رۆژنامەی ھەولێر

دەرگای هاوردەکردنی بەنزین بە کراوەیی ماوەتەوە بەو مەرجەی پابەندی ستانداردە بەرزەکانی کوالێتی بن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ڕێکخستنی نرخی بەنزین بە کواڵێتی نۆرمال، محەسەن و سووپەر چەند بڕیارێکی دەرکرد. شۆفێرانیش کەمکردنەوەی نرخی بەنزین بە گرنگ دەزانن و ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی خۆیان دەبینن، لیژنەکانی چاودێری بەردەوام سەردانی بەنزیخانەکان دەکەن و دەڵێن، ھەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە کە سزاکان پێبژاردن و داخستنی بەنزینخانەکان دەگرێتەوە.

کوالێتیی بەنزین بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت
لەپاڵ بڕیاری دیاریکردنی نرخدا، دەرگای ھاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەڕووی ھەموو لایەکدا بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام بەو مەرجەی پابەندی ستانداردە بەرزەکانی کوالێتی بن و تەواوی پرۆسەکەش لەژێر چاودێریی وردی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا بەڕێوەبچێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی سووتەمەنی بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک لیتری بەنزینی سوپەر ١٩٠٠ دیناری تێپەڕاند و نۆرماڵیش گەیشتە ١٤٠٠ دینار، حکوومەت نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە ٨٥٠ دینار، موحەسەن بە ١٠٠٠ دینار و سوپەری بە ١٢٠٠ دینار دیاریکردووە، پێویستە کوالێتیی ھەرسێ جۆری بەنزینی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت.

چارەسەرە گونجاوەکە
ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و کوالێتیی بەنزین بکەن و ڕێگە نەدەن ھیچ بارگرانییەک بۆ سەر شانی ھاووڵاتییان دروست بێت. شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، ئەم بڕیارە جارێکی دیکە سەلماندی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، ھەمیشە لە کاتە سەختەکاندا بە ھەستی بەرپرسیارێتی و دیدێکی دووربینانە بیر لە چارەسەرە گونجاوەکان دەکاتەوە و بڕیارەکانی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، سووککردنی بار و گوزەرانی خەڵک، جێگیریی ئابووری و خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە، ھیوادارین ئەم ھەنگاوە ئەرێنییە بەردەوام بێت و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکاریی بکەن، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بەردەوام سوود لە خزمەتگوزارییەکی باش و بەنزینی بەکوالێتی بە نرخێکی گونجاو وەربگرن.
لە ھەولێر بڕەکە بۆ دوو ھێندە زیاد کراوە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی دابینکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بۆ پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک زیاد کرد، لە ھەولێر بڕەکە بۆ زیاتر لە دوو ھێندە زیاد کراوە، ئەم زیادبوونە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، کە تێیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاسپێردرا ھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی، بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر”، بڕی ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەی ڕۆژانە دابەش دەکرێت، لە ھەندێک ناوچە بۆ دوو ھێندە زیادی کردووە. جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: لە شاری ھەولێر و سۆران ٥٥ بەنزینخانە بەنزینی ٧٥٠ دیناری و ٨٥٠ دیناری دابەش دەکەن. پێشتر ڕۆژانە ٢٠ تانکەر بەنزینمان بۆ دەھات، ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی بەشێکی زیاتری ئەو بەنزینخانانە بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکەن، بۆ ئەوەی بارگرانیی سەر شانیان کەم بێتەوە.

لە دھۆک ڕۆژانە ٣٩٦ ھەزار لیتر دابەش دەکرێت
لە دھۆکیش بەنزینی ٧٥٠ دیناری، زیاد کراوە، کارزان ڕەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دھۆک، ئاشکرای کرد، حکوومەت ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا کاریگەرییەکانی قەیرانەکە کەم بکاتەوە و بڕی پێویست بەنزین بگەیێنێتە بەنزینخانەکان، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ڕۆژانە ٣٢٤ ھەزار لیتر بەنزینی ٧٥٠ دیناری بۆ پارێزگاکە دەھات، بەڵام ئێستا بڕەکە بۆ ٣٩٦ ھەزار لیتر زیادی کردووە.

سلێمانی و ھەڵەبجە ڕۆژانە ١٢ تانکەری بۆ دەچێت
لە ھەر دوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە وەکو پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بڕی بەنزینەکە زیاد کراوە، پێشتر ڕۆژانە تەنیا ٥ تانکەر بەنزین بۆ ئەو دوو پارێزگایە دەچوو، بەڵام بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، ڕۆژانە بۆ ١٢ تەنکەر زیاد کراوە و ھەر تانکەرێکیش ٣٦ ھەزار لیتر لە خۆ دەگرێت.

دەبێ بڕیارەکان لەبارەی نرخی بەنزین وەک خۆی جێبەجێ بکرێن
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ھۆشداریی توند دەداتە خاوەن بەنزینخانەکان کە پێویستە بە تەواوی پابەندی نرخ و ستانداردەکانی کوالێتی بن، بە پێچەوانەوە ھەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای دارایی توند و داخستن دەبێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەڕێگەی کامێراکانی چاودێری و پشکنینی مەیدانییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.
فەرمانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین جێبەجێ دەکرێت. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سوپاسی خاوەن بەنزینخانە و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەکەم کە ھاوکار بوون لە جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و دەبێت بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: لە ھەر شوێنێک گرفت بێتە پێشەوە ڕێکار دەگرینەبەر و لەو بارەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی ھەولێر و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان قسە دەکەین، دەبێت بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی پێکھاتووە، لیژنەکە پێنج کەسە وەک سەرۆک و ئەندامانی نوێنەرانی بەرگریی شارستانی پێکھێنراوە، ئامانج لە پێکھێنانی ئەم لیژنەیە، ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و چاودێریکردنی نرخی گشت جۆرەکانی سووتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، غازی شلی ماڵان) لە وێستگە و کۆگاکانی سنووری ھەولێر و دەوروبەری، لیژنەکە دەسەڵاتی سزادانی سەرپێچیکارانی ھەیە بە پێبژاردن و تەنانەت داخستنی شوێنەکانیان، لە ئەگەری قۆرخکردن، گرانفرۆشی، یان فرۆشتنی سووتەمەنی کواڵیتی نزم.

لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، وێستگەکانی سووتەمەنی پابەندی بڕیاری حکوومەت بوون. ئامانجی سەرەکیی حکوومەتیش لەم ھەنگاوە، دروستکردنی ھاوسەنگییە لە نێوان پاراستنی سوودی دارایی خاوەن بەنزینخانەکان و سووککردنی باری سەرشانی ھاووڵاتییان. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند، پێزانینی بۆ ئەو بەنزینخانانە ھەیە کە لە سنوورەکەدا پابەندی بڕیارەکە بوون، ھاوکات داواش لەوانەی دیکە دەکات کە تاوەکو ئێستا پابەند نەبوون بە زووترین کات نرخەکان دابەزێنن، بۆ ئەوەی ناچاری گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی نەبن لە بەرامبەریان.