رۆژنامەی ھەولێر

نیشانەکان، ئاڵۆزییەکان و ڕێگەچارەکانی دەستنیشانکردنی

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

ئێسکی سمت (کە لە زانستی پزیشکیدا بە ساکرۆم (Sacrum) یان ئێسکی سێبەندەی بڕبڕەی پشت ناسراوە)، دەکەوێتە نێوان هەردوو ئێسکی حەوزەوە. شکانی ئەم ئێسکە بە یەکێک لە شکانە دەگمەنەکان هەژمار دەکرێت و زۆربەی جار لە ئەنجامی کەوتنی ڕاستەوخۆ بەسەر تەنێکی ڕەق یان زەبری بەهێز ڕوو دەدات.

جۆرەکانی شکان و ئاڵۆزییە دەمارییەکان
بە وتەی د. بڕوا دڵشاد جاف پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان زۆربەی حاڵەتەکانی شکانی ئێسکی سمت بە شێوەی درزێکی ئاسایی و لەجێ‌نەچوو (Unvaried/Simple Fracture) ڕوو دەدەن. بەڵام لە حاڵەتی دەگمەندا، ئەگەر زەبرەکە بەهێز بێت و ڕاستەوخۆ بەر ئێسکی حەوز بکەوێت، دەکرێت پارچەبوونی ئێسکەکەيانيش شكانى لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بە شوێنە هەستیارەکانی ئەم شکانە، د. بڕوا ئاماژە بەوە دەکات کە شکانی بەشی سەرەوەی کونەکانی ئێسکی سمت (Sacral Foramina) هێڵێکی لاواز دروست دەکات. ئەم ناوچەیە شوێنی تێپەڕبوونی گورزە دەمارە گرنگەکان و کلکەئێسکە (Cauda Equina)؛ بۆیە لە کاتی شکان و لەجێچوونی پارچە ئێسکەکاندا، مەترسیی زیانگەیاندن بە دەمارەکان دەبێتە ئاراوە.

دەستنیشانکردن
ئەو پزیشکە پسپۆڕە لە ڕێگەی چەند هەنگاوێکەوە شکانەکە دیاریی دەکات:
1. وەرگرتنی مێژووی نەخۆش: پێشینەی بەربوونەوە یان لێدانی ڕاستەوخۆ.
2. نیشانە دیارەکان: بوونی ئازاری توند لە شوێنی شکانەکە و شینبوونەوە یان خوێن‌تێزان (Ecchymosis) لەسەر ئێسکی سمت.
3. پشکنینی بە تیشک: بەکارهێنانی تیشکی ئێکس (X-ray) یان سی‌تی سکان.
4. پشکنینی دەماریی ورد: پشکنین بۆ دەمارەکانی پەلەکانی خوارەوە (قاچەکان) دەکرێت تاوەکو دڵنیا ببنەوە لە دەستنیشانکردنی هەر زیانێک کە بەر کلکەئێسک یان تۆڕی دەماریی ڕەق بووبێت.

ڕێگەچارە و ڕێنماییەکانی چارەسەرکردن
چارەسەرکردنی شکانی ئێسکی سمت بەپێی ئاستی زەبرەکە و جۆری شکانەکە دەگۆڕێت:
• چارەسەری خۆپارێزی (سادە): لە حاڵەتە ئاساییەکاندا، چارەسەر لەسەر بنەمای پشوودانی تەواوەتی، ڕاگرتنی جووڵە و، بەکارهێنانی پشتێنەی تایبەتی حەوز و سمت دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار. ئەم پرۆسەیە لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت و دەمارە زیانپێگەیشتووەکان زۆرجار بە شێوەیەکی سروشتی لەخۆیانەوە چاک دەبنەوە.
• حاڵەتە ئاڵۆزەکان: ئەگەر شکانی سمت هاوكات بێت لەگەڵ شکانی ئێسکی حەوز یان بەربوونی توندی دەمارەکان، پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری بەپەلەی پزیشکی و هەندێک جار دەستێوەردانی نەشتەرگەری دەبێت.
• نەپشتگوێخستنی ئازار: ئامۆژگاری دەکرێت بە هیچ شێوەیەک ئازاری کۆتایی کلکەئێسک و سمت فەرامۆش نەکرێت و ماوەی چارەسەرەکە بەپێی ڕێنمایی پزیشک دیاری بكرێت بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییە درێژخایەنەکان.