سیروان عوسمان حەسەن
دامەزراندن و ئامانج
تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لە ساڵی ١٩٧٩، بەپێی پلانێکی تایبەت کە لەلایەن دامەزراوەی سینەما و شانۆوە بۆ پاراستن، ژیاندنەوە و پەرەپێدانی کەلەپوورە نەتەوەییە ڕەسەنەکەی گەلی کورد داڕێژرابوو، دامەزرا.
لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی کارکردندا، ئەم تیپە بووە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە هونەرییەکانی کوردستان و خزمەتێکی بەنرخ و بەردەوامی پێشکەش بە هونەر و کەلەپووری کوردی کردووە، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو لە زۆر وڵاتانی جیهانیش.
تیپەکە، چ پێش ڕاپەڕین و چ دوای ڕاپەڕین، ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە ناساندنی هەڵپەڕکێ، گۆرانی و مۆسیقای میللیی کوردی. هەروەها توانیویەتی لایەنە جیاوازەکانی هونەری کوردی بە شێوازێکی هاوچەرخ پێشکەش بکات، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتی و ناسنامە کەلەپوورییەکەی لەدەست بدات.
ئەم سەرکەوتنانە وایان کردووە، تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر ببێتە باڵوێزێکی ڕاستەقینەی کەلەپووری کورد لەدەرەوەی وڵات و لە چەندین فێستیڤاڵ و بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا پلە و خەڵاتی بەرز بەدەست بهێنێت.
بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان:
لە گرنگترین بەشدارییە دەرەکییەکانی تیپەکە بریتین لە:
– ١٩٨٠: نمایشی هونەری لە ئەڵمانیا، نەمسا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.
– ٢٠٠٧: پێشکەشکردنی نمایشێکی هونەری لە دوبەی.
– ٢٠١١: بەشداریی لە فێستیڤاڵی کیگرا لە پۆڵەندا.
– ٢٠١٢: بەشداریی لە جۆرجیا و پێشکەشکردنی گۆرانیی ئێزدی و جۆرجی، هەروەها نمایش لە گرانادای ئیسپانیا.
– ٢٠١٣: نمایش لە ئوردن، بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلان لە یۆنان و نمایشێکی هونەریی لە ئێران.
– ٢٠١٤: بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلان لە بولگاریا.
– ٢٠١٥: بەشداریی لە فێستیڤاڵی کەلەپوور لە کرواتیا.
– ٢٠١٦: بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلان لە عەممانی پایتەختی ئوردن.
– ٢٠٢٤: بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلان لە کۆماری چیک.
هەروەها تیپەکە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا بەردەوام لە چەندین فێستیڤاڵ و بۆنەی هونەریدا بەشداری کردووە، وەک فێستیڤاڵی بابل، بەهار، هەولێر، دهۆک، کەلار و ڕانیە.
تابلۆی هەڵپەڕکێ
تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، لە ماوەی کارکردنی خۆیدا دەیان تابلۆی هەڵپەڕکێی بەرهەمهێناوە، کە لە ڕۆژی جیهانیی هەڵپەڕکێ و فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا پێشکەش کراون.
تابلۆ گرنگەکانیان بریتین لە:
– دروونە
– نەورۆز
– لۆرکێ
– کوێستان
– شوان
– بادینی
– نیشتمانی
– سەیران
– ئایشۆکێ
– گەردوون
– لەیلانێ
– کانی
– بێری
– ساوار
– زەمبیلفرۆش
– مەریوان
– گەڕیان
– مەمۆ
– هەولێر
– گۆڤەند
– مێرگۆڵان
– پێشمەرگە
– پێکەوەژیان
– لەنجە
– سنجانێ
– خەنجەر
– کۆچەرێ
– سۆرانی
– ڕەزیانە
– شۆخان
– عەسکەری
– تەحریر
– بابل.
ئەم تابلۆیانە بە دەستی ژمارەیەک لە ڕاهێنەرە ناسراوەکان و وەرزشکارانی هەڵپەڕکێ و بەبەشداریی ژمارەیەک لە داهێنەرانی مۆسیقای کوردی ئامادە کراون و هەر یەکەیان بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی، کەلەپووری و نیشتمانیی گەلی کورد دەخەنە ڕوو.
بەرپرسانی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر
کۆتایی
تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لە ماوەی چوار دەهە زیاتر، نەک تەنیا پارێزگاری لە کەلەپووری هەڵپەڕکێ و مۆسیقای کوردی کردووە، بەڵکوو توانیویەتی بە شێوازێکی زانستی و هونەری، ئەم میراتە بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وێنەیەکی جوان لە هونەری ڕەسەنی کوردی پیشان بدات. ئەم تیپە هێشتا یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی پاراستن و ناساندنی ناسنامەی کەلەپووری كوردی و لە كار و خزمەتی خۆی بەردەوامە.

