ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
پەتای توندی سکچوون و ڕشانەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆری شلەمەنی و کانزاکانی جەستە. لەم بارەیەوە، د. پروشە شوان، پزیشکی گشتی و پسپۆڕی خۆراک و کێش، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ ڕێگری لە وشکبوونەوەی جەستە، زۆر گرنگە بە شێوازێکی تەندروست قەرەبووی ئەو شلەمەنی و کانزایانە بکرێتەوە و شلەمەنییە سروشتییەکان، میوە و سەوزەکان لە ژەمە خۆراکییە ڕۆژانەیییەکاندا بخورێت.
بەپێی وتەی پسپۆڕی خۆراک، پێویستە ئەو خۆراکانەی لە کاتی تووشبووندا دەخورێن ئاسان هەرس بن و سووک بن لەسەر گەدە، هەروەها دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ. سەرەکیتریین ڕێنماییەکانیش بریتین لە:
• شێوازی ژەمەکان: پێویستە ژەمەکان لە شێوەی شۆربای مریشک (بێ زەیت)، شۆربای سەوزەواتی کوڵاو لەگەڵ نەعنا، نیسک، یان برنجی نەرمکراوی بێ ڕۆن بێت.
• شێوازی ئاوخواردنەوە: ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە؛ بەڵام پێویستە بە پەرداخ یان لە هەندێک حاڵەتدا بە قوم قوم بخورێتەوە، چونکە خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو بەسەر یەکەوە دەبێتە هۆی دڵتێکهەڵاتن و زیادبوونی ڕشانەوە.
• خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە پۆتاسیۆم: گرنگە ئەو خۆراکانە بخورێن کە دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم، وەک: ئەڤۆکادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر، نیسک و ماسی.
• گیراوەی ماڵەوە: لە سەرەتای نەخۆشییەکەوە دەتوانرێت سوود لە پەرداخێک ئاوی شلەتێن وەربگیرێت کە نیو لیمۆی گوشراو، کەوچکێک هەنگوینی سروشتی و کەوچکێکی چا خوێی تێبکرێت.
گروپە هەستیارەکان و کاتی سەردانیکردنی پزیشک
د. پروشە شوان ئاگاداری دەدات کە نەخۆشانی شەکرە زیاتر و خێراتر لە کەسانی تر تووشی وشکبوونەوە دەبن لە کاتی سکچوون و ڕشانەوەدا، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشکی تایبەتی خۆیان بکەن.
هەروەها کاتێک نیشانەکانی سکچوون و ڕشانەوە زیاد دەکەن و ئاوی جەستە زۆر کەم دەکاتەوە، سەردانیکردنی بنکە تەندروستییەکان پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاو و خوێی جەستە. جگە لەوەش توێژەکانی وەک منداڵان، بەتەمەنەکان، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەکارهێنەرانی دەرمانی تایبەت و، ئەو کەسانەی لەبەر خۆردا کاری قورس دەکەن، دەبێت وریایی زیاتریان هەبێت.
ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و پەتای گەدەدا
بۆ ڕێگری لە تووشبوون بەم پەتایە، ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکرێت بە پەیڕەوکردنی ئەم هەنگاوانە:
1. کوڵاندنی ئاو: لە بچووکترین گومان لە پاکیی ئاو، دەبێت پێش بەکارهێنانی بۆ خواردنەوە یان چێشتلێنان بکوڵێنرێت.
2. شۆردنی سەوزە و میوە: پێویستە هەموو خۆراکەکان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەکان پێش خواردنیان بەباشی بە ئاو و خوێ، سرکە، یان گیراوەی تایبەت پاک بكرێنەوە.
3. دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی خۆراک: دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەرشەقام و عەرەبانەكان و ئەو خۆراکانەی لە سەرچاوەی نادیار و ناتەندروستەوە ئامادە دەکرێن.
4. پاکوخاوێنیی کەسی: بەردەوام دەستشۆردن بە باشی، بەتایبەت پێش نانخواردن و دوای بەکارهێنانی توالێت، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی تووشبوو.

