دەشتی ئیسماعیل – هەولێر
بەبۆنەی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتمانیی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک کۆمار ئیمانوێل ماکرۆن و تەواوی گەلی فەڕەنسا کرد. سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان لەم یادە مێژووییەدا، هاوشانی فەڕەنسییەکان بەها بەرزەکانی ئازادی، یەکسانی، برایەتی و دیموکراسی بەرز ڕادەگرێت.
نێچیرڤان بارزانی پێگەی فەڕەنسای بەرز نرخاند و بە دۆستێکی دڵسۆز و هاوبەشێکی جێگەی متمانەی هەرێمی کوردستان وەسفی کرد. هاوکات سوپاسگوزاریی قووڵی هەرێمی کوردستانی بۆ پاریس دەربڕی کە لە سەختترین قۆناغەکاندا هەمیشە پشتیوانێکی ڕاستگۆ بووە و پابەند بووە بە چەسپاندنی ئاشتی، سەقامگیری و پاراستنی بەها هاوبەشەکان.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئومێدی خواست کە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، لە داهاتوودا زیاتر پەرەبسێنن و هەنگاوی گەورەتر بەخۆیانەوە ببینن.

