مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
فلۆرێنتینۆ پێڕێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید سەرەڕای دەستکراوەیی لە کردنەوەی خەزێنەکەی بۆ خۆزێ مۆرینیۆ، بەڵام هێشتا ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە نەیتوانیوە کیشە گەورەکەی یانەکە چارەسەر بکات کە هێڵی بەرگرییە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی کۆپێ ئیسپانیا، هێڵی بەرگریی یانەی ریال مەدرید هێشتا لەنێو قەیرانی پێکانەکاندا ماوەتەوە کە لە دوو وەرزی رابردووەوە بەرۆکی گرتووە. ئەمە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پۆرتوگالی خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە، تەنانەت لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر فیۆرێنتینا، هیچ بەرگریکارێکی دڵی بەرگری تیپی یەکەمی لەبەردەستدا نەبوو.
دڵی بەرگری بووەتە گەورەترین خاڵی لاوازی ریال مەدرید. ئەم دۆخە لە وەرزی 2024-2025ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک یانەکە سێ لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەرگریی لەدەستدا.
سەرەتا ئێدێر میلیتاو بووە قوربانیی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی، دواتریش دەیڤید ئالابا و ئەنتۆنیۆ رودیگێر بەهۆی پێکان لە کڕکڕاگەی ئەژنۆیاندا بۆ ماوەیەکی درێژ دوورکەوتنەوە. ئەم دۆخە وایکرد کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری پێشووی یانەکە، پەنا بۆ چارەسەری کاتی ببات و چوامینی لەو پۆستەدا یاری پێ بکات، یان یاریزانانی وەک راول ئاسێنسیۆ و جاکۆبۆ رامۆن لە تیپی لاوانەوە سەربخات.
ئەنجیلۆتی ئەوکات لە دەستەی پزیشکی ریال مەدرید توڕە بوو، چونکە ئەوانیش نەیانتوانی فریایان بکەوت سەرەڕای گۆڕانکاری لە تیمی پزیشکیدا و هێنانی نیکۆ میهیچ وەک سەرپەرشتیاری نوێ، بەڵام نەفرەتی پێکانەکان بەردەوام بوو.
میلیتاو دووبارە تووشی پچڕانی ماسوولکەی ران بووەوە، ئالاباش زنجیرەیەک پاشەکشەی تەندروستیی هەبوو. رودیگێریش بەهۆی ئازاری ئەژنۆوە ناچاربوو گەشت بۆ لەندەن بکات تاوەکو لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی تایبەتدا چارەسەر وەربگرێت. تەنانەت دین هاوسنی یاریزانی نوێی یانەکەش لە یەکەم وەرزیدا 13 یاریی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا.
مۆرینیۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ترسناک دایە
مۆرینیۆ لە کاتی ئامادەکارییەکانی ئەم هاوینە نەیتوانیوە بە تەواوەتی بەرگریکارەکانی ئامادە بکات، بەتایبەتی، دین هاوسن کە هێشتا هەست بە ئازاری جەستەی دەکات. راول ئاسێنسیۆ کە ئێستا بەهۆی پێکانێکی سەخت بووە و 4 بۆ 5 هەفتە دوور کەوتووەتەوە، ئیبراهیما کۆناتێ هێشتا ئامادە نییە، رودیگێر تازە گەڕاوەتەوە و پێویستی بە کاتە بۆ ئامادەبوون، ئیدێر میلیتاو هێشتا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە و چەند مانگێکی دیکەی دەوێت.
مۆرینیۆ ناچارە پەنا بباتە بەر دوو یاریزانی لاو ‘لامینی فاتی و خوان مارتینێز’ بۆ پاراستنی هێڵی بەرگری. بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، مۆرینیۆ بەڕاشکاوی داوای لە کارگێڕیی ریال مەدرید کردووە کە بەزووترین کات بەرگریکارێکی دڵی بەرگری ئاستبەرزبکڕن، چونکە بەبێ ئەوە ناتوانێت کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان بکات، بەڵام کڕینی یاریزانی نوێ گرێدراوە بە فرۆشتنی یاریزانێک. لێرەدا ناوی راول ئاسێنسیۆ دێت، کە یانەکە دەیەوێت بیفرۆشێت تاوەکو شوێن بۆ بەرگریکارێکی جیهانی بکاتەوە.

