ره‌زوان قادر ڕه‌حمان
جامی جیهانی ته‌نیا پاڵه‌وانتییه‌ك نییه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ناسناوه‌كان وبوون به پاڵه‌وان، بەڵكوو ڕووداو وكۆبوونه‌وه‌یەكی گه‌وره‌یه و مێژوو وئاست وئه‌نجامی تێدا ده‌نوسریته‌وه و هه‌ندێ جار سه‌ركه‌وتوو دڵخۆش ده‌بن و زۆرجارانیش دڵته‌نگ وخه‌مباری له‌ناو ئه‌و كایه وه‌رزشییه به‌ڕێ ده‌كه‌ن.
یه‌كیك له‌و ساته ناخۆشانه كاتی ماڵئاوایی ئه‌و ئه‌ستێره به‌ته‌مه‌ن و ده‌ره‌وشاوانه‌ی ئاسمانی تۆپی پێیه كه چه‌ندین ساڵی یاریكردنیان ته‌كنیك وجووڵه‌ی جوان وسه‌رنجڕاكێشی پڕ له چێژ و خۆشیی به هانده‌ران به‌خشییه، به‌لام سروشتی ژیان و ته‌مه‌ن وایه هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك كۆتاییشی هه‌یه و ناچار ده‌بن دوای هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن، بۆ دواجار له سه‌كۆی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بووه‌ستن ونه‌توانن ئاستی راسته‌قینه‌ی جاران پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه هەڵشانی ته‌مه‌ن، تاكه بەربەستە كه چه‌ندین كات له‌گه‌ڵی له ململانیدا بوون وساڵانێكی زۆر له سه‌وزایی یاریگەكان ده‌رده‌كه‌وتن، كه‌چی له دواساته‌كان پیشانمان ده‌ده‌ن كه مرۆڤ هه‌رچه‌ند هه‌وڵ بدا و تێكۆشان بكا له پێناو خه‌ون وخولیاكانیدا و سه‌ركردایه‌تی هەڵبژارده بۆ ئاست وئه‌نجام وده‌ستكه‌وت، به‌ڵام له كۆتاییدا فرمێسكی مالئاوایی پڕ له حه‌سره‌ته‌وه له‌چاوه‌كانیان دێنه خوار، كاتێك ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یاری لێ ده‌دات، به چاوی پڕ فرمێسكه‌وه ماڵئاوایی ده‌كا له‌نێو ئاپۆڕای چه‌پڵه‌ڕێزانی هانده‌ران، كه ئه‌مه جوانترین دیمه‌نی یاریگایه، ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ری تیپی به‌رانبه‌ریش رێزیان لێ ده‌نێن، به چه‌پڵه‌لێدان بەڕێیان ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه موڵكی هه‌موو جیهانن نه‌ك وڵات و یانه‌یه‌ك، ماڵئاوایی ئه‌و ئه‌ستێره گه‌ورانه، ده‌رگا بۆ یاریزانی به‌هره‌مه‌ند و نوێ ده‌كاته‌وه، كه هه‌وڵ بدەن وكۆشش بكه‌ن له پێناو دره‌وشانه‌وه، هه‌ر له‌م مۆندیاله چه‌ندین ئه‌فسانه و ئه‌ستێره مالئاواییان كرد و دوا مۆندیالیان به فرمێسكڕشتن ته‌واو كرد، له‌وانه كریستیاتۆ رۆنالدۆ، موحەممه‌د سه‌ڵاح، مۆدریج و مێسی و چه‌ندانی تر، به‌ڵام له یاده‌وه‌ریی میلۆنان كه‌س ده‌مێننه‌وه و مێژوویه‌كی پرشنگداریان بۆ خۆیان و وڵاته‌كانیان نووسییه‌وه له مێژووی تۆپی پێدا، كه پڕه له شانازی و ده‌سكه‌وت. هه‌روه‌ها ته‌كنیك و جووڵانه‌وه‌ی جوان و سه‌دان گۆڵی سه‌رنجڕاكیش له مێژوودا به نه‌مری ده‌مێنیته‌وه و نه‌وه دوای نه‌وه شانازی پێوه ده‌كات ولێوەی فێر ده‌بێت.

