شەماڵ جەمال دیلان
لە هەولێر کۆتایی بە خولێکی تێنسی سەرمێز هات و چوار یانە بۆ خولی یانە بژاردەکانی عیڕاق سەرکەوتن.
رۆژی هەینی ڕابردوو لە شاری هەولێر، کۆمەڵیک چالاکی و خولی جۆراو جۆری وەرزشی بەڕێوە چوون ، گرنگترینیان کۆتایی خولی شیاندنی یانەکانی عێراق کە بە بەشداری 14 یانە لەسەر ئاستی عیڕاق و کوردستان بۆ تێنسی سەرمێز یارییەکانی بە سەرکەوتوویی کۆتاییان پێ هات، جیگەی باسە ئەم خولە لەلایەن یەکێتیی تێنسی سەرمێزی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی تێنسی سەرمێزی لقی هەولێر لە هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشیی ئەکاد – عەینکاوە بەڕێوە چوو.
لەم چالاکییە وەرزشییە کۆمەڵێک بەرپرسی وەرزشی لە ئاستی دەزگە وەرزشییەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئامادە بوون، کە پێک هاتبوون لە هەریەک لە (بارز حەسەن میرخان) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێر و (دکتۆر زەندی) سەرۆکی لقی هەولێری لیژنەی ئۆڵیمپیی عێراق، هەروەها چەندان وەرزشوانی تری تایبەت بەو یارییە، لە کۆتاییدا بە ڕێوڕەسمێك خەڵات و رێزلینان بەسەر سەرکەوتوواندا دابەش کرا و دەستخۆشی لە یاریزانان و یانە بەشداربووەکانیش کرا بۆ ئەو ئاستە بەرزەی لە خولەکە پێشکەشیان کردبوو .
هەر تایبەت بەو یارییە و ئەنجامەکانی دوای ململانێیەکی توند و کێبرکێ لە نێوان یانەکان، ئەنجامی ریزبەندیی کۆتایی بەو شێوەیە بوو
1- یانەی خطوت ( هێڵی ئاسمانیەکان
2- یانەی سەناعە
3- یانەی ئەکاد
4- یانەی برایەتی
ئەو یانانە توانییان پلەکانی پێشەوە بەدەست بهێنن و بە فەرمی بۆ ڕیزی یانە بژاردەكانی خولی عێراق بۆ تێنسی سەرمێز، سەركەوتن.
ئەم چالاکییه بە هەوڵ و پەیوەندییەکان و ماندووبوونی سەرپەرشتیاران لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێر بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجام درا، ئامانج تێیدا پەرەپێدان و بایەخی زیاترە بە یاریی تێنسی سەرمێز لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.

