بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەرپرسانی دیكەی و پزیشکان، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەندروستی، لە هەولێری پایتەخت کارەکانی “یەکەمین كۆنفرانسی زانستیی تایبەت بە نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێن و شەکرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەم کۆنفرانسە کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لەلایەن کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی شەکرەی کوردستان و سەنتەری فێرکاری گالیاوە بۆ شەکرە و کوێرەڕژێنەکان ڕێکخراوە، تێیدا چەندین دانیشتن و وۆرکشۆپ بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و بابەتی گرنگی زانستی بە بەشداریی بەرفراوانی پزیشکانی پسپۆڕ، توێژەران و زانایانی بواری هۆرمۆن و شەکرە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشكەش دەكرێت و تاوتێی نوێترین دۆزینەوە زانستییەکان لە جیهاندا دەكرێت سەبارەت بە تێکچوونی هۆرمۆنەکان و چالاکی کوێرەڕژێنەکان کە بەرپرسن لە گەشە و هاوسەنگی لەش.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگای هەولێر، لەوتارێکدا، وێڕای دەستخۆشی لە ڕیكخەران و سەرپەرشتیارانی كۆنفرانسەكە، پاڵپشتی تەواوی پاریزگای هەولێری بۆ ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە دووپات كردەوە، کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی هەولێری پایتەخت و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی بە هاووڵاتیان.

