هەموو ساڵێک لە ١٢ی ئابدا، جیهان ڕۆژە جیهانییەکەی لاوان (International Youth Day) بەڕێوە دەبات؛ ڕۆژێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە ساڵی ١٩٩٩دا وەک بۆنەیەکی نێودەوڵەتی دیاری کرا و یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە فەرمی جێبەجێ کرا. ئامانجی ئەم ڕۆژە تەنها پیرۆزبایی پێشکەشکردن بە لاوان نییە، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ ئەوەی حکومەتەکان، دامەزراوەکان و کۆمەڵگا، لاوان وەک سەرمایەی سەرەکیی گەشە و گۆڕان ببینن.
لە دنیای ئەمڕۆدا، لاوان تەنها بەشێک لە دانیشتووان نین؛ بەڵکو سەرچاوەی سەرەکیی وزە، داهێنان و گۆڕانکارین. هەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت ئەم سەرمایە مرۆییە بە شێوەیەکی دروست ئاراستە بکات، دەتوانێت بناغەی گەشەیەکی بەردەوام و پێشکەوتوو دابنێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەم هێزە بەفیڕۆ بچێت، ئەنجامەکەی بێکاری، نائومێدی، کۆچ و دواخستنی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێت.
لە ڕوانگەی زانستە دەروونی و بایۆلۆژییەکانەوە، قۆناغی گەنجێتی یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ. لەم تەمەنەدا مێشک بە بەرزترین ئاستی توانای فێربوون، داهێنان و خۆگونجاندن دەگات. بۆیە زاناکان ئەم قۆناغە بە سەرمایەی زێڕینی مرۆیینا ودەبەن، چونکە بڕیار و ئەزموونەکانی ئەم تەمەنە کاریگەریی درێژخایەنیان لەسەر داهاتووی تاک و کۆمەڵگا هەیە.
لە بواری دیمۆگرافییەوە، چەمکی قازانجی دیمۆگرافی (Demographic Dividend) ئاماژە بەو دۆخە دەکات کە وڵاتێک ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی هەبێت. ئەگەر خوێندنی باش، تەندروستی، دەرفەتی کار و بەشداریی کۆمەڵایەتی بۆیان دابین بکرێت، ئەوا ئەو وڵاتە دەتوانێت گەشەیەکی خێرای ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەگەر ئەم دەرفەتانە نەڕەخسێنرێن، هەمان هێز دەتوانێت ببێتە هۆی بێکاری، کۆچ و نائارامی.
ئەمڕۆ، لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم و پەرەسەندنی ژیریی دەستکرددا، سەرکەوتنی وڵاتان تەنها بە سەرچاوە سروشتییەکان پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە ئاستی زانیاری، داهێنان و لێهاتوویی لاوانیان پێوانە دەکرێت. هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، بەبێ بەشداریی کارای لاوان مەحاڵە.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیمۆگرافییەوە کۆمەڵگەیەکی گەنجە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی لە خوار تەمەنی سی ساڵدان. ئەمە هەم دەرفەتێکی مێژووییە و هەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە. ئەگەر لە پەروەردە، زانست، تەکنەلۆژیا و تواناسازیی لاوان وەبەرهێنان بکرێت، دەتوانن ببنە هێزی سەرەکیی گەشەی هەرێم. بەڵام بێکاری، کەمبوونی دەرفەتی کار، نادڵنیایی ئابووری و گوشاری دەروونی، لە گرنگترین ئاڵەنگارییەکانیانن.لەگەڵ ئەوەشدا، لاوانی کوردستان لە بوارەکانی زانست، پزیشکی، ئەندازیاری، تەکنەلۆژیا، هونەر، وەرزش، کاروباری تایبەت و کارە خۆبەخشەکاندا سەرکەوتنی بەرچاویان تۆمار کردووە. ئەم سەرکەوتنانە دەری دەخەن کە گەر ژینگەیەکی گونجاو و دەرفەتی یەکسان بۆیان فەراهەم بکرێت، دەتوانن ببنە بنیادنەری گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
بۆیە پێویستە سیاسەتەکانی پەروەردە و بازاڕی کار پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، گرنگی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، چارەسەرکردنی کێشە، لێهاتوویی دیجیتاڵی، فێربوونی زمانە بیانییەکان، داهێنان و کاروباری نوێ بدرێت. هەروەها، بەشدارکردنی لاوان لە بڕیاردان و چاڵاکییە مەدەنییەکان، هەستی بەرپرسیارێتی و هاوبەشبوونیان بەهێزتر دەکات.بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە، پێویستە حکومەت، زانکۆکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، کەرتی تایبەت، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خێزان، هاوبەش بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کار بکەن کە لاوان بتوانن تواناکانی خۆیان بگەیەنن بە ئاستی سەرەکی. داهاتووی کوردستان لە هیچ سەرمایەیەک بەهێزتر نییە لە سەرمایەی مرۆیی. ئەو نەتەوانەی باوەڕیان بە لاوانیان هەبووە و لە زانست، پەروەردە و داهێنان وەبەرهێنانیان کردووە، توانیویانە داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکانیان بنیات بنێن. بۆیە ڕۆژی جیهانیی لاوان دەبێت هانەدانێک بێت بۆ وەبەرهێنان لە نەوەیەک کە کلیلەکانی داهاتووی کوردستان لە دەستیاندایە.
سەرچاوە:
1.United Nations. International Youth Day.
2.World Health Organization (WHO). Adolescent and Young Adult Health.
3.United Nations Development Programme (UNDP). Youth Empowerment and Sustainable Development.

