رۆژنامەی ھەولێر

“میدیای کاغەزی لە هەرێمی کوردستان لەنـــێوان مێـــژوو و مـــەترسیی نـــەمان”

ئەحمەد ستار
ڕۆژنامەی چاپکراو تەنها ئامرازێکی بڵاوکردنەوەی هەواڵ نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە مێژووی ڕۆشنبیری، زمان و خەباتی ڕۆژنامەگەریی کوردی. لە هەر بەیانییەکدا کە ڕۆژنامەیەک لە چاپخانە دێتە دەرەوە، تەنها چەند لاپەڕەیەک لەسەر کاغەز بڵاو نابنەوە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی کات، پاراستنی بیر و بەرگریکردن لە ڕاستی. بۆیە هەرکاتێک ڕۆژنامەیەکی چاپکراو لەچاپ دەوەستێت، تەنها دامەزراوەیەکی میدیایی نامرێت، بەڵکو بەشێک لە بیرەوەریی کۆمەڵگا بێدەنگ دەبێت. لە هەرێمی کوردستان، ئەم بێدەنگییە ساڵانێکە بە هێواشی دەستی پێ کردووە. ڕۆژنامەکان یەک لە دوای یەک چاپیان کەم بووەتەوە، هەندێکیان لە بازاڕ نەماون و هەندێکی دیکەش ناچار بوون تەنها لە دنیای دیجیتاڵدا بەردەوام بن. زۆر کەس ئەم دیاردە تەکنەلۆژیەیان پێ «سەرکەوتنی تەکنەلۆژیا»یە و، بەشێکیتریش هۆکاری ئابووری دەکەن بە پاساو بەڵام من پێم وایە ئەم شیکردنەوەیە زۆر سادەیە. ئەگەر تەکنەلۆژیا و ئابووری ئەو دوو هۆکارە بان، بۆچی لە زۆر وڵات هێشتا ڕۆژنامە چاپکراوەکان ماون؟ بۆچی هێشتا زانکۆکان، دامەزراوە ئەکادیمییەکان و توێژەرەکان پشت بە چاپەمەنی دەبەستن؟ وەڵامەکە ڕوونە؛ چونکە ڕۆژنامەی کاغەزی نەک خێراترین، بەڵکو باوەڕپێکراوترین جۆری ڕاگەیاندنە، ئەگەر پیشەیی بێت. دەربارەی بارودۆخی ئابووریش. ڕاستییەکی تاڵ هەیە؛ میدیای کاغەزی لە هەندێک بواردا دواکەوتووە. لەکاتێکدا جیهان ڕۆژنامەی چاپکراوی کردووەتە شوێنی ڕاپۆرتی قووڵ، لێکۆڵینەوە، داتاژورناڵیزم و شیکردنەوە، لە هەرێمی کوردستان زۆرێک لە چاپەمەنییەکان هێشتا لە بازنەی هەواڵی ڕۆژانە و ناوەڕۆکی ئاسایی دەرنەچوون. خوێنەر، کە هەمان هەواڵ بە خولەکێک لە مۆبایلەکەیدا دەبینێت، بۆچی سبەینێ پارە بدات و هەمان شت لە ڕۆژنامە بخوێنێتەوە کێشەی ئێمە لە کوردستان لە کاغەز نییە؛ لە ناوەڕۆکە لە متمانەیە لە نەبوونی مۆدێلە ئابوورییەکی سەربەخۆیە. هەروەها، نابێت بەرپرسیاریەتیی خوێنەریش لەبیر بکەین؛ کۆمەڵگایەک کە کتێب و ڕۆژنامە ناکڕێت، ناتوانێت چاوەڕوانی ڕۆژنامەگەرییەکی بەهێز بکات. میدیا بەبێ خوێنەر، وەک کتێبخانەیەکە بەبێ خوێنەر. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەی گوتم ئەمە واتای ئەوە نییە کە هیوامان لەدەست بدەین. ئێستا کاتی هاتووە میدیای کاغەزی خۆی دووبارە بناسێنرێتەوە. شوێنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی، وتاری بیرمەندانە، گفتوگۆی فکری و ئەو بابەتانەبێت کە خوێنەر ناتوانێت لە ژمارەیەک دێڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەری بگرێت. ڕاگەیاندن، پێش هەر شتێک، بەرپرسیارەتییە. ئەو کۆمەڵگایەی میدیای بەهێزی نییە، لەوانەیە هەواڵی زۆری هەبێت، بەڵام ڕاستی کەم دەبێت. ئەوەش مەترسیدارترە لە هەر قەیرانێکی چاپ. لە کۆتاییدا، میدیای کاغەزی لە هەرێمی کوردستان لە بەردەم دوو ڕێگادایە: یان بە شێوەکەی جارانی خۆی بەردەوام بێت و بە هێواشی لەناو بچێت، یان خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمی دیجیتاڵیدا.