مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ئینفانتینۆ: یاریی كۆتایی مۆندیال لە نێوان مێسی و یامال وەكوو یاریی ئاگرینە
ئینفانتینۆ، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان، رایگەیاند هەردوو هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و ئیسپانیا بە ئاستێكی زۆر بەرز گەیشتنە یاریی كۆتایی مۆندیال.
ڕاشیگەیاند، كە چاوەڕێ دەكرێ یاریی كۆتایی مۆندیال، لە نێوان لیۆنێل مێسی و لامین یامال، هاوشێوەی یارییەكی ئاگرین بێت. ئینفانتینۆ دەشڵێ: یاریی كۆتایی مۆندیالی 2026، مێژوویی دەبێت و یەكێك لە وێنە هەرە جوانەكانی تۆپی پێ دەبێت.
ئینفانتینۆ جۆش و خرۆشییەكی زۆری بۆ یاریی كۆتایی هەیە كە لە یاریگەی میتلایف بەڕێوە دەچێت.
دەڵێ: مێسیمان هەیە و یامال و چەندان یاریزانی جیاواز و ناوازە، كارێكی سەرنجڕاكێش دەبێت.
دەشڵێ: هەردوو هەڵبژاردەی شایانی گەیشتن بە یاریی كۆتایی مۆندیال بوون دوای بڕینی كاروانێكی سەخت، ئاستە بەرزە هونەرییەكەیان، گەواهیدەری بوونیانە لە یاریی كۆتایی.
وتیشی: ئەوان باشترین دوو تیپی پاڵەوانیەتییەكەن، شایانی ئەوەن لە یاریی كۆتاییدا بن، ئاستێكی جیاوازیان پێشكەشی كرد، گەیشتن بەم قۆناغە ئاسان نییە، لە كاتێكدا 448 تیپ بەشدارییان كرد، یاریی جوان و ناوازە و پڕئاڵنگاریمان بینی.
یامالیشی بە یەكێك لە دیارترین بەهرەوەرەكانی داهاتووی تۆپی پێ ناو برد.
دەشڵێ: چاوەڕێ دەكرێ، لە رووی بینین و تەماشاڤانی و چاودێرییەوە، یاریی كۆتایی ببێتە ڕووداوێكی مێژوویی.
وتیشی: مۆندیالی 2026، باشترینی مێژووی سەرجەم مۆندیالەكان بوو، وەك ئەوەی لە رووی هاندەران و ئاستی هونەری و كەشە تایبەتەكەوە بینیمان.
دی لافۆینتی: بۆ ڕاگرتنی مێسی پشت بە پلانێكی شكستخواردوو نابەستین
لویس دی لافۆینتی، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، سەرسامیی خۆی بە ئاستی ئەرژەتین دەربڕی پێش ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا ڕووبەڕوویان ببنەوە، دەشڵێ: تیپەكەی دەجەنگێت بۆ بردنەوەی ئەو ناسناوە.
دی لافۆینتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: گەیشتن بە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكی وەكوو مۆندیال، جێی دڵخۆشییەكی گەورەیە، ئێمە دەجەنگین بۆ بردنەوەی ناسناوەكە و چێژ لەو چركەساتانە وەردەگرین، ئەرژەنتین ڕكەبەرێكی گەورەیە و كاروانێكی ناوازە و سەرنجڕاكێشی هەیە.
لە بارەی شێوازی یاریكردنی ئەرژەنتین بە كە بەهێز و توندە، دەڵێ: هەر لایەنێک هەوڵ دەدات یارییەکە ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە بکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات، بەڵام هەردوو تیپەکە یارییەک پێشکەش دەکەن کە بەتواناترینەکان سەردەکەون. ناوبژیوانان لەوێدان بۆ یارمەتیدانی ئەو نماییشە جوانەی تۆپی پێ، ئێمەش پشتیوانیان دەبین.
لە بارەی هەستكردن بە دوودڵی و سترێس پێش یاریی كۆتایی، دی لافۆینتی وتی: من هەست بە دوودڵی دەكەم، چونكە لە ڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە دەگەڕێینەوە هۆتێل، ئەوە منی دوودڵ كردووە، بەڵام شتی تر، نەخێر، زۆر ئارامم، ئەوەی دەمانەوێ چێژوەرگرتنە لەو كەش و دۆخە.
لە بارەی دۆخی لامین یامال و بەراورد بە لیۆنێل مێسی، وتی: ئەو باشە، هەموویان بە شێوەیەكی زۆر باش مەشق دەكەن، هیوامان وایە هیچ ئەنجامێكی چاوەڕێنەكراو ڕوو نەدات، لامین، لامینە و مێسی دووبارە نابێتەوە. یامال پێشەنگە لە هەڵوێست و خوڕەوشتی، بە تایبەت لە روانین لە تەمەنی و ئەوەی لەم مۆندیالە پێشكەشی كردووە، جیاواز و سەرنجڕاكێشە.
لە بارەی نهێنیی سەركەوتنی، راهێنەری ئیسپانیا وتی: نهێنی، ڕەنگە كار و هەر كار و هەر كار بێت، هەروەها هەندێ جار كاروبارەكان ناڕۆن، ئەو كاتەی كارەكە سەركەوتوو نابێ، دەبێ لە كار بەردەوام بیت و خۆت بە كەسانی باش وەكوو یاریدەدەران و یاریزانانی ناوازە و دەستەی هونەریی بەتوانا، دەورە بدەیت.
سەبارەت بە دڵەڕاوکێی یەکتر و فشارە دەروونییەکانی پێش یارییەکە، دی لا فۆینتی وتی: ئەوە شتێکە کە هاوبەشین، بەو پێیەی من و سکالۆنی لەسەر زۆر چەمک هاوڕاین و لەو ڕووەوە لێکچوونێکی گەورە لە نێوانماندا هەیە.
لە بارەی ڕاگرتنی مێسی، وتی: ئەو كاتەی راهێنەری لاوانی سڤیلیە بووم مێسیم دەناسی، پێشتر چاودێریی مان توو مانمان لەسەر مێسی كردووە و سەركەوتوو نەبووە، بۆیە ئەوە دووبارە ناكەینەوە، من و سكالۆنی دوو ڕاهێنەری ڕكەبەرین و ڕێزی یەكتر زۆر دەگرین. ڕووبەڕووبوونەوەكەشمان شانازییەكی گەورەیە بۆ من.
سكالۆنی: دی لافۆینتی بیرۆكەكانی من لەسەر تۆپی پێ نازانێ
لیۆنێل سكالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، گەیشتنیان بە یاریی كۆتایی بە دەستكەوتێكی گەورە دەزانێ و دەڵێ تەنیا چەند هەڵبژاردەیەك لە مێژوودا ئەم كارەیان كردووە.
سكالۆنی لە كۆنگرەیەكی رۆژنانەوانیدا، لە بارەی لە یەكترئامێزگرتنیان لەگەڵ لا فۆینتی، ڕایگەیاند: ئەوەی لەوێ وتوومە نایڵێمەوە، چونكە ئێمە لە دۆخێكی تایبەتدا بووین، سەرەڕای ئەو كەشوهەوا و دۆخە.
لە بارەی ئەو شتەی كە لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا ترسی لێی هەیە: دەرچوونیان لە هۆتێل قەلەقم دەكات، ئیسپانیا تیپێكی گەورە و هەڵبژاردەیەكی بەهێزە، بە دۆخ و قۆناغێكی باشدا لەگەڵ لویس دی لافۆینتیدا تێپەڕیون.
لە بارەی ئەوەی مێسی وتی بردنەوەیان لە ئینگلتەرا، مێژووییەكی بێخەوشە، وتی: مێسی خۆی مێژوویەكی بێخەوشە، ئەو مێژوو و ئەفسانەیە، گەیشتنە یاریی كۆتایی بە تەمەنی 39 ساڵی، كارێكی گەورە و ناوازە و باوەڕپێنەكراوە.
دەشڵێ: هەرچەندە خەڵكێكی زۆر دەیانگوت مێسی ئەو كارە دەكات، بەڵام كردنی سەخت و دژوار بوو.
لە بارەی یاریكردنیان بەرانبەر ئیسپانیا، ڕوونی كردەوە: بەڵێ ئێمە شیكردنەوەمان بۆ ئیسپانیا و پێشتریش بۆ هەموو ڕكەبەركانمان كردبوو، بە تایبەت ئەوانەی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیانمان هەبوو، ئێمە دەزانین چۆن یاری دەكەن و خاڵی لاواز و بەهێزیان دەزانین، هەوڵی ڕێگری لە جێبەجێكردنیان دەدەین.
لە بارەی ئیسپانیاوە، وتی: یاریزانەكانیان یاریی گەورەیان كردووە، لە یانەكانیشیان دیارن، فشار و سترێش لەگەڵ دەستپیكی یارییەكە كۆتایی دێت، هەردوو تیپ كە چوونە نێو یاریگە، هەوڵی باشترین ئاست دەدەن.
وتیشی: لویس وەكوو كەس دەمانسێ، بەڵام بیرۆكەكانی من لەسەر تۆپی پێ نازانێ.

