مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یانەی هەولێر، دوای ماوەیەك لە كۆتاییهاتنی وەرزی تۆپی پێی خولی ئەستێرەكانی عێراق و رۆیشتنی راهێنەرەكەی و چەند یاریزانێكی گرنگی یانەكە، سەرلەنوێ یانەكە هەوڵی خۆڕێكخستنەوە و تۆكمەكردنی ڕیزەكانی دەست پێ كرد.
یانەی هەولێر هەر لە سەرەتاوە ویستی پارێزگاری لە یاریزانە ئەستێرەكانی بكا و راهێنەرەكەشی بهێڵێتەوە، بەڵام دۆخەكە یارمەتیدەری نەبوو لەو كارەدا، بە هەندێ هۆكار بە تایبەت كە نرخی راهێنەر و یاریزانان لە خولەكە بەرز بووەتەوە، هەرچەندە دانوستانی لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەر كرد، بەڵام ئاكامی نەبوو، دواتر ویستی راهێنەرێكی دیكە بهێنێتە ریزەكانی بۆ ئەو مەبەستە دانوستانی لەگەڵ یەحیا گوڵمحەمەدییش كرد، سەری نەگرت. بۆیە لەگەڵ لوئەی سەڵاح، ئەستێرەی پێشووتری یانەكە گەیشتە ڕێككەوتن و هێنایە ریزەكانی.
یانەی هەولێر دوای ئەوەی لوئەی سەڵاحی وەكوو راهێنەر دەستنیشان كرد، هەنگاوی دووەمی گرێبەستی یاریزانان بوو، بەشێك لە گرێبەستەكانی نوێ كردەوە و یاریزانی نوێشی بردە ریزەكانی.
هومام تاریق، یاریزانی هێڵی بەرگری، یەكێك بوو لەو یاریزانانەی وەرزی ڕابردوو، ئاستێكی باشی پێشكەش كرد. بۆیە یانەكە گرێبەستەكەی لەگەڵدا نوێ كردەوە.
یاریزانێكی دیكە كە یانەی هەولێر پارێزگاریی لێی كرد، سەفین مەنسوور، ناسراو بە سەفین پاتۆ بوو، یانەی هەولێر مانەوەی ئەو یاریزانەیشی لە ریزەكانیدا ڕاگەیاند.
ئاكۆ عوزێر، یەكێك لە ئەستێرە باڵاكانی یانەی هەولێر، سەرەڕای هەوڵی زۆر یانەی عێراق، بەڵام هەولێری بە هیچ كام لەو یانانە نەگۆڕییەوە و لە ریزەكانی ئیمپراتۆدا مایەوە.
نیاز محەمەد، یاریزانی هێڵی بەرگریی یانەكەش، مانەوەی لەو یانەیە ڕاگەیاند.
یانەی هەولێر، نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزان عەلا رەعدیشی ڕاگەیاند.
یانەی هەولێر وێڕای نوێكردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێك، هەوڵەكانی بۆ دەستخستنی یاریزانی نوێش دەست پێكردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، پەیجی فەرمیی یانەكە، باسی لەوە كردووە، بە فەرمی یاریزانی دڵی بەرگری بەرازیلی “پێدرۆ هێنریکی” بۆندی لەگەل ئیمپڕاتۆر واژۆ کرد.
ئەو یاریزانە تەمەنی 24 ساڵە و لە 31 كانوونی دووەمی 2001 لە دایك بووە، بەڵام 188 سانتیمە و لە دڵی بەرگری یاری دەكات و بە پێی ڕاست یاری دەكات.
هاوكات یانەی هەولێر، رایگەیاند: یاریزانی هێلای بەرگریی هەڵبژاردەی لیتوانیا “سیگیتاس ئۆلبێرکیس” واژۆی لەسەر گرێبەستی ئیمپڕاتۆر بۆ وەرزی “2026-2027” كردووە. ئەو یاریزانە لەدایکبووی 1997ـە و باڵای 1.92 مەترە و لە بەرگریی ناوەڕاست یاری دەكات.
هەروەها یانەی هەولێر، بە فەرمی ڕایگەیاند كە یاریزانی هێڵی بەرگری “شوبەر عەلی “ی بردووەتە ریزەكانی و گرێبەستیان لەگەڵیدا واژۆ كردووە.
وێڕای ئەو گرێبەستەش، یانەی هەولێر رایگەیاند: محەممەد خالید کوفی، بۆ وەرزی داهاتوو درێسی ئیمپڕاتۆر دەپۆشێت.

