رۆژنامەی ھەولێر

بەهۆی پرۆژەکانی ئاو لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: بەھۆی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی ھەر سێ قەزای مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەرگای ٥٠ بیر قەپات کرا ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

بەھۆی پڕۆژەکانی ئاو کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکات، ھەروەھا لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەفر و بارانێکی زۆر باریوە، ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە و لە ھەندێک شوێن تا نزیکەی ١٢ مەتر جیاوازی ھەیە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، زۆربەی پۆند و بەنداوەکانیش ئەمساڵ سەرڕێژبوون، جگە لەو پۆندانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەدەیان پڕۆژەی ئاویش ھەن کە پێیان دەوترێت پڕۆژەکانی پاڕاوکردنەوەی ئاو، پڕۆژەی پاڕاوکردنی ئاوی ژێر زەوی، ئاوی زیادەی سەر زەوی لەڕێگەی تەکنیکێکی جیاوازەوە دەخاتە نێو خەزانەکانی ژێر زەوییەوە، بەمەش لەکاتی پێویست بەکاردەھێنرێت و سوودی لێوەردەگیرێت.
لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی زیادکردنی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و گڵدانەوەی ئاو و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی کە کاریگەریی گەورەیان دەبێت لە ھاوکاریکردنی جووتیاران و ئاژەڵداران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دراون، کە بەشێکیان کارەکانیان تەواو بووە و بەشێکیشیان کارەکانیان تەواو نەبووە و لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی قەزاکانی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەیە، ئەو پڕۆژەیە کێشەی کەمی ئاو لە سنووری ئەو قەزانە بە تەواوەتی چارەسەر دەکات، چونکە پێش کردنەوەی پڕۆژەکە لە ھەندێک گوند کێشەی کەمی ئاو ھەبوو و بە تانکەر ئاومان بۆ دەبرد، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە نەماوە، لە ھەمان کاتدا لەگەڵ کردنەوەی پڕۆژەکە دەرگای ٥٠ بیر داخرا ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: تۆڕە ناوخۆیەکانی ئەو ٥٣ گوندەیە چاککراون، تەنیا دوو گوند ماون ئەوانیش لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبن و ئێدی کێشەی کەمی ئاو و تۆڕەکانی ناوخۆ و لەگەڵ ھەموو ئەو کێشانەی پێشتر لە بواری ئاو ھەبوون نامێنن، لەگەڵ ئەوەی پێوەری ئاو بۆ ھەموو ماڵەکان دانراوە، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئاو بکرێت و ئاو بە فیڕۆ نەچێت.