ماكوان عيززهت-هەولێر
شیرپێدانی سروشتی تەنیا ڕێگەیەکی ئاسایی بۆ دابینکردنی خۆراکی کۆرپە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بایۆلۆجی و دەروونییە کە سوودی بەرچاو دەبەخشێتە تەندروستیی دایک، کۆرپە و تەواوی خێزان. توێژینەوە نوێیەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە شیرپێدان سیستەمی بەرگریی کۆرپە بەهێز دەکات و جەستەی دایکیش دوای منداڵبوون بە خێرایی دەگەڕێنێتەوە بارودۆخی سروشتی.
کاریگەرییە ناوازەکانی شیرپێدان لەسەر جەستەی دایک
• پێچبوونەوەی منداڵدان و بەرگیری لە خوێنەچۆڕە: لە کاتی شیرپێداندا، هۆرمۆنی “ئۆکسیتۆسین” (کە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی و ئارامی ناسراوە) لە ڕژێنی ژێرپێشینە (پیتویتەری) دەردەدرێت. ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان، کە ئەم جۆرە گرژبوونە هاوکارە لە پاککردنەوەی منداڵدان لە تەواوی شانەکان، کەمکردنەوەی خوێنەچۆڕەی دوای منداڵبوون (کە هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانی دایکانە) و خێراکردنی گەڕانەوەی منداڵدان بۆ قەبارەی ئاسایی خۆی.
• سووتاندنی چەوری و دابەزاندنی کێش: بەرهەمهێنانی شیر پێویستی بە بڕێکی زۆر وزە هەیە. دایکی بەرمەمکانەبەبەر ڕۆژانە نێوان ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ کالۆریی زیادە دەسووتێنێت. ئەم پرۆسەیە هاوکاری دایک دەکات لە ڕزگاربوون لەو چەورییانەی لە قۆناغی دووگیانیدا کۆ بوونەتەوە.
• بەرگیریی سروشتی لە دووگیانکەوتنەوە: شیرپێدانی بەردەوام هانی دەردانی هۆرمۆنی “پرۆلاکتین” دەدات، کە بەرگیری لە پرۆسەی هێلکەدانان دەکات. ئەم ڕێگەیە وەک ڕێگرییەکی سروشتی کار دەکات، بە مەرجێک شیرپێدانەکە بەکامل تەواو بێت (تەنیا شیری دایک)، کۆرپە تەمەنی لە ٦ مانگ کەمتر بێت و سووڕی مانگانەی دایکەکەش وەستابێت.
قەڵغانی بەرگری بۆ کۆرپە
شیرپێدانی سروشتی مەترسیی تووشبوونی کۆرپە بە نەخۆشییە کوشندەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە؛ بە تایبەت سکچوون و هەوکردنی سییەکان کە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی ساوان. هەروەها بەرگریی منداڵەکە بەهێز دەکات لە بەرامبەر هەوکردنی گوێی ناوەڕاست و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و گەدە.
چوارگۆشەی پشتگیری؛ کلیلی سەرکەوتنی شیرپێدان
پرۆسەی شیردان سەرەڕای سروشتیبوونی، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەروونی و جەستەیی دەبێتەوە. وەرگرتنی پشتگیریی سۆزداری و کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە بەردەوامبوونی دایک:
• ڕۆڵی داپیرەکان: زانست سەلماندوویەتی کە هاندانی داپیرەکان بڕیاری دایک بۆ شیرپێدان بە ڕێژەی ۱٢٪ زیاد دەکات، لە کاتێکدا نەبوونی هاندانی ئەوان بە ڕێژەی ٧٠٪ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بڕیاری دایک دروست دەکات.
• هاوسەر و هاوڕێی منداڵبوون: ئامادەیی و پشتگیریی هاوسەر لە کاتی منداڵبوون و دوای ئەوە، ئارامیی دەروونی بۆ دایک دابین دەکات و ڕێژەی شیرپێدانی تەواو لە ٦ مانگی یەکەمدا بە بڕی ٣ ئەوەندە بەرز دەکاتەوە.
• ڕێنماییی پزیشکی: دڵنیاکردنەوەی دایک و پێدانی زانیاریی دروست دەبێتە هۆی ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێ ڕێگری لە وازهێنانی پێشوەختە دەگرێت، چونکە وازهێنانی زوو لە شیرپێدان تووشی هەستی نائومێدی و کێشەی تەندروستییان دەکات.

