ڕائیب جادر – هەولێر
سبەی ٤٣ ساڵ بەسەر یەکێک لە تاوانە گەورەکانی ڕژێمی بەعسدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا ھەشت ھەزار پیاوی بارزانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەنفالکران، لە کاتێکدا یادی ئەم کارەساتە دەکرێتەوە، ھێشتا ڕووفاتی زۆرینەی قوربانییەکان نەدۆزراونەتەوە و کەسوکارەکانیان چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەی حکوومەتی عێراقن. بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ئەمڕۆ لەسەر ئاستێکی باڵا یادەکە دەکرێتەوە. دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە ئەستۆی بووە بۆ کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی یاسایی ھەڵنەگرتووە و تا ئێستا ئامادەنییە قەرەبوویان بکاتەوە.
ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی تاوانێکی گەورە بوو کە لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن دژی ھاووڵاتییانی سڤیل دەستیپێکرد، گەنج و پیاوی بارزانی لە تەمەنی ٧ ساڵی تاوەکو سەرووی ٩٠ ساڵی لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا کۆکرانەوە، دواتر بە بارھەڵگر و پاسە سەربازییەکان گوازرانەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی عێراق و لە بیابانەکاندا زیندەبەچاڵ کران و لە ناوبران تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون و بارزانی بوو، تا ئێستا تەنیا ڕووفاتی ٦٩٦ ئەنفالکراوی بارزانی لە سێ قۆناغی جیاوازدا ساڵانی”٢٠٠٥، ٢٠١٤ و ٢٠٢٢” گەڕێندراونەتەوە، ئەم ژمارەیە بەشێکی زۆر کەمی کۆی گشتیی قوربانییەکان پێکدەھێنێت و چارەنووسی ھەزارانی دیکە ھێشتا نادیارە و نەگەڕێندراونەتەوە، کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای گەڕاندنەوەی ڕووفاتی سەرجەم قوربانییەکان بۆ زێدی خۆیان دەکەن.
پیلانی ئەنفالی بارزانییەکان، دەستپێکی ھەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی میللەتێک کە دەویست بە ئارامی و ئاشتی لەسەر خاکەکەی بژیت، بۆ ئەم مەبەستە دوژمنان مەڵبەندی تێکۆشانیان لە بارزان کردە ئامانج، ئەنفالی بارزانییەکان بە ڕاگواستن دەستی پێکرد، بارزانییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بەوێرانکردنی دێھاتەکانیان و سووتاندنی دار و زەوییە چێنراوەکان و تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان، بارزانییەکان بەرلەوەی بەر ھەڵمەتی ئەنفال بکەون لە ساڵانی حەفتاکان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزرابوون و دواتریش لە ساڵی ١٩٨٠ ھێنرانەوە بۆ ئۆردوگە زۆرەملێیەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا، لە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێکران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردن دەستیپێکرد، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ بە پیلانێکی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو حکوومەتی ئەو کاتی بەعس بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لەڕێگەی ئەمنی شیمالەوە ھەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەکان دەستیپێکرد و ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی جینۆساید کران، سەدام حوسێن، سەرۆکی گۆڕبەگۆڕی ڕژێمی بەعس خۆی ددانی بەوەنا کە تاوانی بەرامبەر بە بارزانییەکان ئەنجام داوە، ئەوەش بەڵگەیەکی مێژووییە لەسەر دڕندەیی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد.
دوای ئەو کارەساتە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ھەموویان لە بارودۆخێکی نالەباری دەروونی زۆر خراپدابوون، بۆ گوزەرانی ژیانیشیان زەحمەتێکی زۆریان بینی، وەکو خۆیان، دەڵێن، بەدەردەسەری و نەبوونی و لەژێر حوکمی زاڵمانەی بەعسدا منداڵەکانی خۆیان پەروەردە و بەخێو کردووە، ئێستاش کاتێک ئەو ڕۆژانە دێنەوە بەرچاومان سەیرمان پێ دێت کە چۆن بێ باوک منداڵەکانی خۆمان بەخێو کردووە.
دایکە حەلیمە کەریم، ھاوسەر، دوو کوڕ و بە دەیان خزم و کەسی دیکەی ئەنفالن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە ٣١ی ٧ کاتژمێر ٤ـی بەیانی ھەر ئەوەندەمان دیت سوپای عێراق دەوروبەری کۆمەڵگەی قوشتەپەیان گرتووە، نەخۆش، پیرەمێرد، پەککەوتە ھەموویان بردن و ئەنفالکران، ئێمەش بە دوایدا چووین بۆ ئەوەی بزانین بابەتەکە چییە، بینیمان برای سەدام حوسێن، بارزان و وەلید ئەلحاشی لەگەڵ سوپاکەدان، دەیان گوت، بە منداڵ و پیر و ئافرەتەوە ھەمووتان دەبەین ئەوە فەرمانی سەدامە، پیاوەکان گوتیان ئێمە ببەن بەس ماڵ و منداڵەکانمان ھیچی لێ نەکەن، ئەوەی ڕەگەزی نێرینە بوو ھەموویان بردن، سواری ئۆتۆمبێلی سەربازیی کران و بردیانە بەردەرگای ناحیەی قوشتەپە، دوای کاتژمێرێک مانەوە ئۆتۆمبێلەکان بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتن، وێرای ئەوەی ھەموومان بەدوای ئۆتۆمبێلەکان کەوتین و داوامان کرد پیاوەکان ئازاد بکەن، بەڵام بێھیوا بووین و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گەڕاینەوە، ناوبەناویش فڕۆکە دەھات کۆمەڵگەکەمانی بۆردومان دەکرد، بەو ھۆیەوە چەندین ئافرەت شەھید بوون، ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی حەشر وابوو، ھەر کەسە و ھاواری کەسوکاری خۆی دکرد، بەڵام بێ سوود بوو.
نەجیبە ئیبراھیم، ھاوسەرەکەی، برا، مام و چەندین کەسی دیکەی بنەماڵەکەیان ئەنفالن، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دوای ئەنفالکردنی کەسوکاری ئێمە توشی ژیانێکی زۆر سەخت بووین، ئێستاش گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی خەڵکی ھەولێر لەگەڵ ئێمەیان کرد، کەمێک لە خەمە گەورەکەی ئێمەی سووک کرد، ھەر چەندە بەعس ئەو کات سزای کوشتن و گوللە بارانکردنی ھەر کەسێکی دابوو کە ھاوکاری بارزانییەکان بکات، بەڵام ھەولێرییەکان گوێیان بەو ھەڕەشەی بەعس نەداو و تا لە دەستیان ھات یارمەتی ئێمەیان دا، کەسی وا ھەبوو خزمی خۆی نەدەبردە کار و دەیگوت، تا ئافرەتێکی بارزانی مابێت، خزم و کەسی خۆم نابەم، ھیچ کاتێک چاکە و مەردایەتی ھەولێرییەکان لەبیر ناکەین، چونکە وەک باوک و برا بوون بۆ ئێمە.
دایکە نەجیبە، سەرەڕای خەفەتباربوونی لەو یادەدا دەخوازێت کورد یەکگرتووبن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و دووبارەنەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە، بۆیە ئومێد دەکەین ھیچ شەڕ و لێکترازانی دیکە لە کوردستان ڕوونەدات، دەبێت ھەموو کورد یەکگرتووبن و لە پشت سەرۆک بارزانییەوە بوەستن، بۆ ئەوەی میللەتی کورد سەرفراز و سەرکەوتووبێت.
کەمال ڕەھەم، کە باوک و برا و بە دەیان خزم و کەسی دیکەی ئەنفالن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: کاتێک کەسوکاری ئێمە ئەنفالکران، زۆر لە ھاورێیانم ئەوانەی لە تەمەنی دە ساڵان بەسەرەوە بوون، یان کەمێک باڵایان بەرز بوو دەستگیرکران بەزۆر لە ژێر ناڵە و گریان و دڕندەیی سەربازانی حکوومەت لە دایکیان جیا کرانەوە، چاکم لە بیرە دایکێک دوای ھاوسەر و کوڕە گەورەکەی دەستگیر کران، کوڕە بچووکەکەی کە قوتابی سەرەتایی بوو، بە زۆر لەژێر دەستیان دەرھێنا، دایکەکە ھاواری دەکرد منداڵەکەی من بچووکە و قوتابییە، کەچی منداڵەکەیان ھەر برد، گووتیان دەبەینە لای باوک و برای دواتر بۆت دێنینەوە، دایکی ھەموو ڕۆژێک لە چاوەڕوانی ھێنانەوەی کوڕەکەی بوو، تا دواجا ھەر بەو چاوەڕوانییە ماڵئاوایی کرد، دوژمن وای زانی بە کۆمەڵکوژیکردنی بارزانییەکان دەتوانێت کاریگەری و فشار بخاتە سەر چەقی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، بەڵام سەرباری گەورەیی قەبارەی کارەساتەکە، کەچی دوژمنان ئەو خەونەشیان لەگەڵ خۆیان بردە ناو گۆڕ.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەمڕۆ لەژێر چاودێری نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە ھۆلی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یادی ئەنفالکردنی ٨ ھەزار بارزانی دەکرێتەوە، جێگەی داخە ٤٣ ساڵە یادی کارەساتەکە دەکەینەوە، بەڵام تا ئێستا برینەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ساڕێژ نەبوونە، وێرای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە، تا ئێستا عێراق بەرپرسیاریەتی یاسایی ھەڵنەگرتووە و داوای لێبووردن و قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردۆتەوە، وەکو وەزارەتی شەھیدان لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و گەڕان و ھەڵدانەوەی گۆڕەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی قوربانییان بۆ زێدی باو باپیرانیان بەردەوام دەبین.
بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووتەوە کە دەبێت عێراق پابەندییەکانی خۆی بەپێی دەستوور، بەرامبەر بە گەلی کورد جێبەجێ بکات و کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە و ئەو کارەساتە بەجینۆساید بناسێنێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن عێراقەوە نەنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە ئەستۆی بووە بۆ کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان کردووە ھەر لە مووچەوە بگرە تا دەگاتە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە، نەخۆش، زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری دیکە کە تا ئێستاش بەردەوامن.

