رۆژنامەی ھەولێر

ترس و تێکچوونی بارودۆخی دەروونی؛ هۆکارێکی شاراوەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک

ماكوان عێزەت – هەولێر

 

تەندروستیی دەروونی تەنیا باری دەروونیی مرۆڤ دیاری ناکات، بەڵکو یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی پاراستنی سیستمی دڵ و بۆرییەکانی خوێن. لەم بارەیەوە، د. کاوە وسو حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، ئاگاداریی دەداتە هاووڵاتییان کە پێویستە بە وریاییەوە ئاگاداری باری دەروونییان بن و ڕایدەگەیەنێت: «لە دواڕێنماییە تەندروستییەکانی ئەوروپادا جەختێکی زۆر لەسەر باری دەروونی کراوەتەوە. کاتێک هەست بە بێتاقەتی، دڵەڕاوکێ، یان ماندوێتیی دەروونی دەکەیت، پێویستە بەبێ دوودڵی داوای یارمەتی لە پسپۆڕانی تەندروستیی دەروونی بکەیت.»

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕەی دڵ، دوو گرفتی سەرەکیی دەروونی هەن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە هەیە، کە لەو ڕێگەیەوە دەبنە هۆی دروستبوونی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و ماکەکانی تری سەر چاو و پەلەکان:
• دڵەڕاوکێ (قەلەقی): ئەو کەسانەی تووشی دڵەڕاوکێی بەردەوام دەبن، پێویستە لە زووترین کاتدا سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکەن تا ڕێگری بكەن لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، شەکرە و لە کۆتاییدا جەڵتەی دڵ.
• خەمۆکی: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، شەکرە و چەوریی خوێن. ئەم هۆکارانەش بە کۆمەڵ دەبنە هۆی لاوازبوونی ماسوولکەی دڵ، جەڵتە و گشت نەخۆشییەکانی تری بۆرییەکانی خوێن کە لە ڕیزبەندیی یەکەمی هۆکارەکانی مردندان.
هوشیاریی کۆمەڵایەتی و داواکاریی یارمەتی
لە کۆتاییدا، د. کاوە وسو حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە کلتووری داواکردنی یارمەتیی دەروونی ببێتە دیاردەیەکی ئاسایی بە هەمان شێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان؛ تا تاکەکانی کۆمەڵگە لە کاتی هەستکردن بە ناتەندروستیی دەروونی، ڕاستەوخۆ سەردانی پسپۆڕ بکەن و خۆیان لە مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بپارێزن.