دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ 9ـی تەمووز، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بەبۆنەی پێبەخشینی بەرزترین میدالیای ڕێزلێنانی سڤیلی کۆماری ئیتاڵیا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەخشینی ئەم خەڵاتە بەرزە نێودەوڵەتییە، نیشانەی پێگە و کاریگەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم دەستکەوتە دیپلۆماسییە بەرهەمی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێزیانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان و پاراستنی بەها مرۆییەکان.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە: ئەم ڕێزلێنانە ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵە کارایەی سەرۆکی هەرێم دەیگێڕێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
مەکتەبی سیاسیی پارتی وێڕای دەربڕینی گەرمترین پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان خواستووە لە پێناو پاراستنی ئەزموونی هەرێم و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر.

