەخنەیان هەیە و پێیانوایە، دەبێت هەموو زیندانییەكی سیاسی دوای چەكدانانی پەكەكە، ئازاد بكرێن، جا ئەوانەی بەر لە ٢٠٠٥ زیندانی كراون، یان دوای ئەو بەروارە زیندانی كراون، چونكە ئەگەر پەكەكە چەكی دانا، هیچ بەهانەیەك بۆ ئەوە نامێنێتەوە لەسەر ئەندامبوونی پەكەكە لە زینداندا بمێنیتەوە.

