نـــــــــوح چــــــــــــارنی
(شانی بۆیانجیۆ ـ Shani Boianjiu)، ڕۆماننووسێکی ئیسرائیلییە، کە یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (خەڵکی هەمیشەیی ناترسن – The People of Forever Are Not Afraid) بوو. لەم گفتوگۆیەیدا باس لە خزمەتی سەربازی و نووسەرە دڵخوازەکانی و شکستهێنانی لە بینینی جەستن بیبەر دەکات.
ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
شانی بۆیانجیۆ: لە گوندی (کفار ڤرادیم – Kfar Vradim) لە ئیسرائیل. لە منداڵیشدا ماوەیەکی کەم لە (مەعالۆت تەڕشیحا – Ma’alot-Tarshiha) ژیاوم و لە قودس لەدایکبووم، بەڵام زۆربەی ژیانی منداڵیم لە کفار ڤرادیم بووە.
ـ تۆ لە سوپا خزمەتت کردووە. سەربازی بۆ ئەمریکییەکان یان هەڵبژاردنێکی پیشەییە یان شتێکە کە لێی دەترسن، بەڵام لای ئێوە خزمەتی سەربازی ناچارییە. ڕات چیبوو پێش ئەوەی ببیتە سەرباز؟
شانی بۆیانجیۆ: من گومانم لەو چەمکە هەیە کە دەڵێت بۆ ئەمریکییەکان تەنها هەڵبژاردنی پیشەییە؛ زۆر کەس لەبەر باری دارایی دەچنە ناو سوپا بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو قورساییەی کەوتووەتە سەر شانیان. سەبارەت بە من، جیاوازە، نەمدەتوانی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ویژدانی خۆم ڕازی بکەم کەسێکی تر دوو ساڵی ژیانی خۆی لە جیاتی من بکاتە قوربانی. ئەی ئەگەر ئەو کچەی لە جیاتی من خزمەت دەکات بمرێت یان قاچێکی لەدەست بدات؟ من کێم تا بڵێم مێشک یان ژیانی من گرنگترە؟ هاوپۆلێکی قوتابخانەم هەبوو کە خزمەتی سەربازیی نەکرد، چونکە دەیویست ببێتە سەماکار. پێی وابوو دوو ساڵ مانەوە لە سوپا ڕێگرە لە بەکارهێنانی کارامەییەکانی وەک ئەندامێکی بەسوودی کۆمەڵگە. پێی وابوو بوونی چوونە نێو دامەزراوەیەکی سەربازی لەگەڵ کەسایەتییەکەی ناگونجێت و تووشی ئازار و ناڕەحەتییەکی زیاتری دەکات لەوەی کە بەرگەی بگرێت. بێگومان لەسەر ئاستی کەسی، منیش هەستم دەکرد کە لە تەمەنی ١٨ و ١٩ و ٢٠ ساڵیدا، لەبری ئەوەی ڕۆژانە هەشت کاتژمێر تەماشای دەروازەیەکی داخراو بکەم، یان هەفتە دوای هەفتە لە گۆڕەپانی تەقەکردن بم و گوێم لە تێبینی بێت دەربارەی شێوەی جەستەم، نزیکەی ملیۆنێک کاری تر هەبوون ئەنجامیان بدەم و دەکرا سوودێکی زۆر باشتریان بۆ کارامەییەکانم هەبێت. لە ناخمدا هەستی بچووک، تاڵ و ناشیرینم حەشار دابوون، بەڵام من چۆن دەتوانم وانیشان بدەم ئازارەکانی من لە هیی کەسێکی تر گەورەترن؟ من ئامێری ئازارپێوم نییە. هەندێک کەس لەبەر ئایدۆلۆژیا خزمەت ناکەن، من ڕێزیان دەگرم بەڵام بۆ من خزمەتی سەربازی هەروەک وەک کارکردنە لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێکخراوەکانی گەنجان. پێم وایە ئەگەر ناچار بوومایە بژاردەکەی ئەوان هەڵبژێرم، ئەوە کارێکم هەر دەکرد. هیوادارم هەمووکەس هەموو چرکەیەکی ژیانیان بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی مرۆیی کە لە توانایاندا بێت بەکاربهێنن، ئەمەش لە پێناو گۆڕینی نیشتمان. ئەمڕۆش هێشتا هەمان هەستم هەیە، هەر بۆیە ئەگەر بۆ هێزی یەدەگ بانگم بکەنەوە، ئامادەم.
ـ سێ کتێبی نووسەرانی ئیسرائیلی پێشنیار بکە و بڵێ بۆچی پێت باشن؟
شانی بۆیانجیۆ: کتێبی (پاشای فەلافل مردووە – The Falafel King Is Dead) لە نووسینی (سارا شیلۆ – Sara Shilo). من دڵنیا نیم بۆچی لە کاتی وەرگێڕاندا ناوونیشانەکەیان گۆڕیوە. ئەگەر من بوومایە، ناوونیشانەکەم دەکردە: (هیچ قوڵەبنەیەک نایەت – No Gnomes Are Going to Come). من ئەم کتێبەم زۆر خۆش دەوێت، چونکە پێم وایە ئەگەر کەسێک کە ئیسرائیلی نییە، بیهەوێت کتێبی نووسەرێکی ئیسرائیلی بخوێنێتەوە و داوای پێشنیار لە من بکات، ئەوا ڕێک من ئەم کتێبەی بۆ پێشنیار دەکەم، چونکە بە بڕوای من ئەم کتێبە بەسوودترین کتێبە کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو لەسەر ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە.
کتێبی دووەم (لەپڕ هەموو گڵۆپەکان کوژانەوە – Suddenly All The Lights Went Out) لە نووسینی (تیرزا عەتار – Tirza Atar). تیرزا عەتار شاعیر و وەرگێڕێکی ئیسرائیلی بوو کە لە ساڵی ١٩٧٧دا کۆچی دوایی کرد. ئەو کورتەچیرۆکیشی دەنووسی کە ئەودەمەی لە ژیاندا بوو هەرگیز بڵاونەبوونەوە. چیرۆکەکانی زۆر جوان، کورت، خەمناک و خەیاڵاوی و سەرنجڕاکێشن. تێکەڵەیەکن لە سەیرترین بەشەکانی مێژووی ئیسرائیل. چیرۆکی ئەفسانەیی و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دڵسۆزانە و جددیین لە ئازاری قورسی ڕۆژانەی ژنێک کە هەرگیز بە مێشکدا نایەن. ئەم شاعیرە پەخشانیشی هەن کە ٤٠ ساڵ دوای نووسرانیان دۆزرانەوە و لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکرانەوە. بە ڕاستی پێویستە بیانخوێنیتەوە! بێگومان ناتوانیت، چونکە پێم وانییە وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی ئینگلیزی. بەڵام من وەرمگێڕاون، بۆیە پێم وایە ئەگەر بە ڕاستی بتەوێت بیانخوێنیتەوە، دەتوانیت ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ پەیوەندیکردن بە کەسێکەوە کە من بناسێت و منیش کتێبەکەت لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بۆ دەنێرم.
کتێبی سێیەم، (گوڵەکانی گومان و ئەمما – Flowers of Perhaps) لە نووسینی (ڕاحێل بلووشتاین – Rahel Bluwstein)ی شاعیرە. دیوانە شیعرییەکەی بە ئاسانی بە زمانی ئینگلیزی دەستدەکەوێت، هەرچەندە پێموایە وەرگێڕانەکەی دادپەروەرانەترین وەرگێڕان نییە کە بۆ شیعرەکانی کرابێت. شیعرگەلێکی خۆش، سادە، جوان، جددی و ڕاستگۆن کە من زۆرم خۆش دەوێن و هەمیشە چێژ لەو بیرکردنەوەیە وەردەگرم کە دوای خوێندنەوەیان بۆم دروست دەبێت. شیعرەکان چەندین کاریگەریی جیاواز و دژبەیەک پیشان دەدەن؛ هەر لە کۆنەوە تا ئێستا، ئەوە تەنها خودی ڕاحێلە کە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات نووسین بەو زمانە عیبرییە نوێیەی لە ساڵانی ١٩٢٠ چ واتایەکی هەیە. هەندێک لە شیعرەکان کەمێک خەمناکن، چونکە لە کاتی نووسینیان ڕاحێل لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی سۆسیالیستیی ئیسرائیل دەرکرا لەکاتێکدا خۆی لە تەمەنی ١٩ ساڵی و لەبری ئەوەی بچێتە ئیتالیا بۆ خوێندنی هونەر و فەلسەفە، کەچی لە ڕووسیاوە هاتبوو تا وڵاتەکەی بنیادبنێتەوە. دەریانکرد چونکە لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم، کاتێک لە ڕووسیا وانەی بە منداڵە ئاوارە جووەکان دەوتەوە، تووشی نەخۆشیی سیل ببوو. ئەوەبوو ساڵانی کۆتایی ژیانی بە تەنهایی، هەژاری، برسیەتی و ئازارێکی کوشندە، لە شوقەیەکی بچووکی ناشیرین لە تەلئەبیب بەسەر برد و ئەم هەموو شیعرەی ئەودەم نووسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی شیعرەکانی، کێشەکانی خۆی بە پێکەنین و گاڵتە و بە سنگێکی فراوانەوە قبوڵ کردووە.
ـ جیاوازیی نووسین بە زمانی عیبری و ئینگلیزی چییە؟
شانی بۆیانجیۆ: من ناتوانم وەڵامێکی جددیی ئەم پرسیارەت بدەمەوە لەم چوارچێوە کەمەی بۆم تەرخان کراوە؛ چونکە پێم وانییە هیچ شتێک – بێجگە لە شتە زۆر دیار و ئاشکراکان – هەبێت کە لە نێوان نووسین بە زمانی ئینگلیزی و نووسین بە زمانی عیبری هاوشێوە بێت. پێموایە ئەمە بۆ هەموو زمانەکانی تریش ڕاستە. پێم وانییە لە پێگەیەکدا بم بە شێوازێکی زۆر کورت لەسەر زمانی گەلانی تر بدوێم و بڵێم ئەم زمانە بۆ ئەم کارە باشە یان بۆ ئەو کارە خراپە، بەتایبەتی من کە زمانی ئینگلیزی زمانی دایکیم نییە، بۆیە بۆم نییە بڕیاری لەسەر بدەم. هەر زمانێک لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت تەواوی جیهانی کەسانێک بێت کە تەنها دەتوانن بەو زمانە قسە بکەن. من هاوڕێیەکی نزیکم هەیە کە تەنها بە ئینگلیزی قسە دەکات؛ دڵنیام ئەو دەتوانێت ئەو زمانە بۆ هەر کارێک کە پێویستی بێت بە باشی بەکاربهێنێت، بەڵام دەتوانم بڵێم من ئینگلیزیم خۆش دەوێت چونکە وشەی زۆری تێدایە. تەنانەت ئەگەر زۆر بە زیادەڕۆیییش بەکاریان نەهێنم. وەک ئەوە وایە پارەیەکی زۆرت لە بانکدا پاشەکەوت کردووە بۆ ڕۆژی تەنگانە؛ هەر لەبەر ئەمەشە حەزم بەو ئارامییە دەروونیەیە کاتێک دەزانم زمانی ئینگلیزی خاوەن وشەیەکی زۆری پاشەکەوتکراوە لە بانکەکەیدا. ئەمە ڕێگەم پێدەدات کەمتر هەست بە شڵەژان بکەم و بێدڵەڕاوکێ بنووسم، تا بتوانم ئارامتر و قووڵتر بیر بکەمەوە؛ ڕێک وەک ئەوەی کە دەزانی کرێی خانووەکەت دابین کراوە، بۆیە دەتوانیت بە ئاسوودەییەوە بنووسیت، بەڵام زمانی عیبری جیاوازە و ڕستەکانی کورت و لە شوێنی گونجاوی خۆیەتی. تۆ دەتوانیت لە زمانی عیبریدا بە تەنها پێنج وشەی دروست، چیرۆکی تەواوی جیهان بگێڕیتەوە؛ ئەم کاتیبوون، گەورەیی و بچووککردنەوەیە لە زمانی عیبری بۆ من سەرنجڕاکێش و تایبەتە.
ـ کاتێک بیر لە نەخشەی نووسینی کتێبێک دەکەیتەوە، پلانی بۆ دادەڕێژیت یان لێدەگەڕێیت بڕوات؟
شانی بۆیانجیۆ: تاکە ڕێگە کە بیزانم ئەوەیە بیرۆکەیەک بە ڕێکەوت دێتە نێو مێشکمەوە، دواتر دووبارە و دووبارە دەیشێلم و دەیهێنم و دەیبەم، تا ئەو کاتەی هەست دەکەم سەرم دەتەقێت، ئینجا دەینووسمەوە.
ـ دەبێت چی لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبێکدا ڕوو بدات بۆ ئەوەی خوێنەر بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی؟
شانی بۆیانجیۆ: ئامانجی ئەدەب کەمکردنەوەی ئازارە لە جیهان. من بە دوای بەڵگەیەکدا دەگەڕێم کە نووسەرەکە هەموو هەوڵێکی خۆی دابێت بۆ نووسینی چیرۆکێک کە ئازاری مرۆڤ کەم بکاتەوە. ئەگەر ئەوەم لە لاپەڕەی یەکەمدا ببینی، هیچ هێزێک نییە ڕێگریم لێ بکات لە خوێندنەوەی.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
شانی بۆیانجیۆ: تەنها کۆمپیوتەرم پێویستە، و مێز و کورسییەک بۆ ئەوەی پشتم نەهێشێت. هەروەها پێویستم بە شوێنێکە مۆسیقای بەرز لێبدەم و بە تەنیا هەڵبەز و دابەز بکەم. ئەگەر خەڵک لە ژێرمدا بژین، ڕقیان لێم دەبێتەوە.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
شانی بۆیانجیۆ: نان بە مارگارینی گەنمەشامی و تەماتەی قاشکراو و کەمێک خوێ.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
شانی بۆیانجیۆ: (زۆر، زۆر، زۆر) یان (ڕاستی، ڕاستی، ڕاستی) یان (زۆر، زۆر کەمتر) و هاوشێوەکانیان، بەڵام ئەمە هەڵەی من نییە، چونکە زۆرجاران شتێک تەواو هەمان وشەیە، تەنها بە پلەیەکی کەمتر یان زیاتر – وەک چەمکێکی بیرکارییانە – و ئەگەر وشەیەکی تر بەکاربهێنم دەبێتە درۆ؛ تەنها بەهۆی جۆرێک لە لایەنگریی زاتی لە زۆرێک لە زمانەکان وایە کە هەست دەکەین وا پێویست دەکات وشەی تر بەکاربهێنین. بۆنموونە هەندێکجار شتێک بە ڕێژەی ٧٢.٥٪ ترسناکییەکەی کەمترە لە شتێکی تر، و هیچ وشەیەکیتر نییە ئەو ڕاستییە دەرببڕێت و گوزارشتی لێ بکات.
ـ دەبێت چەند بنووسیت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
شانی بۆیانجیۆ: من بەو شێوەیە بیر ناکەمەوە. ئەگەر شتێکم هەبێت بۆ نووسین، دەینووسم تا تەواو دەبێت، هەڵبەت ئەگەر شتێک هەبێت کە پێویست بێت بینووسم. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا، پێویستبوون بە خۆراک، پەناگە، خەو، کەسانی تر، تەکنەلۆژیا، یان پابەندبوونی تر ڕێگریم لێدەکەن لەوەی ئەو شتەی دەبێت تەواوی بکەم، بۆیە دەچم دەخەوم، ئەودەم هەست دەکەم ڕۆژەکەم بەرهەمدار نەبووە، بۆیە دەگریم. بەیانییەکەشی شیعرێکی غەمگین لەسەر ئەو ڕۆژە لە دەفتەری یادەوەرییەکانم دەنووسم و تێدەپەڕم.
ـ چیرۆکێکی کۆمیدی پەیوەست بە ناساندنی کتێبەکانت بگێڕەوە.
شانی بۆیانجیۆ: لە ستۆکهۆڵم بووم لە هەمان ئەو کاتەی کە (بروس سپرینگستین – Bruce Springsteen) و (وەن دایرێکشن – One Direction) لەوێ بوون، بەڵام (جەستن بێیبەر – Justin Bieber)م تەنها بە چەند ڕۆژێک لەدەست چوو، ئەویش بە هۆی گەشتی گەڕانەوەم لە تورکیاوە، تەنها نزیکەی چوار کاتژمێر. من تێناگەم چۆن شتی وا ڕوودەدات، یان کێ ئەم تەنزە تاڵ و گاڵتەجاڕییانەی ژیانم بۆ ڕێکدەخات. لە (بوداپێست – Budapest)، هەموو چرکەیەکی کە لەوێ بووم پێدەکەنم، بەڵام نامەوێت ئەو نوکتانە لەگەڵ کەسدا بەش بکەم؛ چونکە ئەوان تەنها هیی من و بوداپێستن،
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
شانی بۆیانجیۆ: ئەمساڵ ئیسرائیل بڕیاری دا ساڵانە ١٠٠٠ شیکڵ (shekel – پارەی ئیسرائیلی) باج بخاتە سەر هەر گۆڕێک، ئەمە واتە دەبێت لە ناو گۆڕیشدا کرێی خانوو بدەیت! بیرکردنەوە لە کرێ بەردەوام دەمترسێنێت. ئەگەر کێلی قەبرم هەبێت حەز دەکەم لەسەری بنووسرێت: “سڵاو! ببورە بێزارت دەکەم، بە هەڵە منیان خستۆتە ئێرە و ئێستا مردووم و هیچم لەدەست نایێت. تکایە ئەم بەردە لابدەن و ئەم زەوییە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە بەکاربهێنە. ئەگەر کەسێکیش زۆر حەزی کرد لێرە بنێژرێت، تەرمەکەم فڕێ بدەنە ناو زبڵدان یان هەر شوێنێک کە ئاسان بێت بۆتان. زۆر سوپاس! شانی بۆیانجیۆ.” داواشم لە کۆمپانیای دڵنیایی کردووە هەرکەسێک ئەم خزمەتەم بۆ بکات ٢٠٠٠ شیکڵ وەربگرێت، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
شانی بۆیانجیۆ: هیوادارم ڕۆژێک بیخوێنیتەوە.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.

