یاسین قادر بەرزنجی
رەوانشاد عەلی شێخ لەتیفی عەللاف، یەک لەو هونەرمەندانەیە کە پانتاییەکی گەورەی لە هونەری شێوەکاریی کوردیدا بۆ خۆی داگیر کردووەو ناوێکی درەوشاوەیە لە نێو شێوەکارانی کورددا.
مامۆستا عەلی لەتیف لە پاڵ هونەرمەندیدا، لە تەمەنی گەنجییەوە وەرزشکارێکی دیار بووە لە شارەکەیدا و یەکێک بووە لە یاریکەرانی تیپی هەڵبژاردەی سلێمانی و لە هەردوو یاریی فوتبۆڵ و باسکەدا هەڵکەوتوو بووە.
ساڵی ١٩٦٤ یەکەم پێشانگای لە سلێمانی کردووەتەوە و ساڵی حەفتا بەشداریی لە پێشانگایەکی گەنجانی ئەڵمانیای خۆرئاوادا کردووە، لە ساڵانی نێوان ١٩٧٢ تا ١٩٩٤ چەندین پیشانگای کردووەتەوەو بەشداریی لە چەندین پیشانگای هاوبەشدا کردووە.
هونەرمەند بەختیار سەعید لێپرسراوی ناوەندی حەوت ڕەنگە، کە بەردەوام لە خەمی شێوەکارانی کورددایە، لە پێشانگایەکدا کە تایبەت بۆ تابلۆکانی کاک عەلی کردبووەوە، سەبارەت بەم هونەرمەندە وتوویەتی:” مامۆستا یەکێکە لە شێوەکارە تایبەتەکانی شاری سلێمانی، لە حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوودا، کە بە قۆناغی گەشەی هونەریی کوردستان دادەنرێت، ئامادەبوونی بەرچاوی هەبووە، زیاتر بە رەنگەکانی سوورو شین تابلۆکانی نەخشاندووە و ئەو دوو ڕەنگە بوونەتە (ناسنامەی تابلۆکانی).
هونەرمەند عەلی لەتیف زیاتر بە شێوازی ڕیالیزم کاری کردووەو لە ڕووی ماتریاڵ و بابەتەوە تایبەتمەندیی خۆی هەبووەو کارەکانی بە زەیتی و ئەکریلیک کردووە.
گەر سەرنج بدەینە بەرهەمەکانی، دەبینین فۆرمی ژن لە زۆربەی تابلۆکانیدا هەن، ژن وەک دایک و خۆشەویست و نیشتمان.
پڕۆفیسۆر دکتۆر زاهیر لەتیف کە برای هونەرمەندەو بەردەوام دیالۆژ سەبارەت تێڕوانینی هونەری و ئەدەبی و فەلسەفیی لە نێوانیاندا هەبووە، دەڵێت : ” هونەرمەند بە نێو کێشە گەورەکاندا گوزەری کردووە، هەر تابلۆیەکی جۆرێکە لە ئازار، ئازاری خاک و نیشتمان و ئازادی، توانیویەتی کارلێک لە نێوان هونەرو ئایدیاو مەسەلەکاندا درووست بکات”.
کاک عەلی لە تەمەنی دوورودرێژی هونەریی خۆیدا، تابلۆکانی لە گەلێک شا رو وڵاتدا نمایش کراون، لەوانەش:
سلێمانی وهەولێر و بەغدا و سەقزو ئیتالیاو پۆڵەنداو تورکیا و ڕۆمانیا و ئەڵمانیا .
ساڵی ١٩٩٤ چووەتە ئەڵمانیاو تا وەفاتی لەوێ ژیاوەو سەبارەت پیشانگاکانی ئەوێی گەڵێک ڕەخنەگری هونەری و ڕۆژنامەنووس و شاعیر وتاریان نووسیوە.
یادت بەخێر هونەرمەندە گەورەکەی کوردستان، مامۆستا عەلی لەتیفی خۆشەویست و نەمر، هەمیشە یادت بەخێر.

