ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوو رۆژە جیهان بە گرێبەستە شێتانەکەی محەمەد سەڵاح لەگەڵ ترابزۆن سپۆری تورکیا سەرقاڵە، چونکە بڕگەکانی نێو گرێبەستەکە سەرسوڕهێنەرە. لە لایەکی دیکەشەوە دیێگۆ فۆرلان بەشێوەیەکی کاتی لە شوێنی مارسێلۆ بێلسا بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئوروگوای.
گرێبەستێکی شۆک
دوای راگەیاندنی گرێبەستی محەمەد سەڵاح لەگەڵ ترابزۆن سپۆری تورکیا، لە 24 کاتژمێری یەکەم هەزاران درێسی ئەو یانەیە فرۆشراون.
ماڵپەری 61 کاتژمێری تورکی بڵاویکردەوە، هاندەرانی یانەی ترابزۆن سپۆر پێشوازییەکی بێ وێنە و گەورەیان لە گواستنەوەی محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی بۆ یانەکەیان کردووە و لە 24 کاتژمێری یەکەم دوای راگەیاندنی گرێبەستەکە، نزیکەی 15 هەزار درێسی محەمەد سەڵاحی مسڕی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە فرۆشراون و خواستێکی زۆریشی لەسەرە و هاندەرانی یانەکە داوای درێسی زیاتر دەکەن، بۆیە کارگێڕی یانەکە لە هەوڵی ئەوەدایە، نزیکەی 10 هەزار درێسی دیکەی یانەکە بە ناوی هێرشبەرە مسڕیەکە بخاتە بازاڕ.
ئەو سەرچاوەیە بلاویشی کردەوە بێجگە لەو خواستە زۆرەی سەر درێسی محەمەد سەڵاح، خواست لەسەر بلیتی یارییەکانی ئەو یانەیەش بۆ وەرزی نوێی زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا نزیکەی 17 هەزار بلیتی یارییەکانی ئەو یانەیە لە وەرزی نوێی خولی سوپەری تورکی فرۆشراون.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، محەمەد سەڵاح بۆ هەر وەرزێک 30 ملیۆن یۆرۆی لە یانەی ترابزۆن وەدەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ڤینسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید 25 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە هێرشبەرە میسرییەکە ڤێلایەک لە ترابزۆن و ڤێلایەک لە دوبەی وەکو دیاری پێبەخشراوە، جگە لەوەش ئۆتۆمبێلێکی مارسیدیس بۆ خێزانەکەی و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەکەی کراوەتە دیاری. هاوکات بەڕێوەبەری کارەکانیشی 8 ملیۆن یۆرۆی وەکو پاداشت وەرگرتووە.
دیگۆ فۆرلان بە شێوەیەکی کاتی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆروگوای
ماڵپەری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئوروگوای بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالی 2026 نەیتوانی ئاست و ئەنجامی باش پێشکەش بکات، مارسێلۆ بێلسا وازهێنانی لە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەیان راگەیاند، بۆیە بە شێوەیەکی کاتی دیێگۆ فۆرلان هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەکەیان وەکو شوێنگرەوەی بیلسا دەست نیشانکرا. فۆرلان لە هەمان کاتدا راهێنەرایەتی تیپی خوار تەمەنی 20 ساڵانی هەڵبژاردەکەشی دەکات.
سەرچاوەکانی خۆجێیی ئوروگوای بڵاویان کردووەتەوە لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئاست و ئەنجامی باش، رەنگە فۆرلان لە ماوەی داهاتوو بە شێوەی یەکجارەکی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکەیان، هەروەها فۆرلان لە یارییە دۆستانەکانی مانگەکانی سێبتامبەر و ئۆکتۆبەر و مارسی ساڵی داهاتوو، راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی دەکات.
دۆناڵد ترامپ پێشوازی لە وەرزشوانانی ئەمریكا كرد
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە وەرزشوانانی ئۆڵمپی و پارائۆڵمپی وڵاتەکەی کرد و ستایشی هەوڵ و ماندوبوونیان کرد دوای ئەوەی توانیان لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی زستانەی میلانۆ و پارائۆڵمپیکی کۆرتینا زۆرترین مێدالیای رەنگا و رەنگ بەدەست بهێنن.
لەمبارەیەوە دۆناڵد ترامپ گوتی: ئەمڕۆ ئێمە بەڕاستی شانازی دەکەین کە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە گەورەترین گروپی وەرزشوانانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە مێژووی ئەمریکادا دەکەین لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2026، تیمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە هەر تیمێکی ئۆڵۆمپیادی زستانەی ئەمریکی کە پێشتر براوە بووبێت مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە و ئەمەش دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەر.
دۆناڵد ترامپ گوتیشی: مانگی شوباتی ڕابردوو ئەم ئۆڵۆمپییانە گەشتیان بۆ باکووری ئیتاڵیا کرد و بە 9 مەدالیای برۆنز، 12 مەدالیای زیو و ژمارەی پێوانەیی 12 مەدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی زستانە گەڕانەوە ماڵەوە بۆ ئەمریکا. ئەمە ژمارەی پێوانەیی هەموو سەردەمێک بوو و ئەم پیاو و ژنانە چەندین ساڵ لە ژیانی خۆیان و بەیانییەکی زۆری زوویان بەخت کرد تا ببنە باشترین لە جیهاندا.

