بەیانی ئەمرۆ 12.8.2026 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی عەمید خەسرۆ غازی بەرێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی مێرسین کرد، کە لە چەندین سێکتەری جیاوازی ئابووری و خزمەتگوزاری و بازرگانی گشتی چالاکن.
لە دیدارەکەدا، جێگری پارێزگاری هەولێر وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان کردەوە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئارادایە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان کۆمپانیا و خاوەنکارانی هەردوو لا دەتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دروست بکات.
جێگری پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای ئازادکردنی عێراق، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورکیا ڕۆڵی پێشەنگیان لە پرۆسەی بنیادنانەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی شاری هەولێر، هەبووە و بەشێکی گرنگ لە پرۆژە و چالاکییە ئابوورییەکان بەشدارییان تێدا کردووە.
لە بەرامبەردا، شاندەکە ئامادەیی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و گەشەپێدانی پرۆژە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر دەربڕی،بە ئامانجی فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان هەردوو لادا .

