رۆژنامەی ھەولێر

لە زاخۆ دارستانێکی بەرهەمدار بنیات دەنرێت

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌وزكردنی هه‌رێمی كوردستان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێستا هه‌ڵمه‌تێكی چاندنی زیادتر لە شازدە هەزار دار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێکردووە، ئامانج لێیی بنیاتنانی دارستانێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

به‌ مه‌به‌ستی زیادتركردنی ڕێژه‌یی سه‌وزایی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ڕێگریكردن له‌ پیسبوونی ژینگه‌كه‌ی، هه‌ڵمه‌تێكی چاندنی هه‌زاران دار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێکردووە.
بەپێی پلان شازدە هەزار و سێ سەد و پەنجا دار فستەق و زەیتون لەسەر ڕووبەری هەشتا بۆ نەوەت دۆنم زەوی لە زانکۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەچێندرێت.
ئەم هەنگاوە بەشێکی سەرەکییە لە هەڵمەتە گەورەکەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە ئامانجی چاندنی یەک ملیۆن دارە لە سنوورەکە و پێشتریش لە قۆناغی یەکەمی ئەم هەڵمەتەدا زیادتر لە چوار سەد هەزار دار چێندرا.
پڕۆژە نوێیەکە ڕووبەرێکی فراوان لەخۆ دەگرێت، کە لە نێوان هەشتا بۆ نەوەت دۆنم زەوی بۆ تەرخانکراوە و جۆری دارەکانیش بریتین لە داری زەیتون و فستەق، کە ئەمەش جگە لە سودە ژینگەییەکانیان و خۆڕاگرییان لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە، لە ڕووی ئابووریشەوە بەرهەمدارە.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی چاندنی دارانە به‌ هاوكاریی ڕێکخراوی نێودەوڵێتی کار (ILO)، لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ماوەی دوو ساڵە کارەکانی بەشێوەی کردەیی دەستیپێکردووە و بە شێواز و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
لە پڕۆژەکەدا بۆ ڕێگری لە وشکبوونی دارەکان و دڵنیایی مانەوەیان، سیستەمێکی پێشکەوتوو و نوێی ئاودان بۆ تەواوی ڕووبەرەکە دابین دەکرێت، هاوکات تیمێکی ڕاهێندراو و تایبەت بۆ خزمەتگوزارییە ڕۆژانەییەکان دابین دەکرێت.
جیا لە سەوزکردن و کاریگەری زۆری لە پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە، یەکێک لە ڕەهەندە مرۆیی و ئابوورییە بەرچاوەکانی ئەم پڕۆژەیە، ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار ئەرکی دابینکردنی بیمەی کار و تەندروستی بۆ کارکەرانی نێو پڕۆژەکە گرتۆتە ئەستۆ.
بڕیارە ئەم پڕۆژەیە تەنیا وەک دارستانێک نەمێنێتەوە، بەڵکو پەرەی پێدەدرێت، تا وەک شوێنێکی حەوانەوە بەکار بهێندرێت و تێیدا ڕێگەی پیادە و شوێنی تایبەت بە وەرزش و پیاسەکردنی تێدا دروست دەکرێت، هاوکات شوێنی دانیشتن و حەوانەوە و کافتریاشی تێدا هەیە، کە ئەم ژینگە نوێیە دەرفەتێک بۆ قوتابیان و هاووڵاتیانی زاخۆ دەڕەخسێنێت تا لە کەشوهەوایەکی پاک و سەوز و دیمەنێکی شارستانیانەدا کاتەکانیان بەسەر بەرن.
ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژانە، جیا لەوەی کە دیمەنێکی شارستانی بە شاری زاخۆ دەبەخشێت، کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا و گۆڕانکاری کەشوهەوایە، هاوکات دروستکردنی ئەم جۆرە دارستانانە لە ناوەندی ناوەندە ئەکادیمییەکانی زانکۆ، هۆشیاری ژینگەیی لەلای نەوەی نوێ بەرز دەکاتەوە و دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
جیا له‌ بنیاتنان و ڕۆنان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هه‌رێمەکەی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ چڕی كار له‌ سه‌وزكردن و فه‌راهه‌مكردنی ژینگه‌یه‌كی پاك و ته‌ندروست بۆ دانیشتوانی ده‌كات، لە ماوەی ڕابردووشدا، هه‌ڵمه‌تی چاندنی ملیۆنێك دار به‌ڕووی له‌ شاری هه‌ولێر ڕاگه‌یاند، پڕۆژه‌كه‌ له‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد.