شەماڵ جەمال دیلان
کابینەی نۆیەمی پرخزمەتگوزارییەکانی مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێکتەری وەرزش و وەرزشوانانی بێبەش نەکردووە لە پشتگیریکردن و خەڵات کردنی یانەکان و یاریزانان و تیپە بەشداربووەکان لە خولەکانی ناوخۆیی و دەرەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشت به فهرمانی سەرۆکوەزیران مهسرور بارزانی بڕیاردرا ههر یاریزان و تیپێک به نوێنهرایهتی ههرێمی كوردستان بهشداریی له پاڵهوانیهتی جیهانی و كیشوهری بكات میدالیا بهدهست بهێنێن، ئەوا رێزلێنان و خهڵاتی تایبهتییان پێشکەش دهكرێت، کە ئەوەش بۆتە جیگەی دڵخۆشیی و پاڵپشتییەکی گەورە لەو یاریزان و تیپانەی ئەنجام و دەستکەوت بە ناوی هەرێمی کورستان بەدەست هێناوە.
هەر لهم چوار چێوەیەدا رۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و برێکار و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەروەها ژمارهیهكی بهرچاوی بهرپرسانی حزبی و حکومی و وهرزشكاران لەسەر ئاستی کوردستان، گهڕی سێیهمی مەراسیم و خەڵاتکردن بۆ 130 وەرزشوانی سەرکەوتووی بەشداربوو لە خول و پاڵەوانیەتیەکانی سەر ئاستی جیهان و وڵاتانی عهرهبی و ئاسیا بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەرێم ڕێکخرابوو، لەو مەراسیمەدا ڕێز لەو وەرزشوانانه گیرا، کە لهسهر ئاستی تاك و كۆ بۆ ههردوو رهگهزی كچان و كوڕان پلەی یهكهم و دووهم و سێههمیان له پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتی و کیشوەرییەکان بەدەستهێناوە.
ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ستایشی ئەرک و ماندووبوونی وەرزشوانان، ڕاهێنەرانی كرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەرەپێدانی وەرزش و پشتگیری لە وەرزشوانان یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی حکومەت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەرکەوتنانە هاندەرێکی باشن بۆ میژووی کوردستان و نەوەی داهاتوو.
لە کۆتایشدا خەڵات و بڕوانامەی تایبەت و سوپاس و پێزانین بۆ پاڵەوان و وەرزشوانە سەرکەوتووەکان پێشکەش کرا، ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونیان گیرا.
وەرزشوانانی ئامادەبوو سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی مەسڕور بارزانیان کرد کە لەگەڵ دەست بەکاربوونی لە کابینەی نۆیەمدا پشتگیری لە سەرجەم یانە و وەرزشواناندا کردووە و هەروەها هیواییان خواست ئەو پرۆسە و مەڕاسیمە ڕێزلێنانە بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندانیک تاوەکو یاریزان یاخوت هەر تیپەک کێبرکێی لە پاڵەوانیەتیەکانی ناوەوەی عیڕاق و دەرەوە و جیهانیدا بکەن ناوی کوردستان گەشاوەتر بکەن لەسەر ئاستی وڵاتان.
لەلایەکی تریشەوە خاتوو کاژین تەها سەرپەرشتیاری تیپی فەتاتی کەرکوک کە یەکیك بوو لە خەڵاتکراوەکان تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر گوتی: سوپاسی ڕێزدار مەسروڕ بارزانی دەکەم کە هەمیشە ئێمەی وەرزشوانی لەهزردابووە و هاوکار و پاڵپشتی بەردەواممان بووە، خەڵاتکردنی 130 یاریزان و پیشتریش زیاتر لە 300 یاریزان جیگەی ستایشە، ئەو جۆرە رێزلێنان و خەڵاتانه دەبێتە هۆی تاموچیژی زیاتری وەرزشی تیپەکان و یاریزانان خۆیان ماندوو دەکەن و کێبرکێی لەسەر ئەوە دەکەن بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەدا بکەن.

