کامی کەمال گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند: ئەو ڕەخنانەی ئەمڕۆ 22ـی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەلایەن ژمارەیەک بازرگانەوە ئاراستەی دەروازەکە کران، گوایە ڕێگری لە هاوردەکردنی (پەتاتە، پیاز و تەماتە) دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە، چونکە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لایەنێکی جێبەجێکارە و تەنیا بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.
گوتەبێژی دەروازەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێگریکردن و سەپاندنی باج لەسەر ئەو بەرهەمانە بە بڕیارێکی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون)ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بە ژمارە 2406 لە ڕێکەوتی 13/5/2026.
بە گوتەی ناوبراو، بڕیارەکە بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، پاڵپشتیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی دراوە؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەک هەمیشە پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕیار و ڕێنماییە فەرمییەکانی حکوومەت.

