رۆژنامەی ھەولێر

کورد لە پاڵەوانێتی جیهانی تایکواندۆ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

لە پاڵەوانێتی جیهانی تایکواندۆ، وەرزشوانە کوردەکان مێدالیای زیڕ و زیویان بەدەستهێنا و ئامادەبووانیا پاڵەوانێتییەکەیان شۆک کرد، لە نێویاندا هێمن مەهدی، یاریزانی تایکواندۆی کورد، بەردەوامە لەسەر دەستکەوتەکانی و ئەمجارەش توانی پلەی دووەمی جیهان میدالیای زێڕ بەدەستبێنێت، لەلایەکی دیکەیشەوە یەڵدا محەمەد کچە کوردەکەی تایکۆاندۆ مێدالیای زیوی بردەوە.

لە شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، پاڵەوانێتیی هەمەدانگی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، شەش هەزار وەرزشوانی یاریی تایکواندۆ لەسەر ئاستی 60 وڵات بەشدارییان تێدا کرد، هێمن مەهدی پاڵەوانی کورد توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت.
ئەو وەرزشوانە کورد، لە پاڵەوانێتییەکەدا توانی لە یاریی خێرایی شکاندنی کاشی پلەی دووەمی جیهان و میدالیای زیو بباتەوە.
هێمن مەهدی، پاڵەوانی کورد بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند بڕیاری داوە بەردەوام بە ئاڵای کوردستان بەشداریی لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بکات، گوتیشی: شانزای دەکەم کە وەک پاڵەوانێکی کورد دەیان ریکۆردم لەو پاڵەوانێتییە شکاندووە و لەنێو دەیان پاڵەوانی جیهاندا توانیم میدالیای زیو بەدەستبێنم”.
هێمن مەهدی گوتیشی: لە کاتی وەرگرتنی میدالیاکەش ئاڵای کوردستانم بەرزکردەوە کە وێنەی شەهید وڵاتی پێوە بوو، چونکە بەر لە شەهیدبوونی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بەڵێنی دەسکەوتم پێدابوو، ئەو میدالیایە پێشکەشی رۆحی ئەوم کرد”.
ئەو پاڵەوانە کوردە لەسەر ئاستی جیهان وەک شارەزای یارییەکە زۆر ناسراوە و ساڵانە دەسکەوت و میدالیای زێڕ و زیو دەباتەوە، نوێنەری یەکێتیی تایکواندۆی جیهانە لە کوردستان و عێراق.
لە لایەکی دیکەیشەوە، یەڵدا محەمەد، کچە لاوێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەولێر نیشتەجێن، لە پاڵەوانێتیی تایکواندۆی جیهان پلەی دووەمی بەدەست هێنا.
“یەڵدا قادری” وەرزشوانی خەڵکی “ورمێ”ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی تیمی “کوردستان” و بە ئاڵای کوردستانەوە، بەشداریی لە پاڵەوانێتیی تایکواندۆی جیهان کرد و توانیی میداڵیای زیو بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
یەڵدا قادری، لە لێدوانێکی تایبەت بە رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند بەڵێنی دابوو ئاڵای کوردستان لەبەردەم ٦ هەزار وەرزشوانی جیهان بەرز بکاتەوە و بە مێدالیاوە بگەڕێتەوە کوردستان، دەشڵێت: خۆشبەختانە بەڵێنەکەم بردەسەر و ئاڵای کوردستانم زیاتر بەجیهان ناساند.
لەو پاڵەوانێتییە چەندان کوردی دیکە بەشداربوون و دەستکەوتیان بەدەستهێنا.
ـ هێمن مەهدی قادر (سەرۆکی شاند و و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان): میدالیای زیو لە جۆری (شکاندنی خێرا).
ـ یەڵدا محەمەد: میدالیای زیو لە جۆری (شکاندنی هێز).
ـ ئامەد: میدالیای زیو (لە ئاستی سەرووی تەمەن 18 ساڵ).