رۆژنامەی ھەولێر

هێمن هەورامی: پارتی ئامادەیە هەرچی زووترە پەرلەمان کارا بکرێتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە دوای تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، چیتر هیچ پاساوێکی سیاسی بۆ پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان نەماوە و پێویستە سەرجەم لایەنە براوەکان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆیان هەڵبگرن.

لە چوارچێوەی دیدارێکدا لەگەڵ جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و بەرترێل سنوێر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات کرایەوە. پارتی جەختی لەوە کردەوە کە سەرڕای ئەنجامدانی دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی تر، و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان، هێشتا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە، ئەمەش وەک ئاستەنگێک لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی و یاسایی هەرێمدا دەبینرێت.

پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە “هەرچی زووتر” دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ بکەنەوە و تەواوی ئەو گفتوگۆیانەی پەیوەستن بە هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلا بکرێنەوە. بە بڕوای پارتی، هەموو ئەو لایەنانەی خاوەن کورسیی پەرلەمانین، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سیاسی و یاساییدان بەرامبەر بە دەنگدەران و ناگونجێت چیتر پڕۆسەی حوکمڕانی و یاسادانان پەک بخرێت.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین هاوکێشە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و روانگەی پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی ڕوون کرایەوە. هاوکات، پێزانینی زۆر ئاراستەی باڵیۆزی هۆڵەندا کرا بۆ ئەو ڕۆڵە دیپلۆماسییەی کە لە ساڵی 2016 وەک کونسوڵ لە هەولێر و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا وەک باڵیۆز لە بەغدا گێڕاویەتی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی هۆڵەندا لە بوارە جیاوازەکاندا.