رۆژنامەی ھەولێر

چۆن کاری قورسی ناوماڵ و منداڵبوون دەبنە هۆی هاتنەخوارەوەی پزدان و میزڵدان؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هاتنەخوارەوەی پزدان (ڕەحم) و میزڵدان، کە زۆرجار کێشەی نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی میزی بەدوادا دێت، یەکێکە لە گرفتە تەندروستییە هەرە باو و نادیارەکانی نێو ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە، بەشێکی زۆری ئافرەتان لە ڕوونکردنەوەی ئەم کێشەیە یان سەردانیکردنی پزیشک شەرم دەکەن، ئەمەش وادەکات گرفتەکە قۆناغ بە قۆناغ ئاڵۆزتر بێت.

د. بنار ئەحمەد دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵبوون، ڕوونکردنەوەی ورد لەسەر هۆکارەکان و شێوازەکانی چارەسەر دەدات و دەڵێت: “ڕێژەیەکی یەکجار زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی نۆرینگەکەمان دەکەن، بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن.” ئەو پزیشکە داوا لە ئافرەتان دەکات کە لە پێناو تەندروستیی خۆیاندا شەرم تێپەڕێنن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا، یەکسەر سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنەخوارەوەی پزدان و میزڵدان
دکتۆرە بنار ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکان فرەچەشنن، بەڵام بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە شێوازی ژیان و قۆناغەکانی دایکایەتییەوە:
• دووگیانی و منداڵبوونی دووبارە: ئەم حاڵەتە زیاتر لەو ئافرەتانەدا باوە کە دوو منداڵ یان زیاتریان بووە، چونکە ماسولکەکانی حەوز شل دەبنەوە.
• منداڵبوونی قورس و زەحمەت: هەندێک جار ئافرەتەکە تەنیا یەک منداڵی بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەیوە منداڵبوونەکە زۆر زەحمەت و درێژخایەن بووە، بە تێپەڕینی کات تووشی هاتنەخوارەوەی پزدان و میزڵدان دەبێت.
• کاری قورسی ناوماڵ: بەشێکی زۆری ئافرەتانی ئێمە بەردەوام کاتی خۆیان بە کاتی ناوماڵ و پاککردنەوەوە بەسەر دەبەن، بە تایبەت هەڵگرتنی کەلوپەلی قورس و خۆنەپاراستن لە ماندووبوونی لەڕادەبەر، کە زەختێکی زۆر دەخاتە سەر ماسولکەکانی ژێر سک.
• ئەنجامندانی وەرزش: نەبوونی کلتووری وەرزشکردن و لاوازیی ماسولکەکانی جەستە، هۆکارێکی تری پاڵنەرە بۆ تێکچوونی ڕاگرتنی ئەندامەکانی ناو حەوز.

نیشانە ناڕەحەت کەرەکانی نەخۆشییەکە
ئەو ئافرەتانەی تووشی ئەم کێشەیە دەبن، تەنیا بەدەست یەک نیشانەوە ناناڵێنن، بەڵکو کۆمەڵێک ئازاری جەستەیی هاوشێوەیان هەیە، وەک:
1. ئازارێکی بەردەوام لە ناوچەی ژێر سک (ژانەسک).
2. پشت ئێشەی توند و ئازاری لاقەکان.
3. ڕانەگرتن و پێڕانەگیرانی میز (بەتایبەت لە کاتی کۆکین، پژمین، یان پێکەنیندا).
قۆناغەکانی چارەسەر؛ لە وەرزشەوە تا نەشتەرگەری
دکتۆرە بنار ئەحمەد زەیی ڕوونیدەکاتەوە کە چارەسەری ئەم نەخۆشییە بەپێی قۆناغ و ڕێژەی هاتنەخوارەوەکە دەستنیشان دەکرێت:
• قۆناغی سەرەتایی (سووک): ئەگەر هاتنەخوارەوەکە زۆر کەم بێت، تەنیا لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەندێک وەرزشی تایبەتەوە (وەک وەرزشی کیگل بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی حەوز) چارەسەر دەکرێت.
• قۆناغی مامناوەند: بۆ ئەو ئافرەتانەی کە نەخۆشییەکەیان لە پلەی دووەم یان سێیەمدایە، چارەسەرەکە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای لێزەری پزیشکییەوە دەبێت کە ماسولکەکان توند دەکاتەوە.
• قۆناغی پێشکەوتوو (نەشتەرگەری): لەم قۆناغەدا ئەنجامدانی نەشتەرگەری باشترین، بنەڕەتیترین و کاریگەرترین ڕێگایە بۆ چاکبوونەوەی تەواوەتی و گەڕانەوەی ئافرەتەکە بۆ شێوازی ژیانی سروشتی خۆی.

ڕاستکردنەوەی تێگەیشتنێکی هەڵە: “ئەمە نەشتەرگەریی جوانکاری نییە”
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دکتۆرە بنار سەرنج دەخاتە سەر تێگەیشتنێکی چەوت لە ناو بەشێک لە هاووڵاتییاندا و دەڵێت:
“زۆرێک لە ئافرەتان وا بیردەکەنەوە کە نەشتەرگەریی چاککردنەوەی دامێن تەنیا پڕۆسەیەکی جوانکارییە، بۆیە لێی دووردەکەونەوە یان بە شەرمەوە سەیری دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نەشتەرگەرییەکی تەواو پزیشکی و چارەسەرییە، چونکە ئافرەتەکە لە ئازاری پشت، ژانەسک و کێشەی گەورەی میز ڕزگار دەکات.”