سازدانی: ئارام کۆشکی
بەشی سێیەم
لەم بەشەی دیدارەکەدا مامۆستا حەمەکەریم عارف تیشک دەخاتە سەر گرنگی ئاگاداریی وەرگێڕ لە تیۆرەی وەرگێڕان و ئەو پاشخانە گرنگە بۆ وەرگێڕ پێویستە لە کاتی وەرگێڕاندا. لە جێگەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە وەرگێڕان تەنیا گواستنەوەی چەمک و مانای ورد نییە، بەڵکو گواستنەوەی تۆن و ڕیتم و شێواز و ئاوازیشە، چونکە هەر دەقێک خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی. هەر لەم بەشەدا سەبارەت بە چەند پرسێکی دیکەش دەودوێت…
* ئێوە لە ڕیزی ئەو وەرگێڕانەن کە بۆچوونتان سەبارەت بە وەرگێڕان نووسیوە و دەربڕیوە، پێتوایە دەبێت وەرگێڕ ئاگاداری تیۆرەکانی وەرگێڕان بێت ئەمە چ کۆمەکێک بە پرۆسەی وەرگێڕان دەکات؟
وەڵام: وەکو پێشتریش ئاماژەم کردووەتێ، بەندە قەناعەتم وایە کە پاچڤەوان، بە تایبەتی پاچڤەوانی ئەدەبی، پێدڤیە هەموو مەرجەکانی نڤیساری تێدابێ، دەبێ ئەهلی داهێنان و ئەفراندن بێت، چونکە دەقی ئەدەبی ڕۆحی هەیە. لەسەر وەرگێڕە ئەو ڕۆحە لە زمانی یەکەما کەشف بکات و لە پڕۆسەیەکی دونایدۆنی هەرە هەستیاردا، لە زمانی دووەمدا، بە سەرکەوتوویی وەبەر هەمان دەقیدا بکاتەوە، بە جۆرێک کە هاوزمانەکەت، نەک هەر تێی بگات، بەڵکو بە ڕۆح هەستی پێ بکات، تۆ وشە لە زمانێکەوە بۆ زمانێک و بە شێوەیەکی میکانیکی ناگوازێتەوە، بەڵکو دەچێتە پێست و کڵێشەی نووسەر و دەقێکەوە کە تۆ نەتنووسیوە، یانی ڕووبەڕووی مقاوەمەتی دوو زمان دەبیتەوە، دەبێت مامەڵەیان لەتەکدا بکەیت و هەردووکیان ڕام بکەیت، جا بۆ ئەوەی لە دەقێک تێبگەیت، پێویستە پاشخانێکی ڕۆشنبیریت لە بارەیەوە هەبێت تا بتوانیت بە درووستی مامەڵەی لە تەکدا بکەیت و لەزەتی لێبدینیت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، وەرگێڕ تیۆرسێنی وەرگێڕان بێت، بەڵام ئاگاداری و شارەزایی لە بنەما و پڕەنسیپە تیۆرییەکانی پاچڤە، پشتیوانێکی زۆر باش و گەورەیە بۆ پاچڤەوان و گرێ و گۆڵ و گرفتە زۆر و زەبەندەکانی دنیای وەرگێڕانی بە ئاسانی بۆ دەکاتەوە. دەنا زۆر وەرگێڕ هەن، تەنیا بە سەلیقە و مومارەسە و ئەزموون کاری وەرگێڕان دەکەن و سەرکەوتووشن؛ هەڵبەتە وەرگێڕی شارەزا بە تیۆرییەکانی وەرگێڕان، لە بڕیار و هەڵبژاردنەکانیدا سەرکەوتووترە، چونکە دەزانێت چ دەقێک هەڵدەبژێرێت و چۆن مامەڵەی لەتەکدا دەکات، هەستە پەنهان و لایەنە ئیستاتیکیە ئەفسووناویەکانی دەقە ئەسڵەکەی پێ دەخوێنرێتەوە و دەتوانێت لە دەقی دووەمدا بیژێنێتەوە؛ چونکە توانا و سەلیقە پڕاکتیکیەکە وە هۆشمەندە تیۆرییەکە یەکانگیر دەبن….
*ئێوە لە وتارێکدا بەناوی “خیانەتی حەڵاڵ” کە هاوکات بووەتە ناونیشانی کتێبێکیشتان، وەرگێڕان وەکو خیانەتێکی حەڵاڵ دەبینن، لەبەرئەوەی بەدیلی نییە، تا چەند گرنگە ئەمانەتداریی لەم خیانەتەدا هەبێت؟
وەڵام: زاراوەی خیانەت، لێرەدا تۆمەتێکی ئەخلاقی – کۆمەڵایەتی نییە، بە چەمک و مانا مەجازی و میتافۆڕییەکەی بەکار هاتووە، نەک بە مانا ئەپستراکت و موجەڕەدەکەی. زیاتر بۆ ئاگادارکردنەوەی پاچڤەوانەکە ئەو کارەی دەستی داوەتێ، کارێکی زۆر هەستیار، قورس، دژوار و پڕ مەسئولیەتە… کارکردنە لەناو دوو سیستەمی زمانەوانی ئاڵۆز و جیاوازدا، وەرگێڕان تەنیا گوێزانەوەی چەمک و مانای ورد نییە، بەڵکو گوێزانەوەی تۆن و ڕیتم و شێواز و ئاوازیشە؛ گوێزانەوەی شەقڵی چڕ و فۆڕم و نێوەڕۆک و ڕۆحی بەرهەمێکە، بە زمان و بۆ زمان و لەناو زماندا.. وشە لە زمانە جیاوازەکاندا چەندیش هاوتای یەکدی بکاتەوە، هێشتا هەمان ڕووبەر و پانتایی گوزارەیی و مانایی پڕ ناکاتەوە. چونکە ژینگەی مانازایی وشە، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی جیاوازە؛ ئەمە کۆسپێکی گەورەیە لەبەردەم پڕۆسەی وەرگێڕاندا؛ چونکە وشە خودی شت نییە، ڕەمزی ئەو شتەیە کە دەویسترێت نیشان بدرێت.. وشە لەناو دەقدا خودی شت نییە، ڕەمزی شتەکەیە، دالە و هونەرییانە مەدلوولی خۆی بەرهەم دێنێت. ڕەمزییەتی وشە لەناو دەقدا، هەمان ڕەمزییەت نییە کە لە دەرێی دەقدا هەیەتی..
ئەم زاراوەی “خیانەت”ـە زیاتر لەو پەندە ئیتاڵییەوە بە دنیادا بڵاو بووەتەوە، کە دەڵێت: ((وەرگێڕ خاینە)). هەڵبەتە ئەمە تۆمەتێکی ئەخلاقی – جڤاکی نییە، زیاتر پەیوەندی بە هەستیاری زمانەوانی و کولتووریەوە هەیە، پەیوەندی بە هەستیاری کارەکەی پاچڤەوانەوە هەیە. کە پابەندی وشە بێ، زۆرجار، پێ بحەسێ یان نەحەسێت چەمک و مانا و ڕۆح دەکوژێت، کە دەکاتە خیانەت لە نێوەڕۆک، کە ڕوح و مانا و ئیستاتیکای دەق بپارێزێت، ناچارە دەستکاری وشە و ڕستە بکات، کە دەکاتە خیانەت لە فۆڕم. دەق هەرچی وتن نییە، بەڵکو چۆن وتنیشە! خوێنەر هەردووکی لێت دەوێت…
هەندێ چەمک و مانا و دەستەواژە و زاراوەی مەجازی و میتافۆڕی هەن، زادەی ژینگەیەکی زمانەوانی و کولتووری تایبەتین و لە کولتوورانی دیدا، هاوتا و هاومانایان نییە، لە ژینگەی دیدا هەڵناکەن.. بۆیە وەرگێڕان پێشوازیە لە جیاوازی، هونەری دان و سانە، وەرگێڕ دەیەوێت دوو لایەنی جیاواز بگەیەنێتە یەک. گومانی تیا نییە وەرگێڕ بە ئانقەست و لە ڕووی بەدنیازیەوە خیانەت ناکات، خیانەت لە وشەێن مردوو دەکات تا ڕوح و ژیان لە زمانی دووەمدا بە بەر دەقەکەدا بکاتەوە، ئەگەر ئەم خیانەتە ناچاریە نەبوایە؛ ناچاری هەموو حەرامێک حەڵاڵ دەکات، ئەوا زۆربەی شاکارە ئەدەبی و فەلسەفی و ئەپستمۆلۆجیەکان، کە بە تەبیعەت قاڵب ناپەزێر و کیشوەربڕن، لە قەفەزی زمان زگماکی خۆیان دا قەتیس دەمان و شارستانیەتەکان بەردەوام نەدەبوون. ئافەرین بۆ ئەو وەرگێڕەی بە سەلامەتی لەم مینجازە ترسناکە دەربچێت، وەرگێڕ هەر گوێزەرەوەیەکی ئەمین نییە، بەڵکو نووسەری دووەمە، دەقەکە دەخوڵقێنێتەوە.
* هەر لەو وتارەدا وەرگێڕان بە دووبارە داهێنانەوەی تێکست ئەژمار دەکەن؟ واتە ئەگەر دەقێک بە وەرگێڕانی ئێوە بخوێنینەوە، دەشێ بەر جیاوازی بکەوین لەوەی بە وەرگێڕانی وەرگێڕێکی دیکە بیخوێنینەوە، چونکە پاشخانی مەعریفی وەرگێڕ ڕۆڵی هەیە، ئەمە دروستە؟
وەڵام: وەرگێڕ لە دنیایەکدا کار دەکات، کە لەلایەن کەسێکی ترەوە خوڵقێنراوە. قاڵب و فۆڕمی پێدراوە، تیمە و نێوەرۆک و پەیامی دڵخوازی نووسەری لێ بارکراوە. وەرگێڕ ناچارە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە دا بکات، شارەزایانە ئەو دنیایە هەڵوەشێنێتەوە و بەهەمان کەرەستە و دارو پەردوو لە زمانی دووەمدا هونەرمەندانە و بە جۆرێ بیخوڵقێنێتەوە، کە لە ڕووی تەکنیک و وردەکاری و هونەرکاری و نێوەڕۆکەوە هاوتای دەقی یەکەم بکاتەوە، واتا پاچڤەوان خۆبەخۆ دەبێت بە بەردەڤکی نووسەری دەقەکە و ئەمانەتداری کار وای لێدەکات لە دەقەکە لا نەدات… بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە بە موو لە دەقەکە لا نەدات. واتە دەقەکە یاسا و ڕێسای چۆنیەتی کارکردنی وەرگێڕەکە دیاریی دەکات، هەر دەقێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە دەقی دی ناچێت، وەرگێر لەسەرێتی ئەو تایبەتمەندیە کەشف بکات و داهێنەرانە مامەڵەی لەتەکدا بکات. بۆ نموونە ئەگەر دەقێک لە لایەن چەند کەسێکەوە بێتە وەرگێڕان، ئەگەر لە خەسڵەتە گشتیەکاندا لێک بچن، ئەوا لە وردەکاری و تایبەتمەندیەکاندا جیا دەبنەوە. هەرچەندە ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە جیاوازی توانای وەرگێڕەکانەوە هەیە، ناشۆ و مەحاڵە هەموویان بە هەمان ئەندازە بچنە پێست و خووی دەقەکەوە و هەمان خوێندنەوەیان بۆ دەقەکە هەبێت، واتا یەک یاسا و میتۆد و چۆنیەتی وەرگێڕان نییە کە وەرگێڕ بۆ هەر ژانرێکی بەکار بێنێت، وەرگێڕان کارێکی پڕاکتیکیە، وەکو چۆن لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی دی دەگۆڕێت، بەو ئاوایەش لە وەرگێڕێکەوە بۆ وەرگێڕێکی دی دەگۆڕێت و لەگینە هەر وەرگێڕێکی دڵسۆزی کاری خۆی، بەدەم کار کردنەوە و لە میانی ئەزموونی خۆیەوە میتۆد و ڕێباز و ڕێچکەی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. ئەگەر دەقێک، لە لایەن یەک وەرگێڕیشەوە، لە دوو کاتی جیاوازدا بێتە وەرگێڕان هەر سووکە جیاوازیان دەبێت، ئەمە پەیوەستە بە خوێندنەوەی وەرگێڕەکەوە بۆ دەقەکە و کەشفی مەدلوولە پەنهانەکانی دەقەکەوە، وەرگێڕ کە توانی نزیکترین هاوتای دەقەکە، لە زمانی دووەمدا بخوڵقێنێتەوە، سەکەوتووە، گرینگە وەرگێڕ نووسەر و خوێنەر بە ڕادەیەک لێکدی نزیک بکاتەوە کە هەردوو لا متمانەی پێ بکەن…
وەرگێڕ، نووسەری دووەمە، پاچڤەی ئەدەبی کارێکی فیلڤانی هاوتەریبە، نەوەک کارێکی میکانیکی نەرمە قووت… وەرگێڕ ژیانی دووەم وەبەر دەقدا دەکاتەوە. ئەم ژیانی دووەمە لە لایەن نووسەری دووەمەوە کە دەکاتە وەرگێڕ ئیجاد دەکرێت و دێتە خوڵقاندن. ئەمە پڕۆسەیەکی دۆنایدۆنەوانی دەگمەنە، نەشتەرگەرییەکی زۆر هەستیاری گواستنەوە ڕۆحە لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە. تۆ بۆ ئەوەی دەقێکی باش بنووسیت، دەبێ بە قووڵی لە بابەتەکەت تێبگەیت؛ وەرگێڕ خوێنەرێکی جدیە، دەقەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، پشتەوەی وشەکان دەخوێنێتەوە، مۆرس و ڕەمزەکان دەکاتەوە، پاشان لێکیان دەداتەوە، ئەم هەڵوەشاندنەوە کاریی و دووبارە بونیادنانەوەیە جەوهەر و ماکی نووسینە.
وەرگێڕ، چەندیش لە پشت دەقەوە خۆی وەشێرێت، هەر جێدەستی دیار دەبێت، هەڵبژاردنی وشە، داڕشتنی ڕشتە، ڕیتم و تۆنی دەقە وەرگێڕدراوەکە، ڕەنگدانەوە و دانگدانەوەی زەوق و ڕۆشنبیریی وەرگێڕە. بەم پێیە ئەگەر ڕۆمانێک چەند کەسێک وەری بگێڕن، تۆ چەند ڕۆمانێکی هاوشێوە لە ڕووی نێوەڕۆک و ڕووداوەوە دەخوێنێتەوە، بەڵام لە فۆڕم و شێوازدا جیاوازن؛ پاچڤەوان تەنیا وشە و بە شێوەیەکی میکانیکی وەرناگێڕێت، بەڵکو کەڵچەر و کۆنتێکست و ڕەوت و سیاق و هەستە پەنهانەکانی بن دێڕی دەقەکە پاچڤە دەکات. وەرگێڕ کە تووشی دەقێکی مەجازی یان دەستەواژەیەکی بڕێک شەعبی و تایبەتی دەبێت، پاچڤەی حەرفی ناکات، بەڵکو هاوتایەکی تازەی لە زمانی دووەمدا بۆ دەدۆزرێتەوە، کە هەمان باندۆری سۆزداری و ئیستاتیکی هەبێت، کە ئەمە بۆ خۆی داهێنانە و ئەولاتریش. وەرگێڕ تەنیا گوێزەرەوەیەکی میکانیکی وشە نییە، یان دەنگدانەوەی دەنگی کەسێکی غەیرەز خۆی نییە، بەڵکو نووسەری دووەمە، سازڤانێکی تاک نەوازە، دەقێک لە ژینگەیەکی کولتووری تازەدا دەژێنێتەوە.
ماویەتی

