رۆژنامەی ھەولێر

ئاهەنگی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کوردستان دەکرێت تیروپشكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق راكێشرا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

بە هۆی ئارامی و سەرنجڕاکێشی یاریگەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ وەرزی رابردوو، دووەم وەرزە ئاهەنگ و رێورەسمی یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە وەرزی 2024 ـ 2025 یاریی کردنەوەی خولەکە لە یاریگەی یانەی دهۆک لە نێوان دهۆک و زەورا کرا، ئەم وەرزەش یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری سلێمانی لە نێوان نەورۆز و قوە جەوییە دەکرێت.

تیروپشكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق راكێشرا
بۆ دووەم وەرز لەسەریەک لە بەغدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانەكان تیروپشكی گەڕی یەكەم تاوەكو كۆتایی خولی ئەستێرەكانی عێراق راكێشرا، یاریی كردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی نەورۆز دەبێت لە شاری سلێمانی و نەورۆز رووبەرووی قوەجەویەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەبێتەوە.
هەر لە گەڕی یەكەم یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی میوانداریی كارەبا دەكات و دهۆكیش میوانداریی غەڕاف دەكات و لە دێربی هەرێمی كوردستانیش زاخۆ میوانداری گازی باكووری تازە میوانی خولەكە دەكات.
بڕیارە رۆژی چواردەی ئەم مانگە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەست پێ بكات و سەرجەم یارییەكانیش لە رۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوە دەچێت و چەند یارییەكی تایبەت نەبێت دەكەوێتە رۆژەكانی دیكە و خولەكەش لە رۆژی 28ـی مانگی پێنجی ساڵی داهاتووش گەڕی كۆتایی خولەكە بەڕێوەدەچێت.

یونس یونس مەحموود: خولی عێراق بەرەو پێش دەبەین
یونس مەحموود، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، باشترینەكانی ئەم وەرزە خەڵاتی دارایی تایبەت دەكرێن و گوتیشی: گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق خۆی داوایكرد حەوت مانگی دیكە و تا كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئاسیا لەگەڵ هەڵبژاردەكە بمێنێتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی قسەکانی یونس مەحموودە:
مەراسیمێكی سادە و جوانمان بۆ دەستپێكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق كرد، هەندێ رووداو هەبوون پێویست بوو لە رۆژنامەی خولەكە روونی بكەینەوە و باسی بكەین، لە نێوانیاندا بابەتی خەڵاتەكان، ئەمەش هۆكارێك دەبێت بۆ پاڵپشتیكردنی یانە و یاریزان و راهێنەران، بەلای ئێمەوە تیروپشكەكە بۆ هەمووان باشبوو، خولەكە لە رۆژی چواردەی ئەم مانگە دەستپێدەكات و لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو خولەكەمان كۆتایی دێت، هەموو یانەكانیش یەكەم و كۆتا یاریی خۆیان دەزانن، ئەمەش بۆ یەكەمجارە روودەدات، ئێمە لە قۆناخەكانی داهاتوو بۆ پەرەپێدانی خولەكە دەگەڕێین، پاڵپشتی هەموو بیرۆكەیەك بۆ پێشخستنی خولەكە دەكەین، پێشكەوتنی خولەكەش مانای وایە یاریزانی زۆر باش بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەرهەم دەهێنین، هەمووشمان بۆ داهاتوو زۆر گەشبینین، بۆ خەڵاتی خولیش ئێمە خەڵاتی داراییمان داناوە، هێشتا ژمارەكە دیار نییە، بەڵام سەرجەم ئەوانەی دەبنە باشترین خەڵاتی داراییان پێدەدرێت، هەوڵیش دەدەین خولەكە لە كاتی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ماوەی پازدە بیست رۆژ نەوەستێت و تەنیا چەند رۆژێكی كەم یارییەكان نەكرێن، چونكە خولەكەش گرینگە، ئێمە تا كۆتایی جامی ئاسیا لەگەڵ گراهام ئارنۆڵد رێككەوتنمان كردووە، پێموایە پەیوەندیمان زۆر باشە، لە ئەمریكا لەگەڵی دانیشتم، گراهام بۆ بابەتی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی زۆر ئاسانكارە، خۆی داوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لێكردم، دوای جامی ئاسیاش ماوەیەكی زۆرمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتوو بدەین، بەتایبەتی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2030، بە ئەمانەتەوە بڵێم ئارنۆڵد خۆی پێیگووتم عێراق و هاندەرانیم خۆشدەوێت، بۆیە با حەوت مانگ بمێنمەوە و دواتر نەخشەی گەیشتن بە مۆندیالی 2030 رووندەبێتەوە لامان، گرێبەستەكەش هەمان گرێبەستی پێشووە و یەك دۆلارمان بۆ زیاد نەكردووە.