عەمەر ئەرگوشی
هیچ دڵخۆشییەک لەوە گەورەتر نییە، کە مرۆڤ بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی خۆی و گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینێت و دەستکەوتێکی نوێ بخاتە سەر خەرمانی کارە نیشتمانییەکانی گەلەکەی کە شایستەی سەربەرزییە. کاتێک نێچیرڤان بارزانی لە تەمەنی گەنجیدا و لە ڕیزی پێشمەرگەدا، لەگەڵ خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی دەستی بە خزمەتکردنی خاک و نیشتمان کرد، ئامانجی سەرەکی بەشداریکردن بوو لە تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. چالاکییە بەردەوامە سیاسی، دیپلۆماسی، مرۆیی و ئاوەدانکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ چاودێرانی دۆخی کوردستان و ناوچەکە ڕوون و ئاشکران. پێدانی ئەم میدالیای ڕێزلێنانە لە لایەن کۆماری ئیتالیاوە، پێزانینێکی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ هەوڵەکانی؛ گەلی کوردستان بایەخ بەم هەڵوێستەی سەرۆک سێرجیۆ ماتارێلا دەدات کە لە ڕێگەی ئەم ڕێزلێنانەوە، تیشکی خستە سەر پێگەی گرنگی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی کاریگەر لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان. ئەم میدالیایە، دەستخۆشی و پێزانینێکی شایستەیە بۆ ئەو ڕۆڵە کارایەی لە مەیدانی سیاسەت و دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا لە کاتە هەستیارەکاندا گێڕاویەتی. بێگومان ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوون لە کاروانی خزمەت و تێکۆشان لە پێناو ئەو ئامانجە باڵایانەی کە گەلی کوردستان و شەهیدانمان قوربانییان لە پێناودا داوە. نێچیرڤان بارزانی بەهۆی لێهاتوویی و دیپلۆماسییەتی هاوسەنگەوە، توانیویەتی کاروچالاکییەکانی لە سنوورە ناوخۆیییەکان تێپەڕێنێت و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەک کارەکتەرێکی سیاسیی دیار و خاوەن پێگە بناسرێت، کە مێژووی سیاسیی ناوچەکە بە بایەخەوە لە هەوڵەکانی دەڕوانێت. لەو دۆخە هەستیارەی ئێستادا، عێراق و ناوچەکە پێویستیان بەو دیدگا مامناوەند و واقیعبینانەیەیە کە نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی دەکات، تاوەکو لە ڕێگەی بەهێزکردنی دیالۆگ و ئاشتیخوازییەوە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی دەرچەی گونجاو بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی گەلانی ناوچەکە بوونەتەوە. بۆ گەلی کوردستان جێگەی بایەخە کە خەبات و ماندووبوونی سەرکردەکانی لەسەر ئاستی وڵاتانی گرنگی وەک ئیتالیا جێی پێزانین بێت، ئەمەش هاندەرە بۆ ئەوەی لایەنە عێراقییەکانیش سوود لەم ئەزموون و حیکمەتە سیاسییە وەربگرن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان. ئامادەیی و بەشداریی چالاکانەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، نیشانەی ئەو پێگە بەهێزەیە کە هەرێمی کوردستان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستی هێناوە؛ ئەمەش بەرهەمی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی عاقڵانی و هاوسەنگە کە لەسەر بنەمای ڕێنمایی و دیدگای سەرۆک مەسعود بارزانی پەرەی پێدراوە و شایستەی هەموو پێزانین و ڕێزلێنانێکە.

